ڕۆژی دووشەممە ٨ی گەلاوێژ، بۆ سێ کەس لە دەستبەسەر کراوانی شۆڕشی ژینا بە ناوەکانی “کامران سوڵتانی ، ڕەئوف شێخ مەعروفی و محەمەد فەرەجی” خەڵکی شاری بوکان، داوای حوکمی”فساد فی الارض و موحاربە” دەرچووە و ڕەوانەی لقی یەکی دادگای شۆڕشی مەهاباد کراوە.
محەممەد فەرەجی ، ڕەئوف شێخ مەعروفی و کامران سوڵتانی سێ شارۆمەندی خەڵکی بۆکان لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ساڵی ١٤٠١ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەم شارەوە دەستبەسەر کرابوون. بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، رەئوف شێخ مەعروفی لە پەروەندەیەک بە “ئەفساد فی الارض” تۆمەتبار کراوە و دۆسیەکەی دوای دەرچوونی داواکاری سزادان ڕەوانەی لقی یەکی دادگای شۆڕشی مەهاباد کراوە. هەروەها لە لقی یەکی دادگای کەیفەری بۆکان، دۆسیەیەکی دیکەی لە سەری تۆمار کراوە بەڵام هیچ زانیاریەک لە سەر تۆمەتە وەپاڵدراوەکان لە دژی ئەم شارۆمەندە لەم دۆسیەیە بەردەست نییە. هەروەها محەممەد فەرەجی و کامەران سۆڵتانی لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا بە “موحاربە” تۆمەتبار کراون و دۆسیەکەیان دوای دەرچوونی داواکاری سزادانەکە ڕەوانەی لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەهاباد کراوە.