بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ١٦ی گەلاوێژ، حوکمی ئێعدامی “ڕەزا ڕەسایی” بەندکراوی سیاسیی تەمەن ٣٤ ساڵی خەڵکی شاری سەحنە سەر بە پارێزگای کرماشان، بەنهێنی و بێ ئاگاداربوونی بنەماڵەکەی لە زیندانی ناوەندیی کرماشان جێبەجێ کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ناوەندە ئەمنییەکان ئەمڕۆ بەیانی بنەماڵەی ڕەساییان ئاگادار کردووەتەوە کە کوڕەکەیان لەسیدارە داوە و هۆشدارییان پێیان داوە کە مافی ئەوەیان نییە تەرمی ڕۆڵەکەیان لە زێدەکەی خۆی واتە شاری سەحنە ئەسپەردە بکەن. جێگای ئاماژەیە، ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی بەفرانباری پارەکە، پەروەندەی ڕەزا ڕەسایی لە لایەن سەرۆکی لقی دووی دادگای تاوانەکانی یەکی کرماشان و ئەو دادوەرەی کە حوکمی سێدارەی بەسەر ئەو بەندکراوە سیاسییەدا سەپاندووە، بۆ ژووری جێبەجێکرانی سزاکانی دادگوستەریی تەواوی پارێزگای کرماشان نێردرابوو. ئەمە لەحاڵێکدایە کە حوکمی ئێعدامی ڕەزا ڕەسایی، دوو حەفتە پێش ناردنی دۆسیەی ناوبراو، لە لایەن دیوانی باڵای کۆماری ئیسلامییەوە پشتڕاست کرابووە.