بەپێی زانیارییەکان، ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٢٩ی پووشپەڕ، “عیسا ئیبراهیمزادە” بەندکراوی سیاسی خەڵکی گوندی “دێ شەمس” سەر بە شاری شنۆ، بەهۆی درێژ نەکردنەوەی ماوەی مەرەخەسییەکەی لە ڕێگەی خواردنی ژەهرەوە هەوڵی خۆکوشتنی داوە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، عیسا ئیبراهیم زادە دوای هەوڵی خۆکوشتنی بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ورمێ گواستراوەتەوە و بارودۆخی تەندروستیی ناجێگیرە. جێگای ئاماژەیە، عیسا ئیبراهیمزادە، دوای ماوەیەکی زۆر بەمەبەستی داواکردنی مافی مەرەخەسی، لە ئاکامدا بە ڕەزامەندیی بەرپرسانی زیندان بەمەبەستی کاری کشتوکاڵ، کە تەنیا سەرچاوەی بژێوی ژیانی بنەماڵەکەیەتی، لە زیندانی ناوەندیی نەغەدە بۆ مەرەخەسی نادرابوویەوە. پێویست بە ئاماژەیە، ناوبراو لە ڕێکەوتی ١٥ی مانگی ڕێبەندانی پارەکە دەستبەسەر و بۆ زیندانی ناوەندیی شنۆ گواسترابوویەوە و دوای دوو ڕۆژ، لە ڕێگای پەیوەندییەکی کورتدا ڕایگەیاندبوو کە بەمەبەستی تێپەڕکردنی سزاکەی بۆ زیندانی ناوەندیی نەغەدە گواستراوەتەوە.