بەپێی ڕاپۆرتەکان، لەم دواییانەدا “مورتەزا سەیدی”، “محەممەد ئێراننژاد” و “نەسروڵڵا ئەمیرلوو” چالاکی کرێکاری و خەڵکی شارێ کامیاران، لە لایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی شەهریار بە تۆمەتی “پێکهێنانی دەستە و گرووپ بەمەبەستی تێکدانی ئاسایش” هەر یەک سزای دوو ساڵ بەندکران و سەرجەم حوکمی ٦ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا.
کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەو سێ چالاکە کرێکارییە لە ڕێکەوتی ٦ی گوڵانی ساڵی ڕابردوودا بەڕێوەچووە و حوکمەکەیان، ڕۆژی شەممە ٢ی پووشپەڕی ئەمساڵ بەشێوەی فەرمی پێیان ڕاگەیەندراوە. جێگای ئاماژەیە، مورتەزا سەیدی و نەسروڵڵا ئەمیرلوو، ڕۆژی هەینی ٢٦ی خاکەلێوەی ١٤٠١ لەگەڵ چەند چالاکی کرێکاریی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شەهریاری سەر بە پارێزگای تارانەوە دەستبەسەر کران. ئەو دوو چالاکە کرێکارییە لە مانگی گوڵانی هەمان ساڵ، بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی هەتا کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەیان لە زیندانی ئێڤین ئازاد کرابوون. هەروەها محەممەد ئێراننژاد لە پەیوەندی لەگەڵ پەروەندەی پێشووی خۆیدا، ٥ی پووشپەڕی ١٤١، بەمەبەستی تێپەڕکردنی حوکمی بەندکرانەکەی ڕەوانەی زیندان کرابوو. ناوبراو لە ئاکامدا ڕۆژی ١ی ڕەشەممەی هەمان ساڵ لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج ئازاد کرابوو.