ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکا بڵاوی کردووەتەوە، لە دوای کوژرانی ئیسماعیل هەنییە سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس، حکوومەتی ئێران زیاتر لە ٢٠ کەسی لە تاران دەستگیر کردووە کە لە نیویاندا، ئەفسەری هەواڵگری، بەرپرسانی سەربازیی و کارمەندانی دەستەی میوانداری شوێنی حەوانەوەکەی هەنییەی تێدایە.
ڕۆژنامە ئەمریکییەکە لە زاری بەرپرسێکی سپای پاسداران ئاشکرای کردووە، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بۆ پێشوازی لە بەرپرسە باڵاکان گۆڕانکاریی بەسەر پرۆتۆکۆلە ئەمنییەکاندا هاتووە. ئەمەش لە کاتێکدا ئێران دوو ڕاگەیەندراوی لە بارەی لێکۆڵینەوەکان لە چۆنێتی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە و پاسەوانە تایبەتەکەی بڵاوکردووەتەوە، بەڵام هیچ یەکێک لە ڕاگەیەندراوەکان وردەکارییەکانی ڕووداوەکە و دەستگیرکردنی هیچ گومان لێکراوێکیان باس نەکردووە. ئیسماعیل هەنییە سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمی سوێند خواردن و دەستبەکاربوونی مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری نوێی کۆماری ئیسلامی چووبووە تاران، دوای ڕێوڕەسمەکە کاتژمێر دووی شەو بە کاتی تاران لە هێرشێکدا، خۆیی و پاسەوانە تایبەتەکەی کوژران، لە کاتێکدا لە شوێنێکی پارێزراوی حەوانەوەدا بوون کە شوێنەکە دەکەوێتە ناوچەی ئەمنی ژێر کۆنترۆڵی سپای پاسداران.