فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پشتڕاست کرانەوەی حوکمی سێ ساڵ زیندانی مێهدی مەجیدی
سێشەممە ۰۵-۰۴-۱۴۰۳   |  25-06-2024

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سزای سێ ساڵ بەندکرانی مێهدی مەجیدی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان لە لایەن دادگای پێداچوونەوەی ورمێ وەک خۆی پشتڕاست کراوەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم سزایە ڕۆژی یەکشەممە ٣ی پووشپەڕ لە ڕێگەی پارێزەرەکەیەوە بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.
ئەم هاووڵاتییە لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی شاری بۆکان بە تۆمەتی “پشتیوانی لە دەوڵەتی ئیسرائیل” بە سێ ساڵ بەندکران، “پڕوپاگەندە دژی نیزام” بە یەک ساڵ بەندکران و “بێڕێزی بە ڕێبەری” بە ٨ مانگ بەندکران حوکم دراوە و ئەم حوکمە لە ڕۆژی ٦ی بانەمەڕی ١٤٠٣دا بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە. بەپێی ماددەی ١٣٤ی یاسای سزای ئیسلامی، یاسای پێوەندیدار بە ڕێژەی تاوانەکان، زۆرترین سزا بۆ مێهدی مەجیدی جێبەجێ دەکرێ. جێگای ئاماژەیە، مێهدی مەجیدی ڕۆژی دووشەممە ١٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٢، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەر و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزرابوو. ناوبراو پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە ڕەوانەی زیندانی ناوەندی بۆکان کرابوو و لە ڕێکەوتی ٧ی بەفرانباری ١٤٠٢، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.