فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

گیانلەدەستدانی بەندکراوێک بەهۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی لە زاهیدان
دوشەممە ۰۳-۰۲-۱۴۰۳   |  22-04-2024

بەندکراوێک بەهۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی و دواخستنی گواستنەوەی بەمەبەستی چارەسەری پزیشکی گیانی لەدەستدا.
ڕۆژی یەکشەممە ٢ی گوڵان، قادر گۆرگیج، تەمەن ٥٢ ساڵ و خەڵکی زاهیدان، دوای دوو ساڵ و شەش مانگ و ٢٢ ڕۆژ بەندکران لە زیندانی ناوەندیی ئەو شارە، بەهۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی و دواخستنی گواستنەوەی ناوبراو بۆ ناوەندە دەرمانییەکان بەمەبەستی چارەسەری پزیشکی لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە گیانی لەدەستدا.
ئەو بەندکراوە ڕۆژی یەکشەممە لەحاڵێکدا کە بارودۆخی تەندروستی ناجێگیر بووە بۆ بنکەی تەندروستی زیندان و دواتر بۆ نەخۆشخانەی تەئمینی ئیجتماعی زاهیدان گواستراوەتەوە و لەو نەخۆشخانەیەدا گیانی لەدەستداوە.
بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەو بەندکراوە سەرەڕای بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی و نەخۆشی بنەڕەتیی دڵ و پەستانی خوێن، داواکاریی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان، لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە ڕەت کرابووەوە.
ئەو هاووڵاتییە لە ڕێکەوتی ١٠ی ڕەزبەری ۱۴۰۰، لە ڕەوتی هێرشی هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم بۆ سەر ماڵەکەی و بەبێ هیچ هۆکارێک دەستبەسەر کرابوو و لەو ماوەیەدا لە زیندانی ناوەندیی زاهیدان بەسەری دەبرد و چارەنووسی نادیار بوو.