لەماوەی زیاتر لە چوار دەیە دەسەڵاتی دژەژنی سەرمایەداریی ئیسلامی کە هەر لە ڕۆژانی یەکەمەوە دژبە ژنانی ئێران شمشیری لە ڕووەوە بەست، قەتڵی دڵتەزێنی نامووسی، وەک دواهاتی سەرکوتی سیستەماتیکی ژنان لەئاستی کۆمەڵگادا پەرەی سەند. ڕژیمی ئیسلامی کە پیاومەزنی یەکێک لە پایەکانی دەسەڵاتەکەیەتی، پیاوانی کردووەتە هاوبەشی تاوانەکانی خۆی. دیارە ستەمی ژنان لەو کاتەوە دەستی پێکرد کە کار لە نێوان ژن و پیاودا دابەش کرا و پەرەسەندنی ئەم دابەشکارییە و کەڵکرانی سەروەت، بەرەبەرە بوو بە ستەمێک کە بە داب و نەریت، ئایین و یاساکان شکڵی پێناسەیی و یاسایی بەخۆی گرت. لە کۆمەڵگە سەرەتاییەکاندا ئەوانەی کە دەبوونە خاوەنی سەروەتی کەڵەکەکراوی بەرهەمهاتوو لە کاری کۆمەڵایەتی، دەبوایە ئەرخەیان بن ئەم سەروەتە بە منداڵەکانیان دەگات، هەربۆیە کۆنتڕۆڵکردنی جەستەی ژن و هەبوونی تەنیا یەک هاوسەر بوو بە زەروورەتێک کە پێویست بوو بە هەر شێوەیەک کە بووە بەڕێوەبچێت و درێژەی بووایە. کەوابوو تەنانەت بەر لە ئایین و مەزهەبە ناسراوەکانی ئەمڕۆش، باوک سالاری، پیاوسالاری و ستەم لەدژی ژن بوونی هەبووە. بەڵام ئایین و مەزهەبەکان ستەمی ژنانیان بە مەشرووعییەتی ئیلاهی پێناسە کرد. ئاسمانی کردنی ستەم بەرانبەر بە ژنان لەلایەن دینەکانی یەهوودییەت، مەسیحییەت و ئیسلام، هێستاش یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی سەر ڕێگای ژنانی سەرتاسەری جیهانە. دووکەڵی باوەڕی دینیی سەرتربوونی پیاو لە ژن، تەنیا نەچووەتە چاوی ژنانی یەک کۆمەڵگەوە. پێدۆفیلیسم و کەڵکی نابەجێ وەگرترن لە منداڵانیش ڕیشەی لە باوەڕە دینییەکان دایە. ئەم جەنایەتانە سەرەڕای هەموو ڕەخنە کۆمەڵایەتییەکان و پەراوێزخرانی مەزهەب لە کۆمەڵگاکانی ڕۆژاوا، کەم و زۆر لە ئارا دان. ئەو ئۆسقۆفە گەورانەی کە خۆیان پێدۆفیل بوون و یان هەوڵیان داوە دەستدرێژی بۆسەر منداڵی سێ ساڵە داپۆشن، هی کلتوورێکن کە ئیمتیازی دایک و باوک، بە هەر شێوەکی مومکین دەپارێزێت. بێ دەلیل نییە کە ناوەندە دینییەکانی وەک حەوزەی عیلمیە بوونەتە ناوەندی دەستدرێژی بۆسەر منداڵان. خودی ئەوەیکە توندوتیژی یان قەتڵی نامووسی لەلایەن پیاوی بنەماڵەوە ئەنجام دەدرێت ئەو زەروورەتە ئاشکرا دەکات کە خەبات لەدژی کلتووری پیاوسالاری پێویستە لەناو بنەماڵەکان و شوێنەکانی پەروەردە کە تێیاندا ژنان بێ هیچ پشت و پەنایەک دەبنە کۆیلە، دەست پێبکەین.
ئێمە دەبێ بتوانین بە پشت بەستن بە ئاگاداربوون و تێگەیشتن لە ڕیشەکانی ستەمی ژنان لە کۆمەڵگای سەرمایەداری، نەتەنیا ژنانێک بار بێنین کە تەسلیمی توندوتیژی نەبن، بەڵکوو پیاوانێکیش تەحویلی کۆمەڵگا بدەین کە خەباتی بێ ئەمان دژبە هەموو جۆرە ستەم و توندوتیژییەک بەرامبەر بە ژنان، بە ئەرکی هەمیشەیی خۆیان بزانن. ئەم بابەتە پێویستی بە کلتوورێکی پێشکەوتوو و ئینسانی و جێخستنی لەناو کۆمەڵگا دایە. کاتێک دەزانین کە ستەم لەدژی ژنان لە چییەوە سەرچاوە دەگرێت، چۆن لەڕێگەی دینەوە موقەددەس دەکرێت، چۆن کۆماری ئیسلامی وەک دەسەڵاتێکی سەرمایەداری ئیسلامیی ژن بەچاوی بوونەوەرێک دەبینێت کە تەنیا ئامرازی وڵامدانەوە بە پێداویستییەکانی پیاوە، دەبێ بتوانین وێڕای لەقاودانی ئەم وەزعییەتە، فەرهەنگی پێشکەوتووی خۆشمان پێک بێنین. بەخۆشییەوە ئەمڕۆ گواستنەوەی خێرای زانیاری لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پێک هاتووە. کەوابوو ئەو دەرفەتە بوونی هەیە کە کۆمۆنیستەکان، هێزە پێشکەوتووەکانی کۆمەڵگا و چالاکانی ژنان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەیکە خەبات لەدژی پیاوسالاری لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستە، بوێرانەتر بێنە مەیدان. لەم ڕۆژانەدا بەسەرەنجدان بە ڕەوتی ڕوو لە گەشەی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری، مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرانسەریی مامۆستایان و خانەنشینکراوان کە ژنان ڕۆڵێکی بەرچاویان لەم خەباتەدا وەئەستۆیە و هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی کاریگەرییەکانی ئەم خەباتە لەسەر کەشوهەوای سیاسیی کۆمەڵگا، خەبات لەدژی شکڵەکانی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنانیش، بە هاوسەنگییەکی باشترەوە لەئارا دایە.
ناوەندی پیشەیی مامۆستایانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا کە ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی ڕێبەندان بڵاوی کردەوە، حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی وەک تاوانباری سەرەکیی کوژرانی مۆنا حەیدەری، ژنی ١٧ ساڵەی ئەهوازی پێناسە کردووە. لەم بەیاننامەیەدا کە لە تێلێگرام و ئینستاگرامی ئەم ناوەندەدا بڵاوکراوەتەوە، هاتووە: “کوژرانی مۆنا حەیدەری، منداڵ هاوسەری ئەهوازی، بە بێ بەستێنسازیی یاسای دژەژن ڕووی نەدەدا. ئەوەیکە منداڵێک لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا بە پێداگریی بنەماڵە و بە بێ ئەوەیکە لە پشتیوانیی یاسایی بەهرەمەند بێت ناچار بە هاوسەرگیری دەکرێت، دەستپێکی ئەو ڕووداوانەیە کە لە نیهایەتدا دەگا بەو جێگایەی کە سەری بڕاوی لە کۆڵان و شەقامەکاندا بسووڕێننەوە”.
ناوەندی پیشەیی مامۆستایان، یاساکانی ئێستای ئێران “دواکەوتووانە” وەسف دەکات و تەئکید دەکاتەوە کە: “ئەم یاسایانە زۆرترین زیانیان بە ژنانی کۆمەڵگای ئێران گەیاندووە و بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ خواستی خەڵک، نەریتی کۆمەڵگا و ڕوانگەی ئەوڕۆیی ژنانی ئێران یەک ناگرنەوە”. ئەم بەیاننامەیە یاساکانی ئێستا بە دەرفەت بۆ “پیاوانی دەروون پەرێش” دەزانێت تا “بە ئاسوودەییەوە دەست بدەنە تاوان دژبە ژنانی کۆمەڵگا، کە نەیانویستووە لە چوارچێوەی باوەڕی کۆنەپەرستانە و سوننەتیی زاڵدا بژین”.
ناوەندی پیشەیی مامۆستایانی ئێران دەسەڵاتی ئێستای ئێران و کۆماری ئیسلامی بە بەرپرسی ئەم قەتڵانە دەزانێت. بزووتنەوەی مامۆستایان بەلەبەرچاوگرتنی پەیوەندییەکی نزیک کە لەگەڵ نەسلی لاو و بنەماڵەکانیان هەیەتی، دەتوانێ ڕۆڵێکی یەکجار کاریگەری لەسەر خەبات دژبە پیاوسالاری لەناو خوێندکاراندا دەست پێبکات و لەسەر پێویستیی ئەم خەباتە تەئکید بکات. بۆ خەباتێکی کاریگەر لەدژی قەتڵە نامووسییەکان و هەرجۆرە ستەم و هەڵاواردنێک بەرامبەر بە ژنان پێویتسە ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش لە ئاستی ملیۆنیدا بێنە مەیدان.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە