فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان سەبارەت بە گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی
دوشەممە ۰۴-۰۴-۱۴۰۳   |  24-06-2024

دوای مەرگی ڕەئیسیی جەلاد، قەرارە ڕۆژی هەشتی مانگی پووشپەڕ، گاڵتەجاڕییەکی دیکە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە ئێران بەڕێوەبچێت. کۆماری ئیسلامی و باڵە نەفرەت لێکراو و وەرشکستەکانی هەوڵ دەدەن لەم شانۆ گاڵتەجاڕانەیە بۆ ڕاکێشانی خەڵک بەرەو سندووقەکانی دەنگدان کەڵک وەرگرتن. هەر بۆیە هەموو باڵەکانی دەسەڵات، ئیسلاح تەڵەب و ئوسوولگەرا و لق و پۆپەکانیان، وەخۆکەوتوون. ئەوان سەرەڕای ڕەتی سەلاحییەتی بەرین و پەسندکردنی ٦ بەربژێر لەناو ٨٠ کاندیدی سەرۆک کۆمار، لەپێناو ڕاگرتنی کۆماری ئیسلامی خەریکی موهەندسی کردن و هێنانەدەری جەنایەتکارێکی دیکە لە سندووقی دەنگدانن.

بەڵام بارودۆخ گۆڕاوە. ئیتر بۆ کۆماری ئیسلامی و فریوکارییەکانی درەنگ بووە. لە ئینتخاباتی ساڵی ١٤٠٠دا کە هێستا ئاخێزی شۆڕشگێڕانەش سەری هەڵنەدابوو، دەنگی سپی و نادروست پلەی یەکەمی ئەم گاڵتەجاڕییە ئینتخاباتییەی بەدەستهێنا. ئێستا دوای تێپەڕینی سێ ساڵ و دوای ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ساڵی ١٤٠١ و خەڵتانی خوێن کردنی ڕاپەڕینی ڕەوای کۆمەڵگای ئێران، بۆشایی نێوان کۆماری ئیسلامی و جەماوەری ملیۆنیی کۆمەڵگا بەکجار قووڵتر بووەتەوە و کۆمەڵگا گەیشتووەتە قۆناغێکی بێگەڕانەوە. لە ئاکامدا، هات و هاواری بێناوەرۆکی ڕژیم بۆ فەزاسازی و گەرمکردنی ئەم گاڵتەجاڕییە لەلایەن خودی کارگێڕانی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامیشەوە بەجیددی وەرناگیرێت.

ئەمڕۆ ئەو واقعییەتە کە خەڵکی ئێران کۆماری ئیسلامییان ناوێ بووەتە داتایەکی گشتیی کۆمەڵگا و جەنایەتکارانی ڕژیمیش خۆیان دەمێکە لەم حەقیقەتە گەیشتوون. هەربۆیە ئامانجی کۆماری ئیسلامی لەم شانۆ گاڵتەجاڕانەیە، بەسڵامەت خۆپەڕاندنەوە و پاراستنی دەسەڵاتی سەرکوتگەریەتی. ئەگەرچی بەدرێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی نە هەڵبژاردن مانایەکی هەبووە و نە سەرۆک کۆمار کارەیەک بووە، بەڵام لە بارودۆخی ئێستادا پاراستنی پێگەی ڕژیم بۆ کارگێڕانی، ئامانجی سەرەکیی ئەم شانۆیەیە.

دۆخی کۆماری ئیسلامی و قەیرانە چەندلایەنە و ئاڵۆزەکانی خراپتر لەوەیە کە هیچ سەرۆک کۆمارێک بتوانێ بەرەنگاریان بێتەوە. فەرمانی سەرەکیی کۆماری ئیسلامی لە دەستی خامنەیی و باندە نیزامی و ئیتلاعاتییە جەنایەتکار و گەندەڵەکاندایە و سوننەتەن لەناو کۆماری ئیسلامیدا سەرۆک کۆمار کارەیەک نەبووە. هەربۆیە لە ڕۆژی هەشتی مانگی پووشپەڕدا هەر کاندیدێک لە سندووقی دەنگدان بێننە دەر، هیچ کۆمەکێک بە چارەسەرکردنی قەیرانە بەرینەکانی دەسەڵاتی خامنەیی و دارودەستەکەی ناکات.

لاوانی تێکۆشەر!

خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان!

لە کوردستان ئەم گاڵتەجاڕییە هەمیشە بەرەوڕووی بێ ڕەونەقییەکی بێوێنە بووە کە هەمووان لێی ئاگادارن. بەڵام ئەمجارە و دوای شەڕی سەرشەقامی بوێرانەی ئێوە لە ئاخێزی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی و دوای سەرکوتی خوێناویی جەماوەر لەژێر دەسەڵاتی ڕەئیسیی جەللاد، پێویستە زەربەیەکی بەهێزتر لەم دەسەڵاتە کۆنەپەرستە بدرێت. بایکۆتکردن و تەبلیغی بەرین لەدژی ئەم ئینتخاباتە و پەراوێزخستنی ڕژیم و سندووقەکانی نابێ تەنها بژاردە و سیاسەتی ئێمە بێت. پێویستە بەرینتر و چالاکانەتر بەرەنگاری ئەم تاکتیکەی ڕژیم بینەوە. ڕێگری لە بەڕێوەچوونی هەر تاکە سندووقێکی ئەم گاڵتەجاڕی و فرێوکارییە لە هەر شوێنێک بێت، ڕاستەوخۆ بەقازانجی بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی خەڵکە و دەبێتە مایەی ئومێدواریی هەرچی زیاتری کۆمەڵگای کوردستان. کۆبوونەوە و میتینگی تەبلیغاتیی ئەم جەنایەتکارانە بکەنە شوێنی ناڕەزایەتی و لەقاودان دژبە کۆماری ئیسلامی. نووسراوە و پلاکاردە تەبلیغییەکانیان بدڕێنن و لەسەر دار و دیواری شار و ئاواییەکانی کوردستان بنووسن: هەڵبژاردەی ئێمە ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامییە! مەرگ و نەمان بۆ کۆماری ئیسلامی! شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان، خەڵکی ئازادیخواز و شەرافەتمەندی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چالاک دژبە شانۆی هەڵبژاردنی کۆماری ئیسلامی بانگەشە دەکات.


مەرگ بۆ کۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی، بەرابەری

١٩ی ژوئەنی ٢٠٢٤ی زایینی