بەپێی ڕاپۆرتەکان، کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ٩ی گەلاوێژ، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری بۆکان، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بنەماڵەی ئەحمەد حەسەنزادە تەمەن ٥٧ ساڵ لە باوکانی دادخوازی بزووتنەوەی “ژن ژیان ئازادی” و ناوبراویان لەگەڵ کچەکەی “سۆلماز حەسەنزادە” تەمەن ٣٠ ساڵ دەستبەسەر کردووە.
شایانی باسە، ئەمڕۆ ساڵڕۆژی لەدایکبوونی محەممەد حەسەنزادە بووە و بنەماڵەکەی لە هەوڵی ئامادەکاری بەمەبەستی بەڕێوەبردنی ساڵڕۆژی لەدایکبوون بۆ ڕۆڵە گیانبەخت کردووەکەیان بوون. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو بنەماڵە دادخوازە و هاوکات لەگەڵ دەستبەسەرکران و لێدانی ئەحمەد حەسەنزادە و سۆلماز حەسەنزادە، هاوژینی ئەحمەد حەسەنزادەش بەسەختی لەلایەن ئەو هێزانەوە لێیدراوە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو دوو ئەندامەی بنەماڵە دادخوازەکان و هەروەها چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە. جێگای وەبیرهێنانەوەیە، محەممەد حەسەنزادە ئێوارەی چوارشەممە ٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠١ لە ڕەوتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی بۆکان و لەحاڵێکدا کە هەوڵی ڕزگارکردنی کچێکی دابوو کە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژیم ڕفێندرابوو، بە چەندین زەربەی چەقۆ و هەروەها گوللەیەکی هێزە حکومەتییەکان کە لەسەر سینگ و دڵی پێکرابوو گیانی لەدەستدا.