فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

گیان ڵەدەستدانی زیاتر لە ٣٥ هاووڵاتیی بەهۆی بارینی بەخۆڕ لە ئەفغانستان
سێشەممە ۲۶-۰۴-۱۴۰۳   |  16-07-2024

سدیقوڵڵا قوڕەیشی، بەڕێوەبەری بەشی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری ویلایەتی نەنگەرهار، ڕایگەیاندووە: بەهۆی گەردەلوول و بارانی بەخوڕ لە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان لانیکەم ٣٥ کەس گیانیان لەدەست داوە و هەروەها ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، لەنێو قوربانیان دا پێنج ئەندامی یەک خێزان هەبوون، کە بەهۆی داڕمانی سەربانی ماڵەکەیان لە ناوچەی ‘سورخ ڕوود’ گیانیان سپاردووە، هەروەها چوار ئەندامی دیکەی خێزانەکەش بریندار بوونە.
بەڕێوەبەری بەشی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری ویلایەتی نەنگەرهار دەشڵێت: زریانەکە چەندین موڵک و بەروبوومی ناوچە جیاجیاکانی ویلایەتەکەی لەناوبردووە. لە بەرامبەردا ئەمینوڵڵا شەریف، بەرپرسی نەخۆشخانەی ناوچەیی لە نەنگەرهار ڕایگەیاند، ٢٠٧ کەسی بریندار لە جەلال ئابادی پایتەختی ویلایەتەکە و ناوچەکانی دراوسێیەوە بۆ تیمارکردن گواستراونەتەوە. جێگای ئاماژەیە، پڕۆگرامی خۆراکی جیهانیی پێشتر بڵاوی کردبووەوە، بەهۆی باران بارینی بەخوڕ لە ئەفغانستان زیاتر لە ٣٠٠ کەس گیانیان سپاردووە و هەزاران ماڵیش وێران بوونە، کە زۆربەیان لە ویلایەتی بەغلان بوون لە باکووری ئەو وڵاتە.