فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاپۆرتێک لەسەر بەڕێوەچوونی بەناو هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری لە ئێران
شەممە ۰۹-۰۴-۱۴۰۳   |  29-06-2024

ڕۆژی هەینی ٨ی پووشپەڕ، پڕۆسەی بەناو هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆک کۆماری ئێران لە دوای مەرگی ئیبراهیم ڕەئیسی بەڕێوەچوو کە هەموو هەواڵەکان باس لە بەشداری کەمی خەڵک لەو هەڵبژاردنە و زاڵبوونی کەشێکی ئەمنیەتی توند بەسەر شارەکانی ئێران و بە تایبەت کوردستان دا دەکەن.
بە پێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، سەرەڕای ئاسانکاری ڕژیم بۆ بەشداری کردنی خەڵک لە پڕۆسەی بەناو هەڵبژاردنەکان وەک دانانی بنکەی گەڕۆک و هەڵگرتنی مۆر لەسەر ناسنامە و هیتد، لە زۆربەی شارەکانی کوردستان بنکەکانی دەنگدان چۆڵ بوون و بەشداری کەمی شارۆمەندانی پێوە دیار بوو. هاوکات ڕژیم لە ڕێگای جۆراوجۆری وەک ناردنی کورتەنامە بە ناوی وەزارەتی ناوخۆ و رێبەری کۆماری ئیسلامی تا بانگەواز لە مزگەوتەکانەوە بۆ هاندان و بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردن، هەڕەشە لە هەوارچیەکانی ناوچە شاخاویەکانی کوردستان و بە گشتیی زاڵ کردنی کەشیکی ئەمنیەتی توند و تۆقێنەر بەسەر شارەکانی کوردستان هەوڵی دا خەڵک بەشداری لە شانۆگەری هەڵبژاردن دا بکەن بەڵام لەگەڵ بایکۆتی چالاک و بەرینی خەڵکی کوردستان بەرەوڕوو بوونەوە. هەواڵەکان لە شاری سنە باس لەوە دەکەن، هێزە ئەمنیەتی و لیباس شەخسیەکان لەئاستی شار و نزیک بنکەکانی دەنگدان بڵاوەیان پێ کراوە و بنکەکانی دەنگدان لەو شارە بە تەواوی چۆڵ بوون و ئەو ڕێژە کەمەش کە بەشداریان کردووە خەڵکی ناوچەکانی دیکەی ئێرانەوە بۆ بازاڕگەرمی هەڵبژاردن لە بنکەکانی دەنگدانی شاری سنە ئامادە بوون. خوێندکارانی زانستگای کوردستانیش بە تەواوی بایکۆتی هەڵبژاردنەکانیان کردووە و هەر چەند ڕژیم بە ناردنی سندووقی دەنگدانی گەڕۆک هەوڵی داوە ئاسانکاری بۆ بەشداری خوێندکاران بکات، بەڵام لەگەڵ بایکۆتی چالاکانەی خوێندکاران بەرەوڕوو بۆتەوە. هەواڵەکان لە شارەکانی: بۆکان، مەهاباد، سەقز، دیواندەرە، شنۆ، بانە، ئیلام و کرماشانیش، باس لە جێگیرکردنی هێزە ئەمنیەتییەکان لە ئاستی شار و ئامادەنەبوونی خەڵک لە بنکەکانی دەنگدان دا دەکەن. لە درێژەی گوشارەکانی ڕژیم، لە چەندین ناوچەی دیکەی ئێران و کوردستانیش لە ڕێگای کورتەنامە و تەلەفۆنەوە هەڕەشە لە مامۆستایان، خوێندکاران و قوتابیانیان کراوە لە ئەگەری بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردن لەمپەر بۆ درێژەی کار و دامەزراندنیان درووست دەکرێت. پێویستە بوترێ، لە ڕۆژانی ڕابردوودا و لەدوای دەستپێکردنی بانگەشەی شانۆگەری هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری لە ئێران، شەپۆلێکی بەرین بۆ بایکۆتی چالاکانەی هەڵبژاردن لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات دەستی پێکرد، لە دایکانی گیانبەختکردووی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیەوە تا بەندکراوانی سیاسی زیندانی ئێڤین، حیزب و لایەنە سیاسیەکان و ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتییە سیاسی و مەدەنی و ناسراوەکانی ئێران خوازیاری بەشداری نەکردنی خەڵک لە شانۆگەری هەڵبژاردن بوون.