لەماوەی مانگەکانی ڕابردوودا مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرتاسەریی مامۆستایان و لە ناڕەزایەتی بە بەڕێوەنەچوونی کامڵی ڕیزبەندیی مامۆستایان، بایەخ نەدان بە گەڵاڵەی هاوسانسازی، بەکردەوەدەرنەهاتنی ماددەی ٦٤ی یاسای خزمەتگوزاریی وڵات، بەڕێوەنەچوونی ئەسڵی ٣٠ی یاسای بنەڕەتی سەبارەت بە پەروەردەی بێبەرامبەر، و هەروەها ناڕەزایەتی بە دەستبەسەرکرانی مامۆستایان و پەروەندەسازی دژبە چالاکانی مامۆستایان بەڕێوەچووە. خواستەکانی تری مامۆستایان هاوسانسازیی کامڵی خانەنشینکراوان، پێدانی کامڵی مووچە دواخراوەکان، دامەزراندنی مامۆستایان خەریدی خەدەماتی ئامووزشی، ستانداردکردنی مەدرەسەکان و ئازادیی مامۆستایانی بەندکراو بووە.
لەدرێژەی ئەم ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەدا، شۆرای هەماهەنگیی ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایانی ئێران لە دوو ڕاگەیەندراودا وێڕای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی سەرتاسەری لە ڕۆژانی ٢٣ و ٢٧ی مانگی ڕێبەندان، ڕۆژانی ی٣٠ ڕێبەندان و ٣ی ڕەشەممەی وەک ڕێکەوتی بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و سەرتاسەریی مامۆستایان ڕاگەیاند. لەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: “مامۆستایانی ڕێزدار، شۆرای هەماهەنگی بەخاتری پەیامی یەک لە دوای یەک و داواکارییەکان، ڕێکەوتی ڕۆژانی کۆبوونەوەی گۆڕیوە، بێگومان ڕەوتی کۆبوونەوە لە مانگی ڕەشەممە و ساڵی داهاتوو بەشێوەی جیددیتر و جیاواز پەیگیری دەکرێت”. شۆرای هەماهەنگی ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایان لە بانگهێشتەکەیدا ڕوو بە دەوڵەت و مەجلیس سەبارەت بە بەڕێوەبردنی “گەڵاڵەی ڕیزبەندی” نووسیی: “بە زمانێکی سادە و ساکار دەبێ بە دەوڵەت مەجلیس بوترێت کە ١٢.٥ هەزار ملیارد تمەن تەنیا دەبێتە هۆی چوونەسەرەوەی یەک تا سێ ملیۆن تمەنیی حقووقەکان بۆ هەر مامۆستایەک، و ئەوەش بەشێوەیەکی ئاشکرا دژایەتیی هەیە لەگەڵ گەڵاڵەی ڕیزبەندی بەپێی هاوتەرازی و بەرنامەی شەشەمی گەشەدان و بەڵگەی گۆڕانکاریی بنەڕەتی”. لەلایەکی دیکەوە ٢٩ ڕێکخراوی سەربەخۆ، بە بڵاوکردنەوەی بانگهێشتێکی هاوبەش داوایان لە خانەنشینکراوانی سەرتاسەری وڵات کردووە کە لە کۆبوونەوەی سەرانسەریی یەکشەممە ٢٤ی ڕێبەندان لە ناڕەزایەتی بە جێبەجێ نەکرانی خواستەکانیان بەشداری بکەن. ڕێکخراوی سەربەخۆی خانەنشینکراوان لە بانگهێشتەدا وێڕای تەئکید لەسەر ٧ خواستی خۆی ڕایگەیاندووە کە هەتا گەیشتن بە خواستە ڕەواکانیان دەست لە ناڕەزایەتی و کۆبوونەوە هەڵناگرن.
مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرتاسەریی مامۆستایان و خانەنشینکراوان لە مانگەکانی کۆتایی ساڵ، هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی دانشیتنی شۆرای باڵای کار و ناوەندە دژەکرێکارییەکانی سەربە ڕژیم بۆ دیاریکردنی لانیکەمی حەقدەست درێژەی هەیە. وتووێژی ناوەندە دژەکرێکارییەکانی ڕژیم بۆ دیاریکردنی لانیکەمی حەقدەستی ساڵی ١٤٠١یش وەک ساڵانی پێشوو، بە لێکدانەوەی ڕەسمیی سەبەدی یژێوی بنەماڵە دەستی پێکرد. لە دانیشتنی ١٦ی ڕێبەنداندا، نرخی سەبەدی بژێوی بنەماڵە کرێکارییەکانی ئێران، ٨ ملیۆن و ٩٧٩ هەزار تمەن، بەراورد کراوە، ڕەقەمێک کە لەگەڵ پێشبینی و چاوەڕوانییەکانی کرێکاران یەکجار جیاوازە. لەحاڵێکدا کە لە وتووێژەکانی حەقدەستی ساڵی ١٤٠٠دا، سەبەدی بژێو بەپێی هەزینەی خۆراکییە دیاریکراوەکان، نزیکەی ٦ ملیۆن و ٩٩ هەزار تمەن بەراورد کراوە، بەڵام پایەی حقووقی خانەنشینکراوان، کەمتر لە ٣ ملیۆن تمەنە. خانەنشینکراوێک بە هەموو خزمەتگوازرییەکانەوە تەنیا ٤ ملیۆن تمەنی پێ دەدرێت. بەسەرەنجدان بەوەیکە نرخی سەبەدی خۆراکییەکان، نزیکەی ٣ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار تمەنە، پرسیار ئەوەیە کە ئایا بە ٣ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار تمەنەوە بنەماڵەیەکی ٣.٣ کەسی دەتوانێ پێداویستییە سەرەکییەکانی خۆی دابین بکات؟ ئایا بە باقیی نرخی ئەم سەبەدە کە بۆ پێداویستییە زەروورییەکان دیاری کراوە، دەکرێ هەزینەی دەرمان، پەروەردە، کرێ خانوو، پێداویستی ناو ماڵ و خەرجی هاتووچۆی ڕۆژانەی پێ دابین بکرێت؟
ئەوەیکە مامۆستایانی لە پانتایی سەرتاسەریدا بەرەو ناڕەزایەتی و مانگرتن بردووە و لەئاستێکی بەریندا هێناونێ سەر شەقامەکان ڕیشەی لە بۆشایی چینایەتی، هەژاری و فەلاکەت، نابەرابەری و دیکتاتۆریی لەئاستی ئێران دایە. ڕوون و ئاشکرایە کە بەکردەوەدەرهێنانی سیاسەتی نێئۆلیبرالی لەلایەن هەموو باڵە سیاسییەکانی ناو حکوومەت و نیزامی سەرمایەداریی دەسەڵاتدار، لە لایەکەوە پەلاماری ئاشکرا و بەرین بۆسەر هەستیی کۆمەڵایەتی، مەعیشەت و مەنزەلەتی مامۆستایان بووە کە بەمجۆرە ئەوانی بەرەو موقاومەت و ناڕەزایەتی بردووە. هاوکات دواهاتی ڕاستەوخۆ و گشتگیربوونی ئەم سیاسەتانە، خسووسی سازیی سیستەمی پەروەردە و زانکۆکان و بەشوێنیدا بەپارەبوونی فێرکارییە کە دواهاتە زیانبارەکانی زیاتر لەسەر شانی منداڵانی کرێکاران و هەژاران قورسایی دەکات. لەڕاستیدا هەزینەی سەرسووڕهێنەری خوێندن بووەتە هۆی ئەوەیکە خوێندکارانی چینی کرێکار و توێژە هەژارەکانی ناو کۆمەڵ دەست لە خوێندن هەڵگرن و بە لەشکری بەرینی منداڵانی کار و شەقام پەیوەست بن. هەربۆیە بزووتنەوەی مامۆستایان بە درووستی بە هێنانە گۆڕی داخوازی و درووشمی وەک “پەروەردەی بێبەرامبەر”، “نا بۆ خسووسی سازی”، “نان، کار، ئازادی- پەروەردە ڕزگاری، “بەڕێوەبردنی شۆرایی مەدرەسە”، “مافی فێرکردن بە زمانی دایک”، “نا بۆ هەڵاواردن” و زۆر خواستی گشتیی دیکە، بەستێنە بابەتی و ماددییەکانی پەیوەست بوونی خوێندکاران و بنەماڵەکانیان بە مانگرتن و خەباتی ڕەوای مامۆستایان دابین کردووە.
ئەزموونی بزووتنەوەی مامۆستایان و بەشداریی بەرین و بەرچاوی ژنان لە پێشەوەی ئەم بزووتنەوەیە گەلێک دەرسی بەنرخ دەخاتە ئیختیارمانەوە کە پێویستە لە باقی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە ڕادیکاڵەکانیشدا کەڵکی لێوەربگیرێت. یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی دیکەی ئەم بزووتنەوەیە، ڕێکخراوبوونیەتی کە ڕێگە بە مامۆستایان دەدات کە ئاستی سەرتاسەریدا مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانیان ڕێک بخەن و بەڕێوەی بەرن. ئەم ئەزموونە نیشانی دەدات کە کە هەوڵ بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوی سەربەخۆ و جەماوەری لە شوێنی کار و ژیانی چینی کرێکار و توێژە بێبەشەکان، و هاوکات پەیوەنددانیان لەئاستی مەحەلی و ئۆستانی و سەرتاسەری، پێداویسیتییە بابەتی و زەینییەکانی پێشڕەویی خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشان دابین و زەمانەت دەکات. تەنیا لەسەر بەستێنی پێشڕەویی هەنگاو بە هەنگاو و گرتنەوەی سەنگەری خەباتکارانەیە کە بزووتنەوەی دژەسەرمایەداری و دژەدیکتاۆری دەتوانێ خۆی بۆ بزووتنەوەیەکی گشتی و سەرتاسەری، بۆ تێکەوەپێچانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و شۆڕشی کۆمەڵایەتی ئامادە بکات.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە