فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

کۆماری ئیسلامی لەبەردەم شکستێکی دیکەدا
چوارشەممە ۱۶-۰۳-۱۴۰۳   |  05-06-2024

دوای کوژرانی ئیبڕاهیم ڕەئیسی و هاوڕێکانی، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەرەوڕووی حاڵەتێکی چاوەڕواننەکراو و لەناکاو بووەتەوە. چونکە کادری ڕێبەریی حیزبی پادگانیی سپای پاسداران و خامنەیی، ڕەئیسییان نەک بۆ سێ ساڵ و یەک مانگ، بەڵکوو بۆ هەشت ساڵ مانەوە لە پۆستی سەرۆک کۆماری دەستنیشان کردبوو. سەرانی ڕژیم ناچار بوون ١١ مانگ زووتر لە مۆڵەتی دیاریکراو، داڕشتنی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری بخەنە دەستووری کارەوە. ئەویش لە بارودۆخێکدا کە لە ١١ی مانگی ڕەشەممەوە هەتا ئێستا و لە جەریانی بەڕێوەبردنی گاڵتەحاڕی ئینتخاباتی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی و خوبرگان دوو جار مۆری نامەشرووعبوون لە ناوچاوانی کۆماری ئیسلامی دراوە. لە جەریانی شانۆی هەڵبژاردنی ١١ی ڕەشەممە سەرەڕای ئیدعاکانی سەرانی ڕژیم، بژاردەی “ئێمە ئیتر دەنگ نادەین”، ڕەئی بێ ڕەئی” و “نا بۆ کۆماری ئیسلامی” کە پشتر لە دروشمی کرێکاران و خانەنشینان و ناڕازییاندا ڕەنگی دابووەتەوە و لەسەر دار و دیواری شارەکانی ئێران نووسرابوو، لەم شانۆیەدا سەرکەوت. زۆرینەی ڕەهای خەڵکی ئێران لە کردەوەیەکی هاوئاهەنگ و شکۆمەندی سیاسیدا و بە وتنی نایەکی گەورە بە گشت کۆماری ئیسلامی، مەشرووع نەبوونی ئەم دەسەڵاتەیان بە هەموو جیهان ڕاگەیاند. لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی ئیسلامیدا، تەنیا لەسەدا هەشتی دەنگدەرانی خاوەن مەرج لە تاران چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان. لەئێستادا ڕژیمی ئیسلامی لە حاڵێکدا کە لەگەڵ کاریگەریی ئەم شکستانە لەسەر ڕێزەکانی خۆی دەست و پەنجە نەرم دەکات، لەبەردەم شکستێکی دیکەدایە.

دوای ئەوەیکە ڕەئیسی بە مێژووی نگریس و پڕ لە تاوانی کۆماری ئیسلامی پەیوەست بوو، خامنەیی خوازیاری بەڕێوەبردنی خێرای “ئینتخابات” بوو و ٨ی مانگی پووشپەڕی ڕۆژی “ئینتخابات” ڕاگەیاند. لەئێستاشدا لەگەڵ کۆتایی ڕێپێوانی تابووتەکان، جموجۆڵ و کێبەرکێی مۆرەکانی حکوومەت، لە بناژۆخوازانی توندڕەو و پارێزکارەوە بگرە تا ڕێفۆرمخوازان و ئیعتداڵگەرایان، بۆ ناونووسی و بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک کۆماری دەستیپێکردووە. لە ١٣هەمین نمایشی ئینتخاباتی سەرۆک کۆمار لە جۆزەردانی ساڵی ١٤٠٠، شۆرای نیگەهبان سەلاحیەتی زیاتر لە ٩٨%ی ناونووسراوانی بۆ کاندیدبوون ڕەتکردەوە. تەنانەت خودییەکانی وەک عەلی لاریجانی، ئیسحاق جەهانگیری و ئەحمەدی نەژاد ڕەت کرانەوە تا لەڕێگەی ساختەکارییەکی ئاشکرا ڕەئیسیی جەلاد لە سندووقەکانی دەنگدان بێننە دەر. بەڵام لەئێستادا هەر ئەو کەسانەی کە پێشتر ڕەتی سەلاحیەت کرابوون هاتوونەتە مەیدان بۆ ئەوەی بەیعەتی خۆیان بۆ نیزامی ئیسلامی نیشان بدەن و بۆ بازنەی دەسەڵات بگەڕێنەوە. لە کاتێکدا کە ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی، ئیعتدالگەرایان و بناژۆخوازانی دوورخراوە لە دەسەڵات، نەزانانە لەو باوەڕەدان کە بە چوون بۆ ناو ڕەقابەتە ئیتخاباتییەکان دەتوانن بێ ئیعتباریی مێکانیزمی هەڵبژاردن لە نیزامی ئیسلامیدا نۆژن بکەنەوە و بۆشایی نێوان میللەت و نیزام پڕ بکەنەوە، جەماوەری ڕەنجدیدەی ئێران بە بەرپاکردنی ئاخێزی شۆڕشگێڕانە و سەرتاسەری، بە تێکشکاندنی شانۆکانی هەڵبژاردن نیشانیان داوە کە پەیوەندی ئەوان لەگەڵ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی گەیشتووەتە قۆناغێکی ئاشتیهەڵنەگر و خوازیاری ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ئەم دەسەڵاتەن.

لەم بارودۆخەدا کە کۆمەڵگای ئێران لە قۆناغێکی شۆڕشگێڕانەدا بەسەر دەبات، بۆ ڕێبەریی سپای پاسداران و بناژۆخوازان زەمانەتکردنی مانەوەی ڕژیم نەک لەڕێگەی ڕاکێشانی خەڵک بەرەو سندووقەکانی دەنگدان و بەدەستهێنانی مەشرووعیەتی ئینتخاباتی، بەڵکوو لەڕێگەی بەهێزکردنی توانای سەرکوتی حکوومەتی ئیسلامییەوە دێتە دی. لە جەریانی شانۆی ئینتخاباتی مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٤٠٠ هەر بەم مەنتقە ئیبڕاهیم ڕەئیسیی جەلادیان لە سندووقی دەنگدان هێنایە دەر. ئێستاش لە حاڵێکدا کە پڕۆسەی ناونووسینی کاندیداکانی پۆستی سەرۆک کۆماری هێستا تەواو نەبووە، وەزیری فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی دەڵێ: “خەڵک دەیانهەوێ ڕێگای ڕەجایی و ڕەئیسی درێژەی بێت و دەسەڵاتی دوو لایەنەیان ناوێ” و بەم قسەیەی ڕاستەوخۆ بۆ سەعیدی جەلیلی تەبلیغ دەکات. ئەگەر لە جەریانی ئاخێزە سەرتاسەرییەکانی مانگی بەفرانباری ٩٦، خەزەڵوەری ٩٨، ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا و لە جەریانی مانگرتنە کرێکارییەکان و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان، کرێکاران و بەشمەینەتانی شار بە کردنە قەڵغانی سینگیان لە بەرامبەر دوژمن نیشانیاندا کە نایانهەوێ ژیانیان بە ڕەواڵی ڕابردوو درێژە بدەن، حکوومەتی ئیسلامیش لە بارودۆخی ئێستادا پەرەپێدانی سەرکوت و ئەمنیەتی کردنی هەرچی زیاتری کەشوهەوای کۆمەڵگای کردووەتە هەم تاکتیک و هەم ستراتێژی مانەوەی خۆی.

لە وەها بارودۆخیکدا بۆ تێکشکاندنی ستراتێژی سەرکوتی بێسنوور و بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی پێویستە بەشێوەی نەخشەمەند پێداویستییەکانی ڕووخاندنی ئامادە بکەین. گومان لەوەدا نییە کە کرێکاران و خەڵکی ڕەنجدیدەی ئێران کە لە هەژاری و گرانی، هەڵاواردن و نابەرابەری و کوشتار و قەتڵی حکوومەتی وەگیان هاتوون ئەم شانۆ ئینتخاباتییە پێشوەختەیەی ڕژیمیش بەرەوڕووی شکست دەکەن و بە تێکشکاندنی ئەم نمایشە بۆ جارێکی تر مۆری نامەشرووعبوون لە نێوچاوانی حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران دەدەن. ئەو جەماوەرەی بەخاتری کوژرانی ڕەئیسی شادییان دەربڕی، بە ڕێکخستنی هەڵمەتی سەرتاسەری، ڕێوڕەسمی دیاریکردنی جێنشینەکەشی تووشی شکست دەکەن. شکستی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و سەرکەوتنی خەڵک لەم گاڵتەجاڕییە ئینتخاباتییەش دەتوانێ ببێتە سەنگەرێک بۆ پێشڕەویی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا لەبواری سازماندان و شکڵدان بە ڕێبەریی سیاسیی سەرتاسەری.

چینی کرێکاری ئێران سەرەڕای هەموو ئەو بەربەستانەی کە لەسەر ڕێگایەتی دەتوانێ ڕێکخراوتر بێتە مەیدان. هەلومەرجی شۆڕشگێڕانەی کۆمەڵگا و بزووتنەوەی مانگرتنی کرێکاران بەستێنێکی بابەتی بۆ بەهێزترکردنی ڕێکخستنی چینی کرێکارە کە دەتوانێ زاڵبوون بەسەر نەبوونی ڕێکخستنی جەماوەریی کرێکاران خێراتر بکاتەوە. بوونی کۆمیتەکانی کارخانە، کۆمیتەکانی مانگرتن، بەرێوەچوونی کۆبوونەوە گشتییەکان و هاتنە مەیدانی توێژێکی بەرین لە هەڵسووڕاوان و پێشڕەوانی بزووتنەوەی کرێکاری بە ئاراستەی شۆرایی، زەرفیەتەکانی بزووتنەوەی کرێکاری بۆ زاڵبوون بەسەر ئەم بەربەستانە نیشان دەدات. بەشداریی بەرچاوی ژنان لە بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی خانەنشینان و مامۆستایان وەک بەشێک لە بزووتنەوەی کرێکاری و لە بزووتنەوەی خوێندکاری و ڕۆڵی ئەوان لە ڕێکخستنی سەرتاسەری و ڕێبەریی ئەم بزووتنەوانە نیشانەی زەرفیەتی بەرینی بزووتنەوەی ژنانە لە بواری ڕێکخستندا. بزووتنەوەی ڕزگاریی ژن دەتوانێ لە گەڕەکە هەژارنشینەکانی پەراوێزی شارەکانیش بە ڕێکخستنی ژنانی کرێکار و زەحمەتکێشی ئەم گەڕەکانە لەناو ئەنجومەن و شۆراکانی ژنان، بەشێکێ دیکە لەم هێزە مەزنە بێنێتە مەیدان. بزووتنەوەی خوێندکاری لە یەک دەیە و نیوی ڕابردوودا و بەتایبەت لەماوەی یەک ساڵ و نیوی ڕابردوو گەلێک زەرفیەتی بەرچاوی لە بواری سازماندان و هاوپشتی لەگەڵ باقیی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان لەخۆی نیشان داوە. بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان بە بەشداریی بەرچاوی خۆی لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەرتاسەری، بوو بە چاو و چرای خەڵکی ئێران و بۆ جارێکی دیکە نیشانی دا کە پایەکی سەرەکی هەر ئاڵوگۆڕێکی سیاسی و شۆڕشگێڕانە لە ئێرانە. ئەم بزووتنەوەیە بەو ڕێبەرە سۆسیالیست و خۆشناوانەی کە دڵی خۆیدا پەروەردەی کردووە توانای ئەوەی هەیە کە هێزی بزوێنەری خۆی ڕێکخراوتر بێنێتە مەیدان. گەشەپێدان و بەهێزکردنی پەیوەندیی ئەم بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییانە دەتوانێ بەستێنەکانی مانگرتنە سیاسییە جەماوەرییەکان لە سەرتاسەری ئێران ئامادە بکات. ئەو مانگرتنانەی کە ئاوێتەی ڕێپێوانی سەر شەقام و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتین دەتوانن دەزگای سیاسی، ئیداری و ئابووریی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی زەمینگیر بکەن. مانگرتنی سیاسیی جەماوەری کە مانگرتنی کرێکاری بڕبڕەی پشتیەتی، دەتوانێ ڕیزی هێزە چەکدارەکان و سپای پاسداران بشێوێنێ. ناکۆکیی ناو ئەم هێزانە قووڵتر بکاتەوە و هێزی سەرکوتیان زەمینگیر بکات و بەستێنەکانی ڕێکخستنی ڕاپەڕین و ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئامادە بکات.