گاردی لێوارئاوەکانی پارێزگای ئێزمیری تورکییە ڕایگەیاندووە، لە ماوەی دوو ڕۆژدا ٤٧ کۆچبەریان لە خنکان ڕزگار کردووە و ژمارەیەکی دیکەشیان دەستبەسەر کردووە.
هێزەکانی پاسەوانیی دەریایی تورکییە، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، توانیویانە ١٥ کۆچبەری نایاسایی لە سنوورە ئاوییەکانی تورکییە لە مەترسی نقوم بوون و خنکان ڕزگار بکەن. هەروەها پۆلیسی تورکییە ڕایگەیاندووە، لە ناوچەی چەشمەی ئیزمیر ١٠ کۆچبەری نایاساییان دەستگیر کردووە کە دووانیان منداڵن. ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ هەینی هەر لە لایەن هێزەکانی پاسەوانی دەریایی تورکییەوە ٣٢ کۆچبەری دیکەی ناسایایی لە نێو بەلەمێکی پلاستیکیی ڕزگارکران، پاش ئەوەی لە لایەن هێزی دەریایی یونانەوە ڕێگەی دەربازبوونیان پێ نەدرابوو. شایانی باسە، لە نێو ئەو ٣٢ کۆچبەرە نایاساییە، ١٧یان منداڵ بوون، بەڵام ناساننامەی کۆچبەرەکانیان ئاشکرا نەکردووە کە خەڵکی چ وڵاتێکن. جێگای ئاماژەیە، لە ناوەڕاست مانگی ڕابردوو، بەهۆی تێکشکانی بەلەمێکی کۆچبەران لە لێوارئاوەکانی ئیتالیا، نزیکەی ٣٥ کۆچبەر خنکان و ٣٠ کۆچبەری دیکەش هەروا بێسەروشوێنن و ١١ کەسی دیکەش لە خنکان ڕزگار کرابوون.