بە پێی ڕاپۆرتەکان، سۆڵماز حەسەنزادە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە بارودۆخی ناڕوونی و بێبەشکرانی لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، لە ڕۆژی سێشەممە ١٦ی گەلاوێژوە، لە ژووری تاکەکەسی زیندانی ناوەندی ورمێ مانی لە خواردن گرتووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە لە یەکەم ڕۆژی گواستنەوەی بۆ زیندانی ورمێ تا ئێستا لە ژووری تاکەکەسی ئەم زیندانە ڕاگیراوە بۆ بەندی گشتی نەگواستراوەتەوە، هەروەها لە مافی هەبوونی پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە. جێگای وەبیرهێنانەوەیە، سۆڵماز حەسەنزادە و ئەحمەد حەسەنزادە ڕۆژی سێشەممە ٩ی گەلاوێژ، هاوکات لەگەڵ ساڵڕۆژی لەدایکبوونی محەممەد حەسەنزادە لە کاتی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵیان، بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەرکرابوون. ئەحمەد حەسەنزادە باوکی محەممەد حەسەنزادە کە لە زیندانی ناوەندی بۆکان دەستبەسەر کرابوو، ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی گەلاوێژ، بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو. لەلایەکی دیکەوە، ئەمڕۆ یەكشەممە ٢١ی گەلاوێژ، دایە “عەزیمە حەسەنزادە” و “ئەحمەد حەسەنزادە” دایك و باوكی محەممەد حەسەنزادە، لاوی گیانبەختكردووی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆكان بانگكراون و لێپرسینەوەیان لێ كراوە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە زانیارییەک ورد لەسەر هۆکاری بانگکرانی ئەو دوو ئەندامەی بنەماڵە دادخوازەکان لەبەر دەستدا نییە.