ڕۆژی هەینی ٣١ی مانگی مەی، لاوێکی بیست و پێنج ساڵی خەڵکی ئەفغانستان هێرشی کردە سەر کۆبوونەوەی بزووتنەوەیەکی ڕەگەزپەرست و دژە ئیسلامی بە ناوی “پاکس یوروپ” لە شاری مانهایمی ئاڵمان و شەش کەسی بریندار کرد. لە ناو بریندارەکاندا پۆلیسێک و “میشائیل شتۆرتسن بێرگەر”، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەم بزووتنەوەیە دەبیندرێت، کە چەندین ساڵە لە ژێر چاودێری ڕێکخراوی ئاسایشی ئاڵماندایە. ئەم پۆلیسە ڕۆژی یەکشەممە بەهۆی برینەکانیەوە گیانی لەدەستدا. وێنەکانی ئەم ڕووداوە تیرۆریستییە بەخێرایی لە میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرانەوە. دوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە دەستبەجێ نزیکەی هەشت سەد کەس لە زنجیرەیەکی مرۆییدا لە شاری مانهایم هەڵوێستی خۆیان لە دژی توندوتیژی و هاندان دەربڕی. هەر لە هەمان ڕۆژدا کۆبوونەوەی ڕەوتی ڕاسیستی “گەنجانی ئەڵترناتیڤ”، ڕێکخراوی گەنجانی حیزبی ڕاسیستی ئەڵترناتیڤ بۆ ئاڵمان لە هەمان شار و لە شوێنی ڕووداوەکە بە دروشمی “کۆچی پێچەوانە” بەمانای دەرکردنی پەنابەران و کەسانی بیانی، تەنانەت ئەوانەی وا هاووڵاتیی ئاڵمانن، بەڕێوەچوو.
ئەوەی لە شاری مانهایمی ئاڵمان ڕوویدا، تاکە نموونەی هێرشی تیرۆریستیی بزووتنەوە ئیسلامییەکان نییە. فەرمانی کوشتنی سەلمان ڕۆشدی لەلایەن خومەینی و جێبەجێکردنی ئەم فەرمانە لەلایەن تیرۆریستێکی ئیسلامی لە مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، تەقینەوەی قەتاری موسافربەریی لە سپانیا، هێرش بۆسەر دەفتەری ڕۆژنامەی فەڕانسەیی “شارلی ئێبدۆ”، چەند نموونەیەکن لە هێرشی ڕەوتە کۆنەپەرستە ئیسلامییەکان لە ئورووپا. وەها کردەوەیەکی تاوانکارانە بە بێ شەرت و مەرج لە هەر شوێنێکی دنیا ڕوو بدات مەحکوومە و پێویستە بۆ ڕیشەکێش کردنی زۆرترین ئیمکانات تەرخان بکرێت و هێزی پێویست بێتە مەیدان.
لەڕاستیدا ئیسلامی سیاسی چ لە قالبی کۆماری ئیسلامی و چ لە قالبی ڕەوتەکانی وەک داعش، تاڵەبان، بوکوحەرام و ئەلشەباب، کارنامەیەکی پڕ لە تاوان و خوێناوییان هەیە. بێگومان نابێ لە بیر بچێتەوە کە ئەوە زلهێزە ئیمپریالیستەکان بوون کە ئەوانیان ڕێکخست و لە گیانی خەڵکیان بەردان. موجاهدین و تاڵەبان بە یارمەتیی بێدەریغی ئەوان پێکهاتن. چارەنووسی ئەفغانستان دوای بیست ساڵ داگیرکاری دەوڵەتانی ئیمپریالیستی ڕۆژئاوا، بۆ جارێکی تر بە تاڵەبان سپێردرا. هەر ئەم دەوڵەتانە بە پڕچەک کردنی تاقمە ئیسلامییەکان، پاشەکشەیان بە بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی خەڵک لەدژی بەشار ئەسەد کرد و ئەم کۆمەڵگایەیان کردووەتە مەیدانی ڕمبازێنی ڕەوتە ئیسلامییەکان.
بەدەر لەوەیکە ئاکامی ئەم هێرشە تیرۆریستییە لە درێژماوەدا چی دەبێت، ئاشکرایە کە هەر لەئێستاوە بەستێنی سەرهەڵدانی ڕەوتە ڕاسیستەکانی ئامادە کردووە. پێویستە بە دەنگی ڕەسا ڕاگەیەندرێت کە بۆ کۆتایی هێنان بە وەحشیگەری و بەربەریەتی ئیسلامی سیاسی و ڕەوتە فاشیست و ڕەگەزپەرستەکان، تەنیا بەشداری و خەباتی پەیگیر و بێ ئەمانی هێزی ئازادیخواز، بەرابەری تەڵەب و بەدیلی سۆسیالیستییە کە دەتوانێ پاشەکشە بەم ڕەوتە کۆنەپەرست و دژەئینسانانە بکات و بۆ هەمیشە بیانخاتە گۆڕستانی مێژووەوە.
کۆمیتەی ڕێکخراوی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
٣ی ژوئەنی ٢٠٢٤
١٥ی جۆزەردانی ١٤٠٣