پەخشان عەزیزی، ڕۆژنامەنووس، ئاریکاری کۆمەڵایەتی و بەندکراوی سیاسی لە زیندانی ئێڤێن کە بە “بەغی” تۆمەتبار کراوە، لەبەرەبەری یەکەمین ساڵی دەستبەسەر کرانی، لە مافی پەیوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ماوەی دوو حەفتەیە کە پەخشان عەزیزی، بەندکراوی سیاسی و دەرچووی بواری ئاریکاری کۆمەڵایەتی، لە لایەن بەرپرسانی زیندانی ئێڤینەوە، مافی چاوپێکەوتن و پەیوەندی گرتنی لێ وەرگیراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی عەزیزی، ماوەی دوو حەفتەی ڕابردوو هەوڵی بنەماڵەی ئەو بەندکراوە سیاسییە بەمەبەستی پەیوەندیگرتن و تەنانەت چاوپێکەوتن لەگەڵ ناوبراو لە بەندیخانەدا ئاکامێکی نەبووە و هەر ئەوە نیگەرانیی بنەماڵەکەی سەبارەت بە بارودۆخی تەندروستیی پەخشان عەزیزی لێ کەوتۆتەوە. جێگای ئاماژەیە، پەخشان عەزیزی ماوەی ٣٤٧ ڕۆژی ڕابردووی بە دەستبەسەرکراوی تێپەڕ کردووە و زستانی ساڵی پار لەلایەن لقی ٥ی لێپرسینەوەی خانەی دادی ئەمنییەتی ئێڤین، بە “بەغی” لە ڕێگای”ئەندامێتی لە گرووپە دژبەرەکانی وڵات” تۆمەتبار کرابوو.