بە پێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی شەممە ١٣ی گەلاوێژ، لە ئەنجامی پێکدادانی ئۆتۆمبێلێکی نیسان و مینی بوسێکی هەڵگری کرێکارانی وەرزی لە ڕێگای نێوان “سەرچەم بۆ میاندواو” لە نزیک ئاوایی “تەک ئاغاج”، لانیکەم ٢٠ کەس لە سەرنشینەکانی مینی بوسەکە بریندار بوون.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، لەم ڕووداوە دوو کەس لە برینداران لە شوێنی ڕووداوەکە چارەسەری پزیشکییان وەرگرتووە و ١٨ کەسەکەی دیکەش بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی بنکەکانی تەندروستی میاندواو کراون. لە لایەکی دیکەوە، هەمان ڕۆژ کرێکارێکی بیناسازی بە ناوی “پەرویز نەقشین” خەڵکی سەڵماس لە کاتی کارکردن لە بینایەک لە ورمێ بە هۆی کەوتنە خوارەوە لە بەرزایی گیانی لە دەستدا. هەروەها وەستا کارێکی بەستنی ئارماتۆڕ بە ناوی “رەسوڵ فروزش” خەڵکی سەقز ، بە هۆی تەزووی کارەباوە لە ئاکامی نەبوونی کەرستەی پارێزراو و ستاندارد لە شوێنی کارەکەی گیانی لە دەستدا.