فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

جیهان بەرەو کوێ دەڕوات، مەترسی و دەرفەتەکان – بەشی یەکەم
شەممە ۱۰-۰۶-۱۴۰۳   |  31-08-2024

لەماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا لە جەرگەی قەیرانی نیزامی سەرمایەداری و پەرەسەندنی کێبەکێی دەسەڵاتەکانی سەرمایەداری بۆ پەرەپێدانی ناوچەکانی نفووزیان، پەیوەندیی ئەم دەسەڵاتانە لەسەر ئاستی جیهان و لە ناوەندە جۆراوجۆرەکان بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەکجار گۆڕاوە و جیهانی بەرەوڕووی مەترسی کردووەتەوە. دوای کۆتایی شەڕی سارد و داڕمانی بلۆکی ڕۆژهەڵات، دەسەڵاتی ئابووریی ئەمریکا وەک سەرۆکی بلۆکی سەرکەوتوو لاواز بوو و دەسەڵاتە ئابوورییە تازەکان سەریان هەڵدا. ئەمریکا کە نەیدەتوانی زیاتر لەوە بە پشت بەستن بە باڵادەستبوونی دەسەڵاتی ئابوورێ هەژمۆنیی خۆی لەئاستی جیهاندا بپارێزێ، هەوڵی دا لەڕێگەی نیزامی و پەرەپێدانی میلیتاریزمەوە، ڕێبەریی خۆی بەسەر جیهانی دوای شەڕی سارددا بسەپێنێ. شەڕی کەنداو، لەشکرکێشی بۆسەر ئەفغانستان و عێراق، دەستێوەردانی سەربازی لە لیبی و سوورییە لایەنی جیاوازی ئەم نمایشە دەسەڵاتە سەربازییە بوون. ئەمریکا لە هەموو ئەم شەڕانەدا نەیتوانی بە ئامانجەکانی خۆی بگات و تووشی شکست بوو. جگە لەم شکستانە، ڕاپەڕینە جەماوەرییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ نموونە لە میسر و توونێس و وڵاتانی تر نیشانی دا کە دەوڵەتی ئەمریکا ناتوانێ بە پشت بەستن بە باڵادەست بوونی لەبواری نیزامییەوە هیچکام لە حکوومەتەکان و دیکتاتۆرییەکانی هاوپەیمانی خۆی لەم ناوچەیە لە مەترسیی ڕووخان دەرباز بکات. لەگەڵ لاواز بوونی پێگەی ڕێبەریی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نەزمی نوێی جیهانیی جۆرج بووش، پڕۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە، یەک لە دەوای یەک خرانە لاوە و پڕۆژەی ئاشتیی ئیبڕاهیم و موعامەلەی قەڕن پەراوێزخران. ئەم ئاڵوگۆڕانە زیاتر لە ڕابردوو لاوازبوونی هەژمۆنی ئەمریکا لەم قۆناغە، کە ڕەوتی ڕووداوەکان بەرەو سەقامگیربوونی جیهانێکی فرە جەمسەری دەڕوات، نیشان دەدات.

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەسەڵاتە ناوچەییەکان لەوانە تورکییە، عەرەبستانی سعوودی و وڵاتانی شۆرای هاوکاریی کەنداو لەو کێبەرکێیانەی لە نێوان ئەمریکا و هاوپەیمانانی ئورووپایی لەلایەکەوە و دەسەڵاتەکانی وەک چین و ڕووسییە لەلایەکی ترەوە لەئارادایە کەڵکیان وەرگرتووە و پەیوەندی ستراتێژیکی ئابووریی خۆیان لەگەڵ چین پەرەپێداوە و ڕێککەوتنی سەربازیی نوێیان ئەنجامداوە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەسەر بەستێنی ئەم کێشمەکێشانە لە قۆناغی گوزار بەرەو سەقامگیربوونی جیهانی چەند جەمسەری، هەوڵیداوە بە ڕێکخستنی هێزەکانی “بەرەی موقاومەت”، بە دەخاڵەتگەریی نیزامی لە ناوەەندەکانی قەیرانی ئەم ناوچەیە و بە بەڕێوەبردنی بەرنامەی ئەتۆمی و گەورەکردنەوەی ئەم بابەتە پشکی خۆی لە نەزمی ناوچەیی داهاتوو سەقامگیر بکات و لەم ڕێگایەوە مانەوەی دەسەڵاتەکەی زەمانەت بکات.

لەم قۆناغەدا دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل تەنها هاوپەیمانی ستراتێژیک و متمانەپێکراوی ئەمریکا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە درێژەی زیاتر لە حەوت دەیە داگیرکاری، شەپۆلێکی تازەی لە کۆمەڵکوژی لە غەززە دەستپێکردووە. ئەمریکا و هاوپەیمانانی ئورووپایی لە ناتۆ سەرەڕای دەربڕینی نیگەرانی لەئاست پەرەستاندنی ئەم شەڕە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەکردەوە لە سیاسەتی ڕەگەزپەرستانەی دەوڵەتی دەستی ڕاستیی نەتانیاهۆ پەیڕەوی دەکەن و لەم جینۆسایدە ئاشکرایەدا هاودەست و هاوبەشن. بورژوازیی دەسەڵاتدار لە ئاڵمان و باقیی هاوپەیمانانی ئەمریکا لە ئورووپا، بە پشتیوانی کردنیان لە دەوڵەتی ئیسرائیل پۆتانسیەلی فاشیستی خۆیان لە سەدەی بیست و یەکیشدا نیشان داوە. لە کاتێکدا کە تاوانی شەڕ لەدژی خەڵکی فەلەستین و حەمامی خوێنێک کە لە غەززە کەوتووەتە ڕێ بیروڕای گشتیی مرۆڤایەتیی ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەبی لە سەرتاسەری جیهان لەدژی دەوڵەتی داگیرکەری ئیسرائیل هانداوە، حکوومەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە ڕیاکارانە سەنگی دیفاع لە خەڵکی فەلەستین لە سینگیان دەدەن و لە هەمان کاتیشدا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل و سات و سەودا لەگەڵ ئەمریکا لەپێناوی بەرژوەندی خۆیان و لەدژی بەرژوەندی خەڵکی ستەمدیدەی فەلەستین هیچ دەرفەتێکیان لەدەست نەداوە. دەوڵەتی فاشیستی تورکییە لە کاتێکدا بۆ خەڵکی فەلەستین فرمێسکی درۆینە دەڕێژێ کە هەر لەم ماوەیەدا لە سایەی بێدەنگیی میدیاکان و چرای سەوزی ئەمریکادا بە درێژەدانی سیاسەتی داگیرکەرانەی خۆی لە کوردستانی سووریە و عێراق بە زەوتکردنی ئەمنیەتی دانیشتووانی ئەم ناوچانە گەلێک جار ژێرخانە ئابووری و خزمەتگوزارییەکانی لە کوردستانی سووریە و گوند و کێڵگەکانی خەڵکی لە کوردستانی عێراق بوردومان کردووە و سەدان کەسی لە خەڵک کوشتووە، بریندار و ئاوارەی کردوون. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە بە بیانووی جەنایەتی جەنگیی دەوڵەتی ئیسرائیل بە درۆ خۆی بە داکۆکیکاری خەڵکی فەلەستین نیشان دەدات، سیاسەتەکانی نە لە خزمەت بەرژەوەندی خەڵکی فەلەستین، بەڵکوو بەکردەوە لە خزمەت بەرژوەندی دەوڵەتی ئیسرائیل و ڕێکخراوی حەماسدا بووە. لەماوەی ئەم ساڵانەدا پشتیوانیی ماڵی و تەسلیحاتیی ڕژیمی ئیسلامی لە حەماس ئەو دەرفەتەی بۆ ڕاستترین حزبەکانی ناو ئیسرائیل پێکهێناوە تا بە گەورەکردنەوەی مەترسیی حەماس و کۆماری ئیسلامی ئامرازەکانی دەسەڵاتی سیاسی و نیزامی بگرنە دەست. ئەوان بە بیانووی حەماس، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، حیزبوڵڵای لۆبنان و باقیی گرووپە تیرۆریستە ئیسلامییەکان، کرێکاران و خەڵکی لایەنگری ئاشتییان لە ئیسرائیل و فەلەستین سەرکوت کردووە. ئاکامی سیاسەتی کۆنەپەرستانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە پشتیوانیکردنی لە ڕەوتە تیرۆریستە ئیسلامییەکانی ناوچەکە ئەوە بووە کە وڵاتانی حەوزەی کەنداو بوونەتە ئەنباری چەکی ئەمریکا و بەردەوام داهاتە نەوتییەکانی ئەم وڵاتانە لەلایەن دەوڵەتی ئەمریکا و دەوڵەتانی دیکەی ڕۆژئاواوە تاڵان کراوە.

لە ئورووپا سەرەڕای تێپەڕینی زیاتر لە دوو ساڵ و نیو لە شەڕی ئۆکراین و بەڕیزبوونی ناتۆ بەرامبەر بە ڕووسیە، بە بێ ئەوەیکە ئاسۆیەک لە سەرکەوتنی نیزامی بەسەر ڕووسیەدا بوونی هەبێت، هەژمۆنیی ئەمریکا لەم قاڕەیەشدا بە ئاشکرا خراوەتە ژێر پرسیارەوە. ئەم شەڕە ئیمپریالیستییە لەلایەکەوە ئاکامی ڕاستەوخۆی هەوڵەکانی ناتۆ بە ڕێبەریی ئەمریکایە بۆ پەرەپێدانی دەسەڵاتی ئەندامانی خۆی بەرەو وڵاتانی هاوسنوور لەگەڵ ڕووسیە کە پێشتر لە پەیمانی ورشو دا بوون. لەلایەکی دیکەشەوە ئاکامی ناسیۆنالیسم و پاوانخوازیی ڕووسیەیە کە بە دەخاڵەتگەریی نیزامی لە گورجستان، ئوکراین، قەزاقستان، سووریە و باشووری سەحرای ئەفریقا بەئاشکرا سیاسەتی زێدەخوازانە و ئیمپریالیستیی خۆی نیشاندابوو. لەگەڵ داگیرسانی شەڕی ئۆکراین، ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە ئورووپا ئەو دەرفەتەیان بۆ هەڵکەوت تا بیروڕای گشتی لە وڵاتانی خۆیان لە ئاکامی قەیرانی ئابووریی لەسەر ژیانی خەڵک، ناکارامەیی و ڕسوایی یەک لە دوای یەکیان لە بواری ناوخۆیی و ئاکامی شکستەکانیان لە بواری جیهانی بەلاڕێدا بەرن و لەژێرناوی دیفاع لە ئازادی و پاراستنی وڵاتی ئۆکراین، گەمارۆی ئابووری لەدژی ڕووسیە بەکار بێنن و چەک و کەرەستەی نیزامی بۆ دەوڵەتی فاشیستیی ئۆکراین بنێرن. ئەوەش لە کاتێکدایە کە دووکەڵی گەمارۆی ئابووریی یەکیەتیی ئورووپا لە درێژەی سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئەمریکا بەدژی ڕووسیە، ڕاستەوخۆ دەچێتە چاوی خەڵکی ئاسایی ڕووسیە و ئورووپا و سەرتاسەری جیهانەوە. ئەگەر خەڵکی ئۆکراین لە مەیدانی شەڕی ئیمپریالیستیدا دەکوژرێن، ماڵەکانیان بەسەریاندا وێران دەبێت و ئاوارە دەبن، ئەگەر خەڵکی ڕووسیە لەوبەری سنوورەکان بە هەژاربوونی زیاتر هەزینەی ئەم شەڕە دەدەن، کرێکارن و خەڵکی وڵاتانی ئورووپاش بە چوونەسەری بەرینی نرخی نەوت و گاز و دانەوێڵە و بە زیاتربوونی ماڵیات بەشێک لە هەزینەکانی ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیان بەسەردا سەپاوە.

لە ئەمریکای لاتین لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا، دەوڵەتانی دەسەڵاتدار لە شەش ئابووریی گەورەی ئەم ناوچەیە کە هەموویان لە هاوپەیمانانی نزیکی دەوڵەتی ئەمریکا بوون، لەسەر کار نەمان و دەوڵەتانی “چەپ”ی بورژوا ڕێفۆرمیست جێیان گرتنەوە. ئەم گۆڕانکارییە لە دەسەڵات ئاکامی شکستی سیاسەتەکانی نیۆلیبڕاڵی و گەشەی بزووتنەوەی جەماوەری لەدژی سیاسەتەکانی ڕیازەتی ئابووری بوو کە لەلایەن سندووقی نێونەتەوەیی پارە و بە هەژمۆنیی ئەمریکا پشتیوانی دەکرا. ئەم گۆڕانکارییە لە دەسەڵات سەرەڕای پاراستنی ماشێنی دەوڵەتی، ئەرتەش، ڕێکخراوی پۆلیس، هێزە ئەمنی و دەزگا پان و بەرینەکانی بوروکراسیی دەوڵەتی، نیشانەیەکی دیکەی لاوازبوونی هەژمۆنیی دەسەڵاتی ئەمریکا بەسەر جیهاندایە.

درێژەی هەیە …