ڕۆژی هەینی ١٥ی پووشپەڕ، حوکمی بەندکرانی هەتاهەتایی ئەرسەلان خودکام (سوهرابی)، بەندکراوی سیاسیی تەمەن ٥٠ ساڵ، بە بڕیاری لە ناکاوی داواکاری نیزامیی تاران و بەبێ زانیاریی پێشوەخت ڕاگیراوە و ئەو بەندکراوە سیاسییە دوای ڕاگەیاندنی بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی ورمێ، لە زیندان ئازاد کراوە.
ناوبراو ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی ڕەشەممەی پارەکە، دوای پێنج ساڵ و ١٠ مانگ و ١٩ ڕۆژ بەندکرانی بەردەوام، بۆ ماوەیەکی کورت مافی مەرەخەسی پێدرابوو. جێگای ئاماژەیە، ئەرسەلان خودکام، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی مەهابادلە مانگی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوودا بەهۆی نەخۆشیی ئاومرواری بۆ بێهداری زیندانی ناوەندیی ورمێ گواسترابوویەوە. جێگای وەبیرهێنانەوەیە، ئەرسەلان خودکام مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٧، لەلایەن لقی ٣٢ی دادگای سەربازیی ورمێ بەتۆمەتی سیخوڕی بۆ حیزبێکی کوردستانی، حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندرا کە دواتر بەپشتبەستن بە ماددەی ٢٠ی کۆمیسیۆنی لێبوردن و لێخۆشبوون بە یەک پلە داشکاندن بۆ بەندکرانی هەتاهەتایی کەم کرایەوە و ئەو حوکمە ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ بەشێوەی فەرمی بەو هاووڵاتییە ڕاگەیەندرا.