بەپێی ڕاپۆرتەکان، بەهۆی وەڵامنەدانەوەی بەرپرسان و بێ توانایی ڕژیم لەئاست جێبەجێ کردنی خواستی کرێکاران، پەرەستاران، خانەنشین کراوان و موعەلیمان لە شارەکانی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی گەلاوێژ، شایەتی بەڕێوەچوونی لانیکەم ١٨ کۆبوونەوەی ئێعتڕازی توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگا بووین.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، پەرەستارانی ناڕازی بۆ چەندەمین ڕۆژی بەردەوام لەئاست جێبەجێ نەکرانی خواستەکانیان لە شارەکانی قەزوێن، جەهرۆم، یاسووج و شەش ناوەندی دەرمانی مەشهەد، دەستیاندایە کۆبوونەوە. لە لایەکی دیکەوە، کۆمەڵێک لە خانەنشین کراوانی سندووقی پۆڵا لە شارەکانی تاران، مەشهەد، کرماشان، شووش، ئیسفەهان، قائێمشار و دامغان، کۆمەڵێک لە کرێکارانی وەبەرهێنانی نەوت و گازی ئاغاجارێ و ژمارەیەک لە کرێکارانی شیرکەتی ئاو و فازڵاوی شارستانی دڵگان، بە کۆبوونەوە لە شوێنی کارەکانیان، خوازیاری وەڵامدانەوەی بەرپرسانی پەیوەندیدار بە کێشە و گرفتەکانیان بوون. هاوکات لەگەڵ ئەم شەپۆلە لە ناڕەزایەتییەکان، کرێکارانی شیرکەتی “نێگین فام” لە خوزستان، لەئاست نەدرانی حەقدەست و مەزایاکانیان و هەروەها جێبەجێ نەکرانی خواستەکانی دیکەیان، دەستیان لە کار کێشایەوە و مانیان گرت.