فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

دەستبەسەر کرانی پێنج هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی شنۆ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم
هەینی ۱۴-۰۲-۱۴۰۳   |  03-05-2024

ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی گوڵان، پێنج هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی شنۆ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ناسناوی ئەم پێنج هاووڵاتییە “فەخرەدین مودەڕسی” خەڵکی ئاوایی دێ شمەس، “ئومیدرەشید پاک” خەڵکی ئاوایی ئاڵیاوا، “رەحیم رەفعەتی”، “حەسەن رەسوڵی” و “مەولود روستا” هەرسێ خەڵکی ئاوایی حەسەن نورانی سەر بە شاری شنۆ ڕاگەیەندراوە. جێگای ئاماژەیە، هەتا کاتی بڵاو کردنەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیاریەک سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەر کران و شوێنی ڕاگیرانی ئەم هاووڵاتییانە لەبەردەستدا نییە. لە لایەکی دیکەوە، سەرلەبەیانیی هەمان ڕۆژ، هاوڵاتییەک بە ناوی “سەلاح قازی” خەڵکی گوندی گوندەوێڵە سەر بە شاری شنۆ لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بە بەکارهێنانی توندووتیژی دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە. هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی گوڵان، “یووسف حاجی خۆش” ئەندامی شۆرای ناوەندی و لێژنەی بەڕێوەبەریی بەرەی یەکگرتووی کورد و خەڵکی گوندی کۆنە قەڵا سەر بە شاری شنۆ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا. هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە هۆکاری دەستبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم دوو هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.