فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران: ئیبڕاهیم ڕەئیسی ئەندامی هەیئەتی مەرگ مرد! بژی خەبات بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
چوارشەممە ۰۲-۰۳-۱۴۰۳   |  22-05-2024

مەرگی ئیبڕاهیم ڕەئیسی بووەتە هۆی شادیی ئاشکرا و نهێنیی زۆربەی خەڵکی ئێران. لەو کاتەوە کە هەواڵی “نیشتنی سەخت”ی هێلیکۆپتەری ئیبڕاهیم ڕەئیسی و هاوڕێکانی بڵاوبووەوە، لە حاڵێکدا کە خامنەیی و خاتەمی و ڕووحانی و … بۆ سڵامەتی ئەو دەستیان کرد بە دوعا کردن، خەڵکی جەرگسووتاوی ئێران سات لە دوای سات چاوەڕوانی مەرگی بوون. کەم کەس هەبوون کە مەرگیان بەمجۆرە ببێتە هۆی شادی. تەنانەت ئەو چاوانەی کە بە فەرمانی ئەو کوێر کران لەو ڕۆژەدا فرمێسکی شادییان ڕژاند. ئەم شەپۆلە لە شادی بەخاتری مەرگی جەللاد بۆ جارێکی تر نیشانی دا کە پەیوەندی حکوومەتی ئیسلامی لەگەڵ کرێکاران و خەڵکی ڕەنجدیتووی ئێران ئاشتیهەڵنەگرە.

ناو و کەسایەتی ئیبڕاهیم ڕەئیسی بەر لە هەموو شتێک وەک ئەندامی هەیئەتی مەرگ و بەڕێوەبەری کوشتاری زیندانیانی سیاسی لە هاوینی ساڵی ٦٧ی هەتاوی، بۆ خەڵکی ئێران وەبیرهێنەرەوەی ئەو تاوانانەیە کە لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەم لەم گۆشەیەی جیهان لەدژی مرۆڤایەتی ئەنجام درا. لە هاوینی ساڵی ٦٧ خومەینی بە ڕاوێژ لەگەڵ خامنەیی و ڕەفسەنجانی بە ئامانجی چاوترسێن کردنی خەڵکی وەگیانهاتوو لە شەڕ و نەهامەتیی ئابووری دەستیان دایە تاوانێکی دژەئینسانی کە ئاسەوار و بەڵگەکانی سەلمێنەری ئەوپەڕی خوێنڕێژی و دڕندەیی کاربەدەستانی ڕژیمی ئیسلامییە. لەو سەردەمەدا بە فەرمانی خومەینی هەیئەتێکی تایبەت کە دواتر بە هەیئەتی مەرگ ناوبانگی دەرکرد و ئیبڕاهیم ڕەئیسی یەکێک لە ئەندامانی بوو، پێکهات. ئەم هەیئەتە بەرپرسی جێبەجێکردنی پڕۆژەی کوشتاری زیندانیانی سیاسی بوو. لەو ڕۆژانەدا ئیبڕاهیم ڕەئیسی و ئەندامانی دیکەی هەیئەتی مەرگ هەزاران زیندانییان بە ئاراستەی جۆراوجۆری سیاسی بە جووخەی مەرگ سپارد و لە گۆڕە بەکۆمەڵ و بێ ناو و نیشانەکاندا ناشتیانن. ئیبڕاهیم ڕەئیسی بەر لە ئەنجامدانی ئەم جەنایەتە دژەئینسانییە لە پۆستی دادیاری و دادستانی لە شاری مەشهەد و دواتر لە مەسجد سولەیمان، کەرەج، تاران وهەمەدان نەخشێکی چالاکی لە سەرکوتی نەیارانی سیاسی بەتایبەت هێزە چەپەکاندا هەبوو و بەهۆی ئەنجامدانی ئەم جەنایەتانە دواتر بوو بە ئەندامی شۆرای باڵای ئەمنیەتی میللی، سەرۆکی دەزگای قەزایی و دواتریش بوو بە سەرۆک کۆماری حکوومەتی ئیسلامی. ئیبڕاهیم ڕەئیسی لە پێگەی سەرۆکی دەزگای قەزاییشدا بۆ پاساوکردنی کوشتار و دەرکردنی ئەحکامی زاڵمانە لەدژی خەباتکارانی ئاخێزی سەرتاسەری مانگی خەزەڵوەری ٩٨ و دەستبەسەرکردنی چالاکانی بزووتنەوەی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان و ئێعدامی زیندانیانی سیاسی لە هیچ جەنایەتێک کۆتایی نەکرد. ئەو لە هەموو قۆناغی ناتەواوی سەرۆک کۆماریی حکوومەتی ئیسلامیشدا بە خەڵتانی خوێن کردنی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، بە کوشتنی زیاتر لە ٦٠٠ کەس لە ناڕازییان، کوێرکردنی چاوەکان، هێرشی کیمیایی بۆسەر خوێندنگاکانی کچان، بە وەڕێخستنی شەپۆلی یەک لەدوای یەکی ئێعدامی بەندکراوان، بە هێرش بۆسەر سفرەی بەتاڵی کرێکاران و بە ڕاگەیاندنی شەڕی سەرتاسەری دژبە ژنانی ئازادیخوازی ئێران، کارنامەی پڕ لە تاوانی خۆی نگریستر کرد.

ئیبڕاهیم ڕەئیسی وەکوو مۆرەیەکی ڕاهاتووی حکوومەتی ئیسلامی، لە وەڕێخستنی جنوونی مەزهەبی و تەقدیسی تەباهی، لە سەرکوتکردنی بایەخە ناسراوەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، لە دژایەتی کردن لەگەڵ ژنان و تەحقیر و بێڕێزی کردن بە مافی ئینسانییان، لە پەرەپێدانی جەهل و خورافە، لە زەوتکردنی سەرەتاییترین مافی سیاسی، تاکەکەسی و کۆمەڵایەتیی خەڵک، لە وەڕێخستنی شەڕی نیابەتی لەپێناوی هەڵکردنی ئاڵای ئیسلام و … هەرگیز کۆتایی نەکرد. هەربۆیە خەڵکی ئازادیخواز و یەکسانیخوازی ئێران بەتایبەت بنەماڵەی گیانبەختکردووان بێسەبرانە خوازیاری ئەوە بوون کە ئیبڕاهیم ڕەئیسی لە دادگایەکی عەلەنی و لەبەردەم جەماوەری خەڵکدا بە ئەنجامدانی تاوان لەدژی مرۆڤایەتی مەحکووم بکرێت و سزای تاوانەکانی وەربگرێت.

بەڵام ڕەئیسی لە ئاسمانەوە نەهاتە خوارەوە. ئەو یەکێک لە مۆرەکانی دژەشۆڕشی ئیسلامی بە ڕێبەریی خومەینی بوو کە لە جەریانی ڕاپەڕینی ساڵی ٥٧ چینی سەرمایەداری ئێران و ئەمریکا و زلهێزەکانی دیکەی سەرمایەداری ئیمپریالیستی بۆ دەربازکردنی نیزامی سەرمایەداریی ئێران خستیانە بەرەوە. لە جەریانی شۆڕشی ٥٧ کاتێک کرێکارانی سەنعەتی نەوت لە هەناردەکردنی نەوت ڕێگرییان کرد و بە داخوازیی سیاسی و چینایەتی هاتنە مەیدان، کاتێک کە مەعلووم بوو دژەشۆڕشی ڕژیمی پاشایەتی ناتوانێ بە ڕشتنی خوێن لە شەقامی ژاڵەکان ڕاپەڕینی خەڵک سەرکوت بکات، ئەو کات بورژوازیی ئێران بۆ پاراستنی نیزامی سەرمایەداری لە زەبری شۆڕش، ئاڵای سەربەخۆیی خوازیی خۆی دایە دەستی خومەینی و دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکانیش لە کۆنفڕانسی گوادلوپ کۆبوونەوە تا بە ڕادەستکردنی ئەرتەش و دەزگای سەرکوتی حازر و ئامادە بە ڕەوتی ئیسلامی، درێژەی ئەرکی سەرکوتکردن و خەڵتانی خوێن کردنی شۆڕشی پێ بسپێرن. ڕەئیسی بەرهەمی ئەم ڕەوتانە بوو و بە کارنامەی پڕ لە تاوانی بەشێک لە دەزگای حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەدارانی نوێنەرایەتی دەکرد.

خامنەیی و کادری ڕێبەریی سپای پاسداران بە ڕاگەیاندنی پێنج ڕۆژ ماتەمینی گشتی و بە هەڕەشەکردن و ترساندن دەیانهەوێ مرگی ڕەئیسی و هاوڕێکانیشی بکەنە دەرفەتێک بۆ یەکگرتوویی ڕیزە ئاڵۆزەکانی حکوومەت و بۆ چاوترسێن کردنی جەماوەر. سەرکردە دووڕووەکانی حکوومەتە سەرمایەدارەکان کارنامەی دژەئینسانی ڕەئیسی جەلادیان ئەرشیف کردووە و یەک لە دوای یەک پەیامی هاوسۆزی بۆ حکوومەتی ئیسلامی دەنێرن. بە مەرگی ڕەئیسی بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی بورژوایی کە ئاڵوگۆڕ لە سەرەوە و ڕووخاندنی نەرم و هێمنانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی یەکێک لە بنەماکانی ستراتێژییانە، بەداخەوەن کە بۆچی لەجیات ئیبڕاهیم ڕەئیسی، خامنەیی نەمردووە. تا “مەرگی ئەو لەسەر ڕەوتە سیاسییەکان کاریگەری دابنێت” و ستراتێژی ئەوان بۆ ڕووخاندنی هێمنامەی حکوومەتی ئیسلامی بباتە قۆناغێکی تازەوە. بەڵام کرێکارانی کۆمۆنیست بە هەر جۆرە ئاراستەیەکەوە، لەدژی سەبر و چاوەڕوانی و هیوادار بوون بە مەرگی خامنەیی و لەدژی ئاڵوگۆڕ لە سەرەوە خەبات دەکەن. ئەوان ڕێگە نادەن جەماوەری کرێکار و خەڵکی ئازادیخوازی ئێران بەدوای لاڕێی ئۆپۆزیسیۆنی ڕەنگاوڕەنگی بورژوازیی ئێراندا بڕۆن.

کرێکارانی هوشیار و کۆمۆنیست دەزانن کە شیشەی تەمەنی حکوومەتی ئیسلامی لەدەستی چینی کرێکاردایە. هەروەک چۆن کرێکارانی نەوت لە جەریانی شۆڕشی ٥٧ بە گرتنەوەی شێرەی نەوت بوونە هۆی ڕووخانی ڕژیمی ئیستبدادی سەڵتەنەتی، لە بارودۆخی ئێستاشدا تەنها بە مانگرتنی کرێکاری لە ناوەندە سەنعەتی و سەرەکییەکانی بەرهەمهێنان، بۆ نموونە لە ناوەندی سەنعەتیی نەوت و گاز و پێترۆشیمی، سەنعەتی فوولاد، ماشێنسازی، زەوبی ئاهەن، سەنعەتی بەرق، مەعدەن و ڕێگەی ئاسن و … بە فەرمانی وەدیهێنانی خواستی دەستبەجێی کرێکاران و خانەنشینان، ئازادیی سەرجەم زیندانیانی سیاسی، کۆتاییهێنان بە سزای ئێعدام و ڕاگرتنی دەستبەجێی هێرش بۆسەر ژنان، دەکرێ فشار بخرێتە سەر حکوومەتی ئیسلامی و ماشێنی سەرکوتی ڕابگیرێت. کرێکارانی کۆمۆنیست دەزانن کە ڕێگایەکی لابڕ بوونی نییە. مانگرتنی سەرتاسەریی کرێکاران لە ناوەندە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنان دەتوانێ هەموو بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییە پێشڕەوەکانی کۆمەڵگا هاوئاهەنگ وەحەرەکەت بخات. مانگرتنی سیاسیی جەماوەری کە مانگرتنی کرێکاری بڕبڕەی پشتیەتی، دەتوانێ ڕێزی هێزە چەکدارەکان و سپای پاسداران تێک بدات، بۆشایی و ناکۆکیی ناو ئەم هێزانە قووڵتر بکاتەوە و توانای سەرکوتیان زەمینگیر بکات و بەستێنەکانی ڕێکخستنی ڕاپەڕین و ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئامادە بکات.

بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی، بەرابەری، حکوومەتی کرێکاری

کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

٣١ی گوڵانی ١٤٠٣ی هەتاوی

٢٠ی مەی ٢٠٢٤ی زایینی