فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ئەمریکا و عەرەبستان لە قۆناغی موعامەلە لەسەر چارەنووسی فەلەستین
پێنجشەممە ۰۳-۰۳-۱۴۰۳   |  23-05-2024

دەوڵەتەکانی ئەمریکا و عەرەبستانی سعوودی بە کەڵک وەرگرتن لە شەڕی درێژخایەنی دەوڵەتی ئیسرائیل لەدژی خەڵکی فەلەستین، لە زیندووکردنەوەی گەڵاڵەیەکی ستراتێژیک نزیک بوونەتەوە کە لەگەڵ دەستپێکی شەڕ لە غەززە ڕاگیرابوو. ئەم گەڵاڵەیە مەبەستیەتی کۆتایی بە شەڕ لە غەززە بهێنێت و لە هەمان کاتدا بەرژەوەندی هاوبەشی ئەوان و ئیسرائیل بپارێزێت. دیارە لەم پلانەدا هیچ بوارێک بۆ حەماس لە پاراستنی دەسەڵات و حاکمیەت بەسەر کەرتی غەززەدا نامێنێت. جێبەجێکردنی گەڵاڵەی ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و عەرەبستان لە ناوچەکە، بەتایبەتی لە دۆخێکدا کە چین پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ عەرەبستان و وڵاتانی دیکەی ناوچەی کەنداو بە خێرایی فراوانتر دەکات، بۆ ئەمریکا لەبواری ئابوورییەوە زۆر گرینگە. لەم پێوەندییەدا، سولیڤان دانی بەوەدانا کە دەرفەتی مێژوویی بۆ بەدیهێنانی ئاسۆی ئیسرائیلێکی ئەمن شانبەشانی هاوبەشە بەهێزەکانی ناوچەیی و دروستکردنی بەرەیەکی بەهێز بۆ ڕێگریکردن لە دەستدرێژی و پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە، نابێت لەدەست بدەین. لەلایەکی دیکەوە درێژەی شەڕ و جینۆسایدی حکوومەتی ئیسرائیل لەدژی خەڵکی غەززە بە پشتیوانیی ئەمریکا، بووەتە هۆی ئەوەیکە ناڕەزایەتیی مرۆڤایەتی پێشکەوتنخواز و بەرابەری تەڵەب لە ئەمریکا و سەرتاسەری جیهان دژبە ئەمریکا پەرە بستێنێت. ئەمریکا دەیهەوێ لەڕێگەی بەڕێوەبردنی ئەم گەڵاڵەیە کە بەڕواڵەت باس لە کۆتایی شەڕیش دەکات، ئەم جۆرە فشارانە لەدژی خۆی کەم بکاتەوە. بەتایبەت ئەوەیکە بڵاوبوونەوەی هەواڵی وەها ڕێککەوتنێک لە بارودۆخێکدا کە ئەمریکا لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نزیک دەبێتەوە، بۆ دەوڵەتی بایدێن گرینگە.

لەم ڕووەوە، هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیە لەگەڵ عەرەبستان چڕتر بووەتەوە. سەفەری یەک لە دوای یەکی ئانتۆنی بلینکێن وەزیری دەرەوە، برت مەک گورک بەرپرسی بواری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی و جەیک سولیڤان ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەژێرناوی “هەوڵ بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی فەلەستین”، لەم ڕاستایەدا بووە. هەواڵنێریی ڕوویتێرز ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی مانگی گوڵان ڕایگەیاند کە: ”جەیک سولیڤان ڕۆژی شەممە لە “زەهران”ی عەرەبستان، لەگەڵ محەممەد بن سەلمان وەلیعەهدی عەرەبستان وتووێژێکی چڕوپڕی کردووە و بەدوایدا ڕۆژی یەکشەممە ڕەوانەی ئیسرائیل بووە تا لەگەڵ کاربەدەستانی ئیسرائیلیش گفتوگۆ بکات”. دەوڵەتی عەرەبستانی سعوودیش دوای ئەم دیدارە لەڕێگەی بەیاننامەیەکەوە ڕایگەیاند: ”نوسخەی نیوە نیهایی “ڕێککەوتننامە ستراتێژیکەکان” لە نێوان عەرەبستانی سعوودی و ئەمریکا ئامادە کراوە کە هەوڵی هەر دووک لا بۆ دۆزینەوەی “ڕێگایەکی متمانەبەخش و مەسیرێکی موعتەبەر بەرەو ڕێگاچارەی دوو وڵاتی لە فەلەستین لەخۆدەگرێت. لە ڕوانگەی عەرەبستانەوە ئەم ڕێککەوتنە، مافی ڕەوای خەڵکی فەلەستین وەدی دەهێنێت. لە پەیوەند لەگەڵ غەززەش ئەم بەیاننامەیە ئاماژەی بە پێویستیی دەستبەجێی ڕاگرتنی شەڕ و ئاسانکاری بۆ گەیاندنی یارمەتیی مرۆڤدۆستانە کردووە”.

قەبووڵکردنی “ڕێگاچارەی دوو وڵات” لە مەسەلەی فەلەستین کە هێستا وردەکارییەکانی ڕوون نەکراوەتەوە، لەم موعامەلەیەدا وەک ئیمتیازێک لەلایەن ئەمریکا و دەسەڵاتەکانی دیکەی سەرمایەداری بە عەرەبستانی سعوودی بە حیساب دێت. لە بەرامبەردا عەرەبستانی سعوودیش بۆ یەکەم جار لە سەردەمی دامەزراندنی ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٤٨ەوە، ڕایدەگەیەنێت کە ئیسرائیل بەڕەسمی دەناسێت. مەرجی عەرەبستانی سعوودی بۆ بەڕەسمی ناسینی دەوڵەتی ئیسرائیل هەتا ئێستا “پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین لەچوارچێوەی سنوورەکانی ساڵی ١٩٦٧ لەگەڵ ئیسرائیل و پایتەخت بوونی بەیتولموقەدەسی ڕۆژهەڵات” بووە، کە لەم گەڵاڵەیەدا ئاماژەی پێ نەکراوە. بەڵام ئەمە تەنیا ئیمتیازێک نییە کە عەرەبستان بە ئەمریکا و ئیسرائیلی داوە. بەڵکوو لەم بەیاننامەیەدا نووسراوە کە زەمانەتی ئەمنیەتی و کۆمەکی غەیری نیزامیش بەشێک لەم ڕێککەوتنەیە. سەرەڕای ئەمەش، ئەوەی لەم گەڵاڵەیەدا بە چارەسەری دوو دەوڵەتی ناودەبرێت، تەنانەت بە مەرجی قبوڵکردنی ئیسرائیل، پلانێک نییە کە بتوانێت سەروەری خەڵکی ستەملێکراوی فەلەستین بەسەر چارەنووسی خۆیاندا بەدیبهێنێت.

سولیڤان بۆ ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیە، چووەتە ئیسرائیل بۆ ئەوەی لەگەڵ حکوومەتی نەتانیاهۆ گفتوگۆی لەسەر بکات. حکوومەتی ڕاستڕەو و فاشیستی نەتانیاهۆ بە سیاسەتی درێژەدان بە شەڕی غەززە ڕووبەڕووی پەرەسەندنی قەیرانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و حکوومەتی بووەتەوە. شەڕێک کە لەبواری گیانی و ماڵی و ئەمنیەتییەوە بەهای زۆری بۆ خەڵکی ئیسرائیل هەبووە. لەو ماوەیەدا دەوڵەتی ئیسرائیل نەتەنیا نەیتوانیوە هیچ کام لە ئامانجەکانی خۆی واتە “نابوودیی حەماس، گەڕاندنەوەی بەدیلگیراوان و پێکهێنانی ئەمنیەت لە سنوورەکان” وەدی بێنێت، بەڵکوو بەرەوووڕی ناڕەزایەتی ڕۆژانەی خەڵک بووەتەوە کە خوازیاری ڕاگرتنی شەڕ و گەڕاندنەوەی بەدیلگیراوانن. جگە لەوەش بەردەوامبوونی شەڕی فەرسایشی بووەتە هۆی توندبوونەوەی ناکۆکی و ململانێی دەسەڵات لەناو کابینەی جەنگی نەتانیاهۆ و بەگشتی دەوڵەتی خستۆتە لێواری داڕمانەوە.

پرسی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە لەدوای کۆتایی شەڕیش بووەتە یەکێک لە میحوەرەکانی ناکۆکی لە نێوان ڕەوتە فاشیست و توندڕەوە ئایینییەکان کە خوازیاری درێژەی شەڕ و داگیرکردنی دایمیی غەززە و خوازیاری هێرش بۆسەر شاری “ڕەفەح”ن، لەگەڵ کەسانێکی وەک “یوئاف گالانت” وەزیری بەرگری و “بنی گانتس” ئەندامی کابینەی جەنگی ئیسرائیل. ئەوان خوازیاری ئەوەن کە لەدوای کۆتایی شەڕ ئیدارەی غەززە بە فەلەستینییەکان بسپێردرێ. تا جێیەک کە “بنی گانتس” بە دانی ئۆڵتیماتۆمێکی ٢٠ ڕۆژە بە نەتانیاهۆ هۆشداری داوە کە ستراتێژییەکی نوێ بۆ شەڕی غەززە کە بریتی بێت لە “کۆتایی شەڕ، ئیدارەی غەززە لەلایەن فەلەستینییەکان بە هاوکاریی دەوڵەتە پەیوەندیدارەکان، کۆتایی هێنان بە حاکمیەتی حەماس، گەڕاندنەوەی بەدیلگیراوان، ئیجباری کردنی خزمەتی سەربازی بۆ یەهوودییە توندڕەوەکان و ئاسایی کردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ عەرەبستان” ئامادە بکات. ئەگینا ئەو و ئەندامانی دیکەی حیزبەکەی لە کابینەی جەنگی دەچنە دەرێ. ئەم شەش مەرجە لە ڕاستیدا ناوەڕۆکی هەمان ئەو پلانەیە کە ئەمریکا لەگەڵ عەرەبستان لەسەری ڕێککەوتووە.

ئاشکرایە کە سات و سەودا و ڕێککەوتنەکانی ئەمریکا لەگەڵ عەرەبستان و ئیسرائیل بۆ بەرژەوەندی خۆیانە و لەم ڕێگەوە هیچ شتێک بەنسیبی کرێکاران و خەڵکی ستەملێکراوی فەلەستین لە غەززە و شوێنەکانی تر نابێت و ئازارەکانیان کەم ناکاتەوە. کۆتایی هاتنی داگیرکاری و شەڕی وێرانکەر و تاوانکاریی حکوومەتی ئیسرائیل لە دژی خەڵکی فەلەستین، پێویستییەکی بەپەلەیە. پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستینی لە تەنیشت ئیسرائیل، لە چوارچێوەی سنوورە جوگرافییەکانی ساڵی ١٩٦٧، ڕێگاچارەیەکی گونجاوە بۆ چارەسەرکردنی قەیران و کێشەکانی ئێستای خەڵکی ستەملێکراوی فەلەستین. بەڵام ئەمە نە بە سیاسەت و ڕێککەوتنەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دێتە دی و نە لە سرووشتی حەماس و فەتح دایە. بەڵکوو بە درێژەی خۆڕاگری و و خەباتی خودی خەڵکی ستەمدیدەی فەلەستین و بە پەرەپێدانی بزووتنەوەی دیفاع لە ئازادیی فەلەستین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرتاسەری جیهان و بە هاوپشتی لەگەڵ ئەم نەتەوە ژێر ستەمە قابیلی تەسەورە.