ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی گوڵان، دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی “هێمن ئیبراهیم حەمزە”، تەمەن ٣٨ ساڵ و خەڵکی گوندی “قەرەگۆل” سەر بە شاری بۆکان و “ئیدریس حاجی ڕەسووڵپوور”، خەڵکی گوندی “ئالیکەند” سەر بەو شاوە و لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکانی کوردستان، لە ئەنجامی هەڵکوتانی هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکانیان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، دەستبەسەرکرانی ئەو دوو هاووڵاتییە لە پەیوەندی لەگەڵ بەشداریکردنیان لە ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە نەورۆز بووە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکانیان بەمەبەستی ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسیان تا ئێستا بێ ئاکام ماوەتەوە. جێگای ئاماژەیە، ئیدریس حاجی ڕەسووڵپوور، برای محەممەد حاجی ڕەسووڵپوور لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادییە. محەممەد حاجی ڕەسووڵپوور، تەمەن ٥٧ ساڵ و بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی بۆکان، لە ڕێکەوتی دووشەممە ٢٨ی سەرماوەزی ١٤٠١، دوای ٥ ڕۆژ لە کۆما بوون بەهۆی ئەشکەنجەدرانی لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکاندا لە نەخۆشخانەی “قولیپوور”ی بۆکان گیانی لەدەستدا. هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو دوو هاووڵاتییە و هەروەها شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسیان زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.