فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕێکخراوی جیهانیی کار هاودەستی حکوومەتی ئیسلامی دژبە مافی کرێکاران
سێشەممە ۰۸-۰۳-۱۴۰۳   |  28-05-2024

سەد و دوازدەهەمین کۆنفڕانسی ڕێکخراوی جیهانیی کار ڕێکەوتی ٣ هەتا ١٤ی مانگی ژوئەنی ئەمساڵ لە ژنێڤ بەڕێوەدەچێت. کۆبوونەوەی نێونەتەوەیی ئەم ڕێکخراوە لە بارودۆخێکدا بەڕێوەدەچێت کە یاساکانی کار، کە لە ڕوانگەی بەرژوەندی سەرمایەدارانەوە موناسباتی کار و سەرمایە پێناسە دەکەن، لە هەموو شوێنێک لەوانە لە وڵاتانی پێشکەوتووی سەرمایەداری بە زیانی کرێکاران گۆڕدراوە. دەوڵەتانی سەرمایەداری بە بەڕێوەبردنی بەرنامەکانی ڕیازەتی ئابووری و داڕشتنی یاسای یەکجار دژەکرێکاریتر لە ڕابردوو، خزمەتگوزاری ڕەفاهی و کۆمەڵایەتیی کرێکاران و جەماوەری بێبەشیان هێناوەتە خوارترین ئاست. بردنەسەری تەمەنی خانەنشینی و کەمکردنەوەی مووچەی خانەنشینان، لەسەر کار دەرکردنی کرێکاران و فڕیزکردنی حەقدەست و سنووردارکردنی مافی یەکیەتییە کرێکارییەکان، بوارە سەرەکییەکانی بەرنامەی ڕیازەتی ئابوورین کە لە هەموو شوێنێک بنەماڵە کرێکارییەکانی خستووەتە ژێر فشارەوە. پەرەپێدانی توندوتیژی و ئەزیەت و ئازاری ژنان و پیاوانی بەرەی کار و زەحمەت، لە دواهاتەکانی جێبەجێکردنی بەرنامەی ڕیازەتی ئابووری و پەرەپێدانی چەوساندنەوەی کرێکارانە.

ڕێکخراوی جیهانیی کار هەموو ساڵێ هەیئەتێک لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە وەک نوێنەری کرێکارانی ئێران لە کۆبوونەوەی ساڵانەی خۆیدا قەبووڵ دەکات. ئەم هەیئەتە نەتەنیا نوێنەری کرێکاران و داکۆکیکاری مافی چینی کرێکار لەم کۆبوونەیەدا نین، بەڵکوو هەوڵ دەدەن حەقدەستی چەند بەرابەر خوارتر لە هێڵی هەژاری، بێبەریکردنی چینی کرێکار لە مافە سەرەتاییەکانی خۆی لەوانە مافی پێکهێنانی ڕێکخراوی سەربەخۆ و مافی مانگرتن و دەستبەسەرکردنی چالاکانی کرێکاری ئینکار و پەردەپۆش بکەن. ئەوان هەر وەک لە ڕابردووشدا نیشانیان داوە، نەتەنیا لەدژی یاسای کاری دژەکرێکاریی کۆماری ئیسلامی زمانیان ناگەڕێ، بەڵکوو ئەگەر لەلایەن هەیئەتەکانی دیکەشەوە لەمبارەوە پرسیاریان لێ بکرێ، دەست دەکەن بە پاساوکردنی بێمافییەکان و داپۆشینی ڕاستییەکان. ڕێکخرای جیهانیی کار لە حاڵێکدا نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی لەم کۆبوونەوەیەدا قەبووڵ دەکات کە بەباشی دەزانێ ئەم ڕژیمە پابەند بە هیچکام لە پەسندکراوەکانی ئەم ڕێکخراوە نییە. باش دەزانێ کە لە ئێران چالاکانی ناسراو و جێگای متمانەی کرێکاران دەخرێنە ژێر چاوەدێری و دەستبەسەر و زیندانی دەکرێن و ئەشکەنجە دەدرێن.

ئەگەرچی هێندێک لە ڕێکخراوە کرێکارییەکانی جیهان، کۆماری ئیسلامی بە خاتری زوڵم و زۆرێک کە دەرحەق بە کرێکاران ئەنجامی دەدات، مەحکووم دەکەن، بەڵام لەبەرامبەردا ڕێکخراوی جیهانیی کار لە هەموو ئەم ئیعتڕازانە چاوپۆشی دەکات و بە ڕەواڵی هەموو ساڵێک چەند کەسێکی حکوومەتی لەگەڵ ژمارەیەک خاوەنکاری سەرمایەدار و چەند مۆرەیەکی خانەی کاریگەر و شۆرا ئیسلامییەکانی کار لەژێرناوی “نوێنەری کرێکاران” قەبووڵ دەکات تا لە داڕشتنی بڕیارنامەکانی ئەم ڕێکخراوەدا ڕۆڵ بگێڕن. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە هیچ قۆناغێکدا نەتەنیا هیچ هەنگاوێکی بەرەو بەدیهێنانی ڕێککەوتن و گرێبەستەکانی ئەم ڕێکخراوە نەناوە، بەڵکوو سەرەتاییترین مافەکانی کرێکارانی پێشێل کردووە.

لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا داکۆکیکارانی بزووتنەوەی کرێکاری لە ئێران بە بەشداریی پڕگڕوتین و بە بەڕێوەبردنی میتینگی ناڕەزایەتی لە ناوەوە و دەرەوەی شوێنی بەڕێوەچوونی ئەم کۆنفڕانسە، بۆشایی بەشدارنەبوونی نوێنەرانی ڕاستەقینەی کرێکارانیان لەم کۆنفڕانسەدا پڕ کردووەتەوە. ئەمساڵیش زۆرێک لە چالاکانی بزووتنەوەی کرێکاریی جیهان و ڕێکخراوەکانی بەرگریکاری بزووتنەوەی کرێکاری و ژمارەیەک لە ڕێکخراوە کرێکارییەکان لەئاستی جیهانیدا بە دەرکردنی بەیاننامە و ڕاگەیاندن و بە هەوڵدان بۆ بەشداریکردن لە شوێنی کۆنفڕانسەکە، تێدەکۆشن ببنە دەنگی کرێکارانی ئێران. هاوکات لەگەڵ دەستپێکی ئەم هەڵمەتە، کۆنفیدراسیۆنی دێموکراتیکی فەڕانسەیی کار (CFDT)، کۆنفیدراسیۆنی گشتیی کار (CGT)، فیدراسیۆنی سەندیکا کرێکارییەکان (FSU)، سەندیکای کرێکاریی هاوپشتی (Solidaires)، سەندیکای نەتەوەیی سەندیکا کرێکارییە سەربەخۆکان (UNSA)، لە فەڕانسە ڕایانگەیاندووە کە ڕۆژی هەینی ٧ی ژوئەن لە کاتژمێر ١٢ەوە لەبەردەم کۆشکی نەتەوەکان لە ژنێڤ، دژبە سەرکوتگەریی ڕژیمی ئێران، بۆ پشتیوانی لە ژنان و پیاوانی زیندانی لە ئێران لەوانە سەندیکالیست و موعەلیمان، و بۆ ئازادیی دەستبەجێیان خۆپیشاندان بەڕێوەدەبەن.

لەگەڵ دەستپێکی کەمپەینی نێونەتەوەیی ناڕەزایەتی دژبە بەشداریی هەیئەتە نێردراوەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ ئەم کۆنفڕانسە، ژمارەیەک لە ڕێکخراوە کرێکارییەکان لە ئێران لەوانە سەندیکای کرێکارانی نەیشەکەری حەوت تەپە، گرووپی یەکیەتیی خانەنشینان، کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ یارمەتیدان بە پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان، کرێکارانی خانەنشینی خووزستان لە ڕێکەوتی ٢٣ی مانگی گوڵانی ١٤٠٣ لە پەیامێکدا ڕوو بە کرێکاران و ڕێکخراوە کرێکارییەکانی هەموو وڵاتان ڕایانگەیاند: “داوا لە کرێکاران و یەکیەتییە کرێکارییەکانی جیهان دەکەین کە لەئاست پێشێلکردنی مافی کرێکارانی ئێران و سەرکوت و جۆرەکانی تری ستەم کە کۆماری ئیسلامی بەسەر کرێکارانیدا دەسەپێنێ، کەمتەرخەم نەبن. لە خەبات بۆ مافی ئازادیی ڕێکخراو، پەیمانە جەمعییەکان و ئازادیی زیندانیانی سیاسی بەتایبەت کرێکارانی زیندانی، ببنە زمانی ڕاشکاوی کرێکارانی ئێران و لەم ڕێگەوە هاوپشتیی جیهانیی چینی کرێکار نیشان بدەن”.

سەرەڕای هەموو ئەم ناڕەزایەتییانە، بەو پێیەی ڕێکخراوی جیهانیی کار لە بنەڕەتدا هەوڵ دەدات بەرژەوەندی دەوڵەتانی سەرمایەداری ئەندامی ئەم ڕێکخراوە دەستەبەر بکات، لە کۆبوونەوەی ساڵانەی خۆیدا بە باوەشی کراوە پێشوازی لە شاندەکانی کۆماری ئیسلامی دەکات. ئەم ڕێکخراوە جیهانییە، نوێنەرانی ڕژیمی دژە کرێکاریی کۆماری ئیسلامی و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی وەک نوێنەری کرێکاران لە وتووێژ و بڕیارەکانیدا بەشدار دەکات. هەربۆیە ڕێکخراوی جیهانیی کار بەکردەوە لە پێشێلکردنی مافی چینی کرێکاری ئێراندا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بووەتە هاودەست.