کوژرانی ژنێک بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم لە نوورئاوا
یەکشەممە ۰۳-۰۴-۱۴۰۳   |  23-06-2024
ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی جۆزەردان، “ڕازیە ڕەحمانی” تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵکی گوندی “گۆیژە”ی نوورئاوا، لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئینتزامییەکان بۆ سەر ماڵەکەیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی یەکێک لە هێزەکانی پاسگای “چشمە سفید” گیانی لەدەستدا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئینتزامییەکان بە بیانووی دیتنەوەی ماددەی هۆشبەر هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی “شوکرڕەزا ڕەحمانی” و بەهۆی خۆڕاگریی بنەماڵەکەی لە بەرانبەر هێرشی ئەو هێزانە، لە نێوان ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە و هێزەکانی ڕژیم گرژی و دەمەقاڵە ساز بووە و لە ئەنجامیدا ڕازیە ڕەحمانی بە چەکی کۆڵت سەری کراوەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی یەکێک لەو هێزانە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.