فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

نامەی کراوەی کرێکارانی زیندانی، ڕەزا شەهابی و داود ڕەزەوی بۆ نوێنەرانی ڕێکخراوە کرێکارییەکانی جیهان لە ١١٢هەمین کۆنفرانسی ڕێکخراوی جیهانیی کار
پێنجشەممە ۱۰-۰۳-۱۴۰۳   |  30-05-2024

سڵاو لە هاوکاران و دۆستانی ئازیز و بەهیوای سەرکەوتنی کرێکاران لە هەموو وڵاتانی جیهان.

پێمان وا نەبوو پێویست بێت جارێکی تر لەسەر سەرکوتکردنی بزووتنەوەی کرێکاری و پێشێلکردنی ڕێککەوتننامە نێونەتەوەییەکان سەبارەت بە ئازادیی ڕێکخستن، ڕێککەوتنی دەستەجەمعی، مافی کار و ژیان، و سەلامەتی کار لە ئێراندا بنووسین. پێمان وا نەبوو بۆ جارێکی تر پێویست بە وەبیرهێنانەوە بێت کە ئێمە و زۆرێک لە کرێکارانی تر، لەسەر کار دەرکراوین، ئەزیەت و ئازار دراوین و زیندانی کراوین، چونکە باوەڕمان بە چالاکیی کرێکاری و ڕێکخراوی سەربەخۆی کرێکاری بووە. لە هەمان حاڵدا بەداخەوەین بۆ ئەوەیکە بە ناچار دەبێ دیسان سەبارەت بە ئەزیەت و ئازار، پەروەندەسازی و زیندانی درێژماوە و زاڵمانە کە بەسەر ئێمەیاندا سەپاندووە بنووسین و چاوەڕوانییە ڕەواکانمان باس بکەین.

تێبینیی جیددی ئێمە هەمیشە ئەوە بووە کە سەرەڕای ڕاپۆرتی جۆراوجۆر و بەڵگەمەند لەماوەی هەموو ئەم ساڵانە لەلایەن ڕێکخراوە سەربەخۆ کرێکارییەکانی ئێران، لەوانە سەندیکای ئێمە، سەندیکای کرێکارانی شیرکەتی واحیدی ئوتوبوسڕانی تاران و دەوروبەر، ڕێکخراوی سەرتاسەریی موعەلیمان، شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران، ڕاپۆرتی سەندیکا و فێدراسیۆنە کرێکارییەکان لەئاستی نێونەتەوەیی بە ڕێکخراوی جیهانیی کار سەبارەت بە پێشێلکردنی مافی سەرەتایی کرێکاران و سەرکوتی ڕێکخراوە سەربەخۆ کرێکارییەکان و چوونەسەری ڕۆژ لە دوای ڕۆژی ژمارەی منداڵانی کار لە ئێران، بۆچی ڕێکخراوی جیهانیی کار هەتا ئێستا هیچ کردەوەیەکی بەرچاو و کاریگەری تەنانەت لە چوارچێوەی کۆنوانسیۆنە بنەڕەتییەکانی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی کە هەموو ئەندامان ئەرکدار بە پابەندبوونی دەکات، ئەنجام نەداوە؟ بۆچی ئەم ڕێکخراوە بەردەوام نوێنەری ساختەی حکوومەت لەژێرناوی نوێنەرانی کرێکارانی ئێران بۆ کۆبوونەوەی ساڵانەی بانگهێشت دەکات و هێندێک جار تەنانەت ئەوان بۆ ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری و کۆمیتەکانی کرێکاری هەڵدەبژێرێت؟!

لەبیرمانە کە بەدوای دەستگیرکردنی ژمارەیەکی زۆر لە سەروبەندی ڕۆژی جیهانیی کرێکاری ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی و دواتری، بە هیمەتی شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران، کە لەلایەن سەندیکای کرێکارانی شیرکەتی واحیدی ئوتوبوسڕانیی تاران و دەوروبەریشەوە پشتیوانیی لێکرا، نامەیەک بە ئیمزای ٥ هەزار و ٥٠٠ کەس بۆ ١١٠هەمین کۆبوونەوەی جیهانیی کار نێردرا. لەو نامەیەدا لە هەیئەتە کرێکارییەکانی بەشدار لەم کۆبوونەوەیە داوا کرابوو کە کردەوەی دەوڵەتی ئێران لەئاست پێشێلکردنی بەردەوامی مافی کرێکاران و موعەلیمان و بەتایبەت پێشێلکردنی مافی ڕێکخستنی سەربەخۆ و هەروەها پێشێلکردنی مافی ئازادیی ڕادەربڕین و کۆبوونەوە مەحکووم بکەن. بەڵام لەبیرمان نایە ئەم داواکارییە کە لەو هەلومەرجە سەختەدا ئیمزای بۆ کۆکرایەوە، لەلەلایەن ڕێکخراوی جیهانیی کارەوە وڵامی پێدرابێتەوە.

فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی کرێکارانی گواستنەوە ITF کە سەندیکای ئێمەش ئەندامیەتی، لە ساڵی ٢٠٠٥دا سەبارەت بە سەرکوت و دەستبەسەرکردنی چالاکانی سەندیکای کرێکارانی شیرکەتی واحیدی ئوتوبوسڕانیی تاران و هێرشی ڕێکخراو بۆسەر سەندیکای ئێمە لەدژی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی لە ڕێکخراوی جیهانیی کار سکاڵای تۆمار کرد. بەڵام ئەم ڕێکخراوە، سەرەڕای کراوەبوونی ئەم دۆسیەیە و زیاتربوونی ساڵ لەدوای ساڵی لاپەڕەکانی بەهۆی سکاڵای تازە، خۆی بە وڵام و ئیدیعای درۆینەی نوێنەرانی دەوڵەتی ئێرانەوە مەشغووڵ کردووە و لەئاکامدا نزیک بە دوو دەیەیە هیچ هەنگاوێکی کرداری و کاریگەری هەڵنەگرتووە.

ئێمە ئەندامانی سەندیکا، بەهۆی پێکهێنانی ڕێکخراوی سەربەخۆی کرێکاری و چالاکیی سەندیکایی لە چوارچێوەی کۆنیوانسیۆن و ستانداردە نێونەتەوەییەکانی کار لە ساڵی ١٣٨٤دا کەوتینە بەر غەزەبی خاوەنکار، حکوومەتی ئێران، وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگای قەزایی و گەلێک جار دەستبەسەر و زیندانی کراوین و لەسەر کار دەرکراوین. لەو ماوەیەدا سەدان ئەندامی سەندیکا دەستبەسەرکران و کەوتنە بەر توندوتیژی و لێیاندرا و دەیان کەس لەسەر کار دەرکران و مەئموور ڕژایە سەر ماڵەکانیان. ئێمە سێ ئەندامی بەندکراوی سەندیکا لە زیندانی ئێڤین، بەردەوام بووینەتە ئامانجی ئەم سیاسەتە دژەکرێکارییەی ڕژیم، بە زیندانی درێژماوە مەحکووم کراوین و سەرەڕای نەخۆشیی سەختی جەستەیی، بەرپرسانی زیندان و عەواملی وەزارەتی ئیتلاعات، تەنانەت لە پێدانی مۆڵەتی پزیشکی ڕێگری دەکەن.

ڕەزا شەهابی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری سەندیکای کرێکارانی شیرکەتی واحید، ڕێکەوتی ٢٢ی مانگی گوڵانی ١٤٠١ی هەتاوی بەهۆی درێژەی چالاکیی سەندیکایی و هەروەها دیدار لەگەڵ دوو ئەندامی سەندیکای هێزی کرێکاریی فەڕانسە(ئێف ئۆ)، سیسیل کۆهلەر و هاوسەرەکەی ژاک پاری، لەلایەن مەئموورانی ئەمنیەتییەوە لە ماڵی خۆی هێرشی کرایە سەر و دەستگیر کرا. ناوبراو زیاتر لە چوار مانگ لە دەستبەسەرگەی ٢٠٩ و ٢٤١ی ئێڤین لە ژووری تاکەکەسی و لەژێر لێپرسینەوەدا ڕاگیرا. لە دادگای سەرەتاییدا بە ٦ ساڵ زیندان، ٢ ساڵ دوورخستنەوە، ٢ ساڵ ڕێگری لە چوونەدەر لە وڵات و ٢ ساڵ بێبەریبوون لە چالاکیی سەندیکایی مەحکووم کرا، کە وەک خۆی لە دادگای پێداچوونەوەدا پشتڕاست کرایەوە و لە ئێستادا لە حاڵی تێپەڕاندنی ئەم حوکمەدایە.

داود ڕەزەوی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی سەندیکای کرێکارانی شیرکەتی واحید، ٥ی ڕەزبەری ١٤٠١ بەهۆی درێژەی چالاکیی سەندیکایی و هەروەها دیدار لەگەڵ چالاکانی سەندیکایی، سیسیل کۆهلەر و ژاک پاری دەستبەسەر کرا و بۆ ماوەی چوار مانگ لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیرا و لێپرسینەوەی لێکرا. دادگای سەرەتایی، ڕەزەویی بە ٥ ساڵ زیندان و دوو ساڵ بێبەریبوون لە چالاکیی سەندیکایی مەحکووم کرد کە وەک خۆی لە دادگای پێداچوونەوەدا پشتڕاست کرایەوە و لە ئێستادا دەورانی مەحکوومییەتەکەی لە زینداندا تێدەپەڕێنێت.

حەسەن سعیدی، ئەندامی سەندیکای کرێکارانی شیرکەتی واحید، بەهۆی درێژەی چالاکیی سەندیکایی و هەروەها دیدار لەگەڵ چالاکانی سەندیکایی سیسیل کۆهلەر و ژاک پاری، بەدوای هێرشی شەوانەی مەئموورانی ئەمنیەتی لە ٢٨ی مانگی گوڵانی ١٤٠١دا دەستبەسەرکرا. ئەو بۆ ماوەی چوار مانگ لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیرا و لەژێر لێپرسینەوەدا بوو. سەعیدی لە دادگای سەرەتاییدا بە ٦ ساڵ زیندان و ٢ ساڵ دوورخستنەوە، ٢ ساڵ بێبەریبوون لە چالاکیی سەندیکایی و ٢ ساڵ قەدەغەی چوونەدەر لە وڵات مەحکووم کرا کە لە دادگای پێداچوونەوەدا وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە. بەڵام لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بەهۆی قەبووڵنەکرانی ئەم بڕیارە لەلایەن دیوانی باڵای وڵات حوکمی زیندانەکەی بۆ سێ ساڵ و شەش مانگ و یەک ڕۆژ بە تۆمەتی کۆبوونەوە و تەبانی و حەوت مانگ بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژبە نیزام کەم بووەتەوە.

هەر لەو ماوەیەدا سەدان چالاکی بزووتنەوی کرێکاران، موعەلیمان، خوێندکاران و ژنان تەنها بەخاتری چالاکیی سینفی و مەدەنی و بەخاتری دیفاع لە مافەکانی خۆیان و هاوکارانیان دەرکراون، دەستبەسەر و زیندانی کراون. ئەو ژمارە کەمە لە ڕێکخراوە سەربەخۆکانی کرێکاران و موعەلیمان بۆ نموونە سەندیکای ئێمە و تەشەکولاتی موعەلیمان کە سەرەڕای فشاری ناوەندەکانی سەرکوت پێکهاتوون، بەردەوام لەژێر فشار و لەژێر زەڕەبینی هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەت دان و ئیمکانی چالاکیی عەلەنی و ئازادانەیان لێ زەوت کراوە. هەر ئێستا دەیان کرێکار، موعەلیم، خوێندکار و داکۆکیکاری مافی منداڵان و ژنان لە زیندانەکانی ئێراندا بەسەر دەبەن کە ناوی هێندێکیان بریتییە لە: ڕیحانە ئەنساری نەژاد، ئانیشا ئەسەدوڵڵاهی، سەروناز ئەحمەدی، شەریفە محەممەدی، نەسرین جەوادی، ناهید خوداجوو، زەینەب هەمڕەنگ، عوسمان ئیسماعیلی، ڕەسووڵ بوداقی، مێهران ڕەئووف، کەیوان موهتەدی، کامیار فەکوور، سیسیل کۆهلەر، ژاک پاری، و زۆر کەسی تر.

بەڵام هەروەک دەبینین دەست و پەیوەندەکانی حکوومەت لەژێرناوی “ناوەندی باڵای شۆرا ئیسلامییەکانی کار” و باقیی ناوەندە دەستسازەکانی تر، کە هەموویان ڕێکخراوەکانی سەربە دەوڵەت و خاوەنکارانن، ئازادانە بە بەهرەمەندبوون لە هەموو ئیمکاناتێکی ماڵی و تەداروکاتی و بە پشتیوانیی هێزەکانی ئەمنیەت و حەراسەت و وەزارەتی کار و خاوەنکاران لە حاڵی کۆنتڕۆڵکردنی بزووتنەوەی کرێکاریدان و دەیانهەوێ دەنگی داخوازیی بنەڕەتیی کرێکاران لە سەرتاسەری ئێران کپ بکەن. ئەم دەست و پەیوەندە حکوومەتییانە لە حاڵێکدا کە زۆرێک لە کرێکاران و موعەلیمانی هاوشێوەی ئێمە لە زینداندا ڕاگیراون و یان لەژێر چاوەدێری دان، لە کۆبوونەوەی ڕێکخراوی جیهانی کاردا وەک نوێنەری کرێکارانی ئێران بەشداری دەکەن کە دەبێ بڵێین: بەڕاستی جێگای داخە. هەر بۆیە تەئکید دەکەین کە ئێمە کرێکارانی ئێران، هەیئەتە کرێکارییەکانی حکوومەت لە ناوەوەی ئێران و یان هەر کەس و ڕێکخراوێک کە ئیدیعای نوێنەرایەتیی هێزی کاری ئێران لە دەرەوەی وڵات دەکات، هیچیان بە نوێنەری خۆمان نازانین و هیچیان بەڕەسمی ناناسین.

ئێمە ئاگادارین کە هەموو ساڵێ هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ڕێکخراوی جیهانیی کار، ڕێکخراوە کرێکارییە نێونەتەوەییەکان و پشتیوانانی چینی کرێکار لە دەرەوەی وڵات کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بۆ هاوپشتی لە کرێکارانی زیندانی و خەباتی کرێکاری لە ئێران بەڕێوە دەبەن. ئێمە لەلایەن خۆمانەوە سەمیمانە ستایشی تێکۆشانی ئەوان و هەموو پشتیوانانی بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران دەکەین. هیوادارین ئەمساڵیش بە سەرەنجدان بە پشتیوانیی سەندیکا کرێکارییەکانی فەڕانسە، سوئیس، دانمارک، سوێد، ئینگلیس و ڕێکخراوە کرێکارییەکانی دیکەی جیهان، شایەدی پشتیوانیی بەرینتری هاوچینەکانمان بین. هەروەها هیوادارین کە کەیسی سکاڵاکانی پێوەندیدار بە سەرکوتکردنی ڕێکخراوە سەربەخۆکانی کرێکاری و چالاکانی ئێران بە جیددیتر و خێراتر بەدواداچوونی بۆ بکرێت و دەرئەنجامی خوازراو بۆ پشتیوانی لە کرێکارانی ئێران بەدی بهێنرێت.

لە کۆتاییدا لە ناو زیندانی ئێڤینەوە هاوپشتیی خۆمان لەگەڵ کرێکاران و خەڵکی ستەمدیدەی ئێران و جیهان ڕادەگەیەنین. بەتایبەت دەڵێین کە ئێمەش هاودەنگ لەگەڵ چینی کرێکاری جیهان، خوازیاری ئاگربەستی دەستبەجێ و کۆتایی شەڕی تاوانکارانەی دەوڵەتی ئیسرائیلین لەدژی خەڵکی فەلەستین. خوازیاری ڕاگرتنی سیاسەتی شەڕنانەوە لە ناوچەکە لەلایەن دەسەڵاتە جیهانی و ناوچەییەکانین. خوازیاری بەرقەراربوونی ئاشتیی جێگیر لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی گشتیی خەڵک و بایەخە جیهانییەکانی مرۆڤایەتین. هاوپشتی جیهانی و خەباتی یەکگرتووی ڕێکخراوە کرێکارییە ڕاستەقینەکان و هێزە جەماوەری و ئازادیخواز و دادپەروەرەکانی دیکە، زامنی سەرەکی بەرقەرارکردنی ئاشتی و دادپەروەرییە لە ناوچەکە و جیهاندا. بەهێزکردنی ئەم ڕێکخراو و بزووتنەوانە ئەرکی لەبیرنەکراوی هەموومانە وەک بزووتنەوەی کرێکاریی نێونەتەوەیی.

لەگەڵ سپاس و ڕێز

ڕەزا شەهابی و داود ڕەزەوی

لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەریی سەندیکای کرێکارانی شیرکەتی واحیدی ئوتوبوسڕانیی تاران و دەوروبەر

زیندانی ئێڤین، تاران، ئێران

٧ی جۆزەردانی ١٤٠٣، ٢٧ی مەی ٢٠٢٤