بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ، بەهۆی ئاورگرتنی خێوەتی بنەماڵەیەکی کرێکاری وەرزیی چنینی تەماتە لە گوندی “شەهنیا”ی شارستانی “دێیر”،هەڵکەوتوو لە پارێزگای بووشێهر، کچێکی کەم تەمەنی نزیکەو ٦ ساڵ بەهۆی سووتانی جەستەیەوە گیانی لەدەست دا و دایکیشی ٨٠ لەسەدی جەستەی تووشی سووتان هات و ڕەوانەی نەخۆشخانەی زەینەبییە کرا.
بەرپرسی فریاکەوتنی خێرای شارستانی دێیر لەبارەی ئەم ڕووداوەوە وتی: هەڵکردنی ئوجاق گاز بۆ گەرم ڕاگرتنی خێوەتەکە بووەتە هۆی گڕگرتنی و لەئاکامدا سووتانی ئەم دایک و منداڵەی لێکەوتووەتەوە.
شایانی باسە، لە شارستانی دێیر چنینی بەشێک لە تەماتە لە وەرزی زستاندا ئەنجام دەدرێت و هەربۆیە کرێکارانی وەرزی لەگەڵ بنەماڵەکانیان لە پارێزگا و شارستانە جۆراوجۆرەکانەوە بۆ کاری تەماتەچنین دەڕۆنە ئەو ناوچەیە و لە خێوەتدا دەمێننەوە و بەخاتری ساردبوونی هەوا بۆ ئامادەکردنی خۆراک و گەرم ڕاگرتنی خێوەتەکانیان لە ئۆجاقی گاز کەڵک وەردەگرن