فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ژانی هاوبەش پێویستی بە هاواری هاوبەشی سەر شەقامەکان هەیە
پێنجشەممە ۲۱-۱۱-۱۴۰۰   |  10-02-2022

پێویستی پشتیوانی لە کۆبوونەوەی سەرتاسەریی خانەنشینکراوان لە ٢٤ی ڕێبەندان

٢٩ ڕێکخراوی سەربەخۆی خانەنشینکراوان بە بڵاوکردنەوەی بانگهێتشتێکی هاوبەش داوایان لە خانەنشینکراونی سەرتاسەری ئێران کرد کە لە کۆبوونەوەی سەرانسەریی ٢٤ی مانگی ڕێبەندان لە ناڕەزایەتی بە وەدی نەهاتنی خواستەکانیان بەشداری بکەن. ڕێکخراوی سەربەخۆی خانەنشینکراوان لەم بانگهێشتەدا وێڕای تەئکید لەسەر پێبەندبوونیان بە خەبات و دەستکەوتی یەکشەممەکانی ناڕەزایەتی، ٧ خواستی خۆیان هێناوەتە گۆڕێ و ڕایانگەیاندووە کە هەتا گەیشتن بە خواستە ڕەواکانیان لە ناڕەزایەتی و کۆبوونەوە دەست هەڵناگرن. لە بەشێک لەم بانگهێشتەدا هاتووە:

“ژانی هاوبەش پێویستی بە هاواری هاوبەشە

ئیتر چاوەڕوانی چیین، گوشار و بێبەشیمان لەوەش زیاتر هەیە؟؟؟ جێگای شەرمە، دەورانی خانەنشینی پاش سی ساڵ کار و زەحمەت، دەبێت کاتی ئۆقرە گرتن و ئاسایش و دوور کەوتنەوە لە نیگەرانی بێت!!! بەڵام دەوڵەت و مەجلیس بە گەڵاڵە و پەسندکراوە ڕەنگاوڕەنگەکانیان، بۆ قازانجی ژمارەیەکی تایبەت، لە ماوەی چوار دیەی ڕابردوودا، سفرەی ئێمە خانەنشینکراوانیان ڕۆژ بە ڕۆژ چکۆلەتر کردووەتەوە و گرانی و تەورۆمی سەرسووڕهێنەر، زۆرێک لە پێداویستییە زەروورییەکانی لە سەر سفرەکانمان نەهێشتووە و دەوا و دەرمان و باقیی پێداویستییەکانی دیکەش کە هیچ!!!”

ڕێکخراوی خانەنشینکراوان لە بەشێکی دیکە لە بانگهێشتەکەیاندا ڕایانگەیاندووە کە: “یەکشەممە دێین تا قورس و قایم و یەکگرتوو داخوازییەکانمان هاوار بکەین”. ئەم ڕێکخراوە ٧ خواستی خانەنشینکراوانی هێناوەتە گۆڕێ کە  بریتین لە:

-بەکردەوەدەرهێنانی کامڵی هاوسانسازی

-جێژنانەی دوو بەرابەری حقووق

-دیاریکردنی حقووق بەپێی هەزینە واقعییەکانی بنەماڵە و بردنەسەرەوەی بەپێی نرخی واقعیی تەوەرۆم

-بەڕێوەبردنی ماددەی ١١١(حقووقی کەمئەندامان، نابێ لە لانیکەمی حەقدەستی کرێکارێک کەمتر بێت).

-بیمەی تەواو  و کارامە  بەپێی ماددەی ٥٤ی یاسای تەئمینی ئیجتماعی

-دانەوە قەرزی ٤٠٠ هەزار ملیارد تمەنیی دەوڵەت بە سندووقی تەئمینی ئیجتماعی

-ئازادیی دەستبەجێ و بێ شەرت و مەرجی ئیسماعیل گرامی

٢٩ ڕێکخراوی سەربەخۆی خانەنشینکراوان لە کۆتایی بانگهێشتەکەی خۆیاندا کاتژمێر ١٠ و ٣٠ خولەکی ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی مانگی ڕێبەندانیان وەک کاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی سەرتاسەری ڕاگەیاندووە و داوایان لە خانەنشینکراوان کردووە کە لە تاران: لە بەرامبەر مەجلیس و لە شارستانەکان لە بەرامبەر ئیداراتی گشتیی تەئمینی ئیجتماعی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەرپا بکەن.

خانەنشینکراوان ئەگەر لە مانگەکانی کۆتایی ساڵی ڕابردوودا هەر دوو حەفتە جارێک بۆ هاوار کردنی خواستەکانیان دەهاتنە سەر شەقامەکان، لە خاکەلێوەی ئەمساڵدا بەشێوەی بەردەوام درێژەیان بە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی دا. ئەوان لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی پێشوویان ڕایانگەیاندبوو: “تا کاتێک کە مافەکانمان وەرنەگرین، کۆتا نایەین” و لەو جێگەوە کە “گوێی کاربەدەستان کەڕ و چاویان کوێرە” ناڕەزایەتییەکان هەتا ئێستا هەروا درێژەیان هەیە. خانەنشینکراوان لەم کۆبوونەوانەدا زۆر جار کەوتنە بەر پەلاماری هێزە سەرکوتگەرەکان و دەستبەسەرکران. لە سەرەتاکانی ئەمساڵدا  و درووست بەر لە بەڕێوەچوونی یەکێک لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی خانەنشینکراوان “ئیسماعیل گرامی” لە چالاکانی خانەنشینکراوان دەستبەسەرکرا و هێستاش هەروا لە زیندان دایە. بەڵام بەپێچەوانەی گوشار و سەرکوت و بەربەستەکانی کۆرۆنا، خانەنشیکراوان لە ئاستێکی بەریندا لەم ناڕەزایەتییانەدا بەشدارییان کردووە و هەموو جارێ بە داهێنان و درووشمی نوێوە هاتوونەتە سەر شەقامەکان.  خانەنشینان لە ناڕەزایەتییەکانیاندا چەندین درووشمیان بەردەوام وتووەتەوە کە بریتین لە: “دەستی ئێمە خاڵییە، وەزعی ئێوە عالییە”، “کاری خسووسی سازان، دزییە و تاڵان”، “یەکسانکردنی پیشەکان، مافی ڕەوای ئێمەیە”، “حقووقەکانمان چیی لێهات، چووە گیرفانی دزەکان”،”مەعیشەت، مەنزەلەت، مافی ڕەوای ئێمەیە”، “وڵاتی ئێمە لەسەر گەنجە، خانەنشین نوقمی ڕەنجە”، خانەنشینان وشیارن لە هەڵاواردن بێزارن”، تەنیا لەسەر شەقامەکان، وەدی دێن مافەکان”، “درووشمی ئێمە ئالەم زەمانە، مەعیشەت و دەرمانە”.

لەبەرامبەر ناڕەزایەتیی بەردەوامی خانەنشینکراواندا کاربەدەستانی ڕژیمیش بەشێوەی بەردەوام دەستیان  داوەتە فریوکاری و دانی وادە و بەڵێنی درۆیین. لەلایەکی دیکەوە بەناو نوێنەرانی خەڵک لە مەجلیسی ڕژیم لە پێداچوونەوەی کۆتایی بە گەڵاڵەی ساڵی ١٤٠٠، دیارییان کرد کە ٨٩ هەزار میلیارد تمەن لە قەرزی ٣٥٠ هەزار میلیاردی دەوڵەت دەبێ بدرێت بە سازمانی تەئمینی ئیجتماعی. هەروەها ئاماژەیان بە پێویستی یەکسان کردنی قۆناغی دووهەمی کاری خانەنشین کراوانی تەئمینی ئیجتماعی و دانی حەقدەستی دادپەروەرانە بە خانەنشین کراون کردووە. بەڵام ئەم فریوکاری و بەڵێنە پڕوپووچانە زۆری نەخایاند، بەجۆرێک کە هەواڵنێریی “ئیلنا”ی سەر بەڕژیم ناچار بوو دان بەوە دانێ و بنووسێ: “چەندین مانگ چاەوڕوانی، پرۆڤە کردن و بەڕێوەچوونی یەک لە دوای یەکی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان” دیسان بێ ئاکام مایەوە و خانەنشین کراوان سەرەڕای ئەم ڕادەیە لە نەدرانی حقووقەکانیان، نەیان توانی بە سەرەکی ترین مافی خۆیان بگەن.

ئەوەیکە خانەنشین کراوان سەرەڕای خەباتی چڕوپڕیان کە هەتا ئێستا ئەنجامیان داوە و بەردەوامن بەڵام هێشتا بە خواستەکانیان نەگەیشتوون، دەری دەخات کە هاوسەنگییەکی هێزی چینایەتی لە کۆمەڵگادا بوونی هەیە. لێڕەش هەر ئەو مەنتیقە حوکم دەکات کە بەردەوام لە نێوان کرێکاران و سەرمایەداران لەسەر دیاری کردنی حەقدەست دژایەتی بوونی هەیە. بەهەر ڕادەیەک هاوسەنگی هێز لە کۆمەڵگا لە بەرژەوەندی چینی کرێکار بێت، بەهەمان ڕادە کرێکارانیش دەتوانن خواستەکانییان بەسەر کارفەرما و دەوڵەتدا بسەپێنن. کەوابوو ئاشکرایە کە چینی کرێکار بە مەبەستی گەیشتن بە خواستەکانی دەبێ ئەم هاوسەنگی هێزە بە قازانجی خۆی بگۆڕێت. ئاشکرایە کە تێکدانی ئەم هاوسەنگی هێزە لە ئەنجامی خەباتی ڕۆژانەی بەشە جۆاروجۆرەکانی چینی کرێکار بەدی دێت. ئامادەبوونی یەک دەست و سەرتاسەری خانەنشین کراوان لە شەقامەکان و ویست و ئێرادەی ئەوان بۆ مانەوە لە شەقامەکان، هەنگاوێکی گرینک لە ڕاستای سەپاندنی خواستەکانیانە. هەنگاوەکانی داهاتوو دەبێ بێ گومان لەڕێگەی پێکەوە گرێ دانی خەباتی بەشە جۆراوجۆرەکانی چینی کرێکار، لەڕێگەی خەباتی یەک دەست و سەرتاسەری کرێکاران و لە مەسیری پێکهێنانی ڕێکخراوە چینایەتیی و سەرتاسەرییەکانەوە تێپەڕبێت. بەم ئاڕاستەیە، پێکهێنانی هاوئاهەنگی و پێوەندی بێ مەودا و نزیک بە یەک لە نێوان ڕێبەران و هەڵسووڕاوانی ناوەندە جۆراوجۆرەکانی بزووتنەوەی کرێکاری لە گرینگییەکی تایبەت بەهرەمەندە. هەتا ئەم کاتە و بەردەوامی ناڕەزایەتیی سەرتاسەری خانەنشین کراوان و ئامادە بوونیان لە شەقامەکان و هەروەها پەرەپێدان بە ئێرادەی هاوپشتی لە ناو ڕیزی خانەنشین کراوان، نیشانەی دڵخۆشکەرە. پشتیوانی لە خواست و ناڕەزایەتیی خانەنشینکراوان بابەتی چینی کرێکار و ئەرکی هەموو مرۆڤە ئازادیخواز و مافخوازەکانە. لەئێستادا لە هەڵسووڕاوان و ڕێبەرانی خانەنشینکراوان، لە چالاکانی بزووتنەوەی مامۆستایان و بوارە جۆراوجۆرەکانی بزووتنەوەی کرێکاری چاوەڕوان دەکرێت کە بە پەیوەندی و یەکگرتوویی لە دەوری خواستی هاوبەش، بۆ مانگرتن و ناڕەزایەتیی یەکپارچە و سەرتاسەری بەستێنسازی بکەن.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv