بەپێی ڕاپۆرتەکان، پەخشان عەزیزی، بەندکراوی سیاسی خەڵکی شاری مەهاباد لە لایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تاران بە تۆمەتی “بەغی” لە ڕێگای “ئەندامێتی لەو گرووپانەی کە دژ بە حکوومەتی ئیسلامی شۆڕشی چەکدارانەیان کردووە و ڕێبەرییەکەیان یاغییە” حوکمی ئێعدام و بە تۆمەتی ئەندامەتی لە “پژاک” حوکمی ٤ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
دانیشتنی پێداچوونەوە بە دۆسیەی ئەو هاووڵاتییە لە ڕۆژانی ٨ و ٢٧ی مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ بەڕێوە چووە و ڕۆژی سێشەممە ٢ی گەلاوێژ بڕیاری دادگا بە پارێزەرەکانی ڕاگەیەندراوە. سەپاندنی حوکمی ئێعدام بەسەر پەخشان عەزیزی لەحاڵێکدایە کە ناوبراو ماوەی چەند مانگی سەرەتایی دەستبەسەرکرانەکەی لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە و دادگاییکردنی دۆسیەکەی لە پرۆسەیەکی ناڕوون و نادادپەروەرانەدا بەڕێوە چووە. جێگای ئاماژەیە، پەخشان عەزیزی، ڕۆژی ١٣ی گەلاوێژی ساڵی ڕابردوو، لە شارۆچکەی خەرازیی شاری تاران لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کرابوو. ئەو ڕۆژنامەنووسە ڕۆژی ٢٠ی سەرماوەزی پاەکە، لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین، ناسراو بە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ بەندی ژنانی ئەو زیندانە گواسترابوویەوە.