دوای کوژرانی ئیبڕاهیم ڕەئیسی چواردەهەمین شانۆی هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆک کۆمار بەڕێوەچوو. لەم “هەڵبژاردن”ەدا هەموو باندەکانی حکوومەت لە کادری ڕێبەریی سپای پاسدارانەوە بگرە هەتا ئاڵقەی ئوسوولگەرایان، لە ئیعتداڵگەرایانەوە بگرە هەتا ئیسلاح تەڵەبانی حکوومەتیی دڵپەرۆشی نیزام، دەستیان دایە دەستی یەک تا سێناریۆی ئەم گاڵتەجاڕە ئینتخاباتییە جۆرێک بچنن کە شەپۆلێکی ئینتخاباتی دروست بکات. ئیسلاح تەڵەبانی حکوومەتی ڕایانگەیاند کە دەیانهەوێ میللەت لەگەڵ مێکانیسمی ئینتخابات و سندووقی دەنگدان ئاشت بکەنەوە. فەرماندەکانی سپا و باندی ئوسوولگەرا بەپەلە بە هانای ئەم گەمەیەوە هاتن و “پزیشکیان” ئەم ئیسلاحتەڵەبە سەرسپێردراو و ملکەچەی وەلایەتی فەقیهیان لە فیلتێری شۆرای نیگەهبان تێپەڕاند تا بەڵکوو بتوانن تەنووری ساردی هەڵبژاردنەکان گەرم بکەن. ئێستا کە قۆناغی یەکەمی سێناریۆی ئەم شانۆی ئینتخاباتییە کۆتایی هاتووە، سەران و کارگێڕانی حکوومەتی ئیسلامی سەرشۆڕانە بە درۆودەلەسە هەوڵ دەدەن خۆیان سەرکەوتووی ئەم کەمپەینە نیشان بدەن. وەزارەتی ناوخۆی ڕژیمی ئیسلامی بە حیساب کردنی یەک ملیۆن دەنگی سپی و نادروست، ڕێژەی بەشداریی لەم ئینتخاباتە ٤٠ لەسەد ڕایگەیاندووە کە کەمترین ڕێژەی بەشداریکردنە لەچاو هەموو نمایشەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار. ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئوستانداری ڕژیم لە شاری قۆم ئێوارەی هەینی ڕایگەیاند کە ٢٥%ی خەڵکی قۆم لە ئینتخاباتدا بەشدارییان کردووە و ئەم ڕێژەیە لە بەشداریی خەڵکی قۆم لە ئاستی ئێراندا پلەی سێهەم نیشان دەدات. ئەم ئیدیعا ناتەبایانە لە حاڵێکدایە کە ڕاپۆرتی شایەتحاڵان و گرتە ڤیدیۆی بڵاوکراوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئاماری غەیری ڕەسمی باس لە بەشداری کەمی خەڵک و چۆڵبوونی ناوەندەکانی دەنگدان دەکەن. لە تاران و شارە گەورەکانی دیکەی ئێران ڕێژەی بەشداری یەکجار کەمتر لە ئیدیعای وەزارەتی ناوخۆی ڕژیمە. بەپێی داتای بابەتی، خەڵکی شارەکانی کوردستان و پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە کردەوەیەکی سیاسیی هاوئاهەنگدا ئەم شانۆ ئینتخاباتییەیان لێبڕاوانە شکست پێهێناوە. ڕاپۆرتەکان نیشانی دەدەن کە لە شارەکانی سنە، مەریوان، سەقز، مەهاباد، بۆکان، کامیاران، پاوە و جۆانڕۆ و کرماشان، خاش، سەراوان، زاهدان، چابەهار و مێهرستان و … حەوزەکانی ئینتخابات بەتەواوی چۆڵ بوون و لە زۆربەیاندا هیچ کەس نەبیندراوە.
ئەم ڕاپۆرتانە نیشانی دەدەن کە بەپێچەوانەی ئیدیعاکانی سەرانی ڕژیم، بۆ جارێکی تر بژاردەی “ڕەئی بێ ڕەئی”، “ئینتخابات بێ ئینتخابات”، “ئێمە ئیتر دەنگ نادەین”، “نا بۆ کۆماری ئیسلامی”، “تەنیا لەسەر شەقامەکان، دەگەین بە مافمان”، کە پێشتر لە بەیاننامە و دروشمەکانی کرێکارانی نەوت و پێترۆشیمی، موعەلیمان، خانەنشینان، ژنانی خەباتکار، دایکانی دادخواز، زیندانییانی سیاسی، خوێندکاران و ناڕازییانی دیکەی کۆمەڵگا ڕەنگی دابووەوە و یان لەسەر دار و دیواری شارەکانی ئێران نووسرابوو، سەرکەوتووی ئەم شانۆ ئینتخاباتییە بووە. لەڕاستیدا زۆرینەی ڕەهای کرێکاران و خەڵکی ئێران کە لەژێر گوشاری هەژاری و گرانی و نەهامەتیی ئابووریدا ئێسقانیان ورد بووە و لە هەڵاواردن و نابەرابەری و کوشتار و قەتڵی حکوومەتی وەگیان هاتوون، بۆ جارێکی دیکە سێناریۆی موهەندسی کراوی باندە حکوومەتییەکان لەژێرناوی ئیتخاباتیان بە شکست کێشا. ئەم شکستە ڕیشەی لە ئەزموونی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی و ئاخێز و بزووتنەوە سیاسی و جەماورییەکانی پێشتر و ڕیشەی لەو ئاڵوگۆڕە مەزنەدایە کە لە زەینییەت و هوشیاریی کرێکاران و جەماوەری خەڵکدا پێکهاتووە.
بەڵام جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی ئێران کە هوشیارانە ئەم شانۆیەی هەڵبژاردنی ڕژیمیان شکست پێهێنا نابێ لەبیریان بچێتەوە کە ستراتێژی کادری ڕێبەریی سپای پاسداران و باندە حکوومەتییەکان بۆ پاراستنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە مەسیری توندکردنەوەی سەرکوت و ئەمنیەتی کردنی فەزای کۆمەڵگاوە تێدەپەڕێ. کادری ڕێبەریی سپا و هەستەی مەرکەزیی ئوسوولگەراکان لەسەر ئەو باوەڕەن کە مانەوەی ڕژیم نەک لە ڕێگەی ڕاکێشانی خەڵک بەرەو سندووقەکانی دەنگدان و بەدەستهێنانی مەشرووعییەتی ئینتخاباتی، بەڵکوو بە مەنتقی توندکردنەوەی سەرکوت دێتە دی. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هەر لەم ڕاستایەدا و بۆ مانەوەی دەسەڵاتەکەی، تۆڕێک لە هێزی ئیتلاعاتی و ئەمنیەتیی حیزبی پادگانیی سپای پاسداران و سازمانی بەسیج لە مەحەلاتی شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران، کە ئەرکی سیخوڕی و خستنە داوی چالاکانی سیاسی و کۆمەڵایەتییان پێ سپێردراوە، بەکار دێنێت. ئەم تۆڕە سیخوڕی و ئەمنیەتییانە لەڕێگەی ڕێکخستن لە خوارەوە و بە پێکهێنان و پەرەپێدانی تۆڕەکانی لاوانی شۆڕشگێڕ، ناوەندەکانی جەماوەری و شۆراکانی گەڕەکەکان دەتوانین تێکبشکێنین.
لە وەها بارودۆخێکدا بۆ تێکشکاندنی ستراتێژی پەرەپێدانی سەرکوت پێویستە ستراتێژییەکی ڕوون بگرینە بەر. کلیلی زەمینگیر کردنی ماشێنی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی لەناو دەستی چینی کرێکاردایە. چینی کرێکار لە جەرگەی بارودۆخی شۆڕشگێڕانەی کۆمەڵگا و بزووتنەوەی مانگرتن و ناڕەزایەتیی ئێستا و بە پشت بەستن بە لێهاتوویی ئەو ڕێبەرە سۆسیالیست و خۆشناوانەی کە لەناو دڵی خۆیدا پەروەردەی کردووە، توانای ئەوەی هەیە کە هێزی خۆی ڕێکخراوتر بێنێتە مەیدان. گەشەپێدان و بەهێزکردنی پەیوەندیی بزووتنەوەی کرێکاری لەگەڵ باقیی بزووتنەوەی پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانێ بەستێنەکانی مانگرتنە سیاسییە جەماوەرییەکان لە سەرتاسەری ئێران ئامادە بکات. ئەو مانگرتنانەی کە ئاوێتەی ڕێپێوانی سەر شەقام و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتین دەتوانن دەزگای سیاسی، ئیداری و ئابووریی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی زەمینگیر بکەن. مانگرتنی سیاسیی جەماوەری کە مانگرتنی کرێکاری لە ناوەندە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنان بڕبڕەی پشتیەتی، دەتوانێ ڕیزی هێزە چەکدارەکان و سپای پاسداران بشێوێنێ و هێزی سەرکوتیان زەمینگیر بکات و بەستێنەکانی ڕێکخستنی ڕاپەڕین و ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئامادە بکات.