بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە کوی ٦ ملوێن کرێکاری عێراقی، نزیکەی ٤٠٠ هەزار کەسیان دەستەبەر کراون و یەکێتیی نێودەوڵەتی سەندیکاکانی عێراقیش لەمبارەوە دەڵێن: وڵاتی عێراق یەکێک لەو وڵاتانەیە کە زۆرترین مافی کرێکارن تێدا پێشێل دەکرێت.
لەدرێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووە، مافی کرێکارانی عێراق، لەنێوان بەرداشی مەینەتی ژیان و داهاتوویەکی نادیاردایە. سەرەڕای بەزەحمەت دەستکەوتنی کار، زۆریی کاتی کارکردن و کەمیی داهاتی ڕۆژانە، نەبوونی دەستەبەری کار و گەرەنتیی پاراستنی گیان و داهاتوویان، هەڕەشەیەکی دیکەیە بۆ سەر ژیان و بژێوی کرێکارە عێراقییەکان. لە عێراق زیاتر لە ١٠ ملیۆن کەس هەن لە تەمەنی کارکردندان، لەوانە چوار ملوێنیان فەرمانبەر و شەش ملوێنیان کرێکارن. لەنێو ئەو ٦ ملوێن کرێکارەدا، تەنیا نزیکەی ٤٠٠ هەزاریان لەلایەن حکوومەتەوە دەستەبەر کراون، واتە زیاتر لە سەدا ٩٤ی ئەو کرێکارانە بێ دەستەبەرن و داهاتوویەکی نادیار چاوەڕوانیان دەکات. بە گوێرەی دوایین ڕاپۆرتی ساڵانەی یەكێتیی نێودەوڵەتیی سەندیکاکانی کرێکاران، لە کۆی ١٤٠ وڵاتی جیهان، عێراق لە پلەی سێیەم خراپترینەکاندایە و یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین مافی کرێکارانی تێدا پێشێل دەکرێت.