بۆ هەڵسەنگاندنی پێگەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی پێویستە فاکتی ڕاستەقینە و دیاریکراو بخەینە لای یەک تا بتوانین شیکاری و هەڵسەنگاندنێکی تا ڕادەیەک وردمان لە پێگەی ڕژیمی ئیسلامی هەبێت.
لە بواری ئابوورییەوە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئەگەرچی بە بردنەسەری ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت، بە سات و سەودای پشتی پەردە لەگەڵ دەوڵەتانی ڕۆژئاوا بۆ گواستنەوەی دۆلاری نەوت و لەڕێگەی تاڵانکردنی سندووقەکانی خانەنشینی، دەوڵەتی لە داڕمانی دارایی دەرباز کردووە و بوودجەی هێزی سەرکوتگەر و لەسەر پێ ڕاگرتنی دەزگای پان و بەرینی ئیداریی دەوڵەتی دابین کردووە، بەڵام هیچ ئاسۆیەکی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڕەهەندە وێرانگەرەکانی قەیرانی ئابووری نییە. ئەم دەسەڵاتە بەهۆی پێکهاتەی سیاسی ئایدیۆلۆژیک، یاسایی و ئیداری و گەندەڵی سیستماتیک تەنانەت لە چوارچێوەی سیاسەتی سەرمایەدارانە و پێوەرەکانی نێئۆلیبڕاڵیی باویشدا نەیتوانیوە و ناتوانێ هەنگاوێک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەم قەیرانە ئابوورییە هەڵگرێت. کۆماری ئیسلامی بەهۆی بەرینایی قەیرانی ئابووری و سرووشتی چینایەتیی سیاسەت و ئەولەوییەتەکانی، ناتوانێ وڵامدەرەوەی داخوازییەکانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش بێت و لەم قۆناغە شۆڕشگێڕانەیەدا یەکجار لەوە دەترسێ کە چکۆلەترین پاشەکشە لە سیاسەتەکانی هەتا ئێستای، ڕووحیەی تەعەڕوزی لەناو بزووتنەوەی کرێکاری و باقی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان پەرەپێبدات و ببێتە هۆی لێکهەڵوەشانی یەکجاریی نیزامە سیاسییەکەیان. ڕەوتی ئەم بارودۆخە، پەرەسەندنی ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاری و بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی کردووەتە بابەتێکی حەتمی. درێژەی ناڕەزایەتیی سەرتاسەریی خانەنشینان مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرتاسەریی پەرستاران، درێژەی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکارانی واگۆنسازیی پارس، ناڕەزایەتیی کرێکارانی نەوت و پێترۆشیمی و … بە ڕوونی ئەم واقعیەتە نیشان دەدات.
کۆماری ئیسلامی ئەگەرچی بە ڕێکخستن و تەیارکردنی هێزەکانی “بەرەی موقاومەت” لە ناوچەکە و بە چوونە ناو کێبەرکێی نیزامی و بە وەبەرهێنانی بەرین لە پڕۆژە ئەتۆمییەکان، بە قیمەتی هەژاری و فەلاکەتی زۆرینەی خەڵکی ئێران بووەتە هەڕەشەیەک بۆ ڕەقیبە ناوچەییەکانی، بەڵام ئاڵوگۆڕەکانی ئەم دواییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیشانی دا کە ستراتێژی هێرشی خۆپارێزیی ڕژیم گەیشتووەتە بنبەست. هاویشتنی سەدان مووشەک و درۆن بەرەو ئیسرائیل لەدوای هێرشی خوێناویی ئیسرائیل بۆسەر کۆنسوولخانەی کۆماری ئیسلامی لە سووریە و درێژەی شەڕی فەرسایشیی حیزبوڵڵا و هێزەکانی “بەرەی موقاومەت” دژبە ئیسرائیل نەیتوانی لە هێرشی زەلیلکەری ئیسرائیل بۆسەر کۆماری ئیسلامی لە قەلبی تاران و لە تیرۆری ئیسماعیل هەنییە ڕێگری بکات. لە کاتێکدا کە سیاسەتی ستراتێژیکی کۆماری ئیسلامی لە ناوەندە قەیراناوییەکانی ناوچەکە، بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا و زەمانەتکردنی دەسەڵاتی نیزامی ئیسلامی بەهۆی لاوازبوونی بواری ئابووری و قەیرانی ناوخۆیی و بەهۆی ڕەوتی نوێی ئارایشی سیاسیی ناوچەکە گەیشتووەتە بنبەست و ئامرازی پێکهێنانی هاوسەنگی لە دیاریکردنی سیاسەتی دەرەوە لە دەستی چووەتە دەرێ، ڕژیم لە ئاستی ناوەوەدا خۆی لە شەڕێکی سەنگەر بە سەنگەر بەرامبەر بە کرێکاران و ژنان و بەشمەینەتان و زۆرینەی کۆمەڵگادا دەبینێ. ئاخێزە جەماوەرییەکان و ڕەوتی ڕوو لە گەشەی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان لە ناوەوەی ئێران سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە کۆماری ئیسلامی بە بوون بە هەڕەشەیەکی ناوچەیی ناتوانێ مانەوەی دەسەڵاتەکەی زەمانەت بکات.
قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری و بنبەستی ستراتێژی هێرشی خۆپارێزیی ڕژیمی ئیسلامی لە کاتێکدایە کە لە جەریانی شانۆکانی هەڵبژاردن لە یازدەی مانگی ڕەشەممەوە هەتا ئێستا، سێ جار مۆری نامەشرووعبوون لە نێوچاوانی کۆماری ئیسلامی دراوە. ئەم شکستانەش وەک نیشانەی درێژەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا و ئاکامەکانی ئەم بزووتنەوەیە، بە نەوبەی خۆیان ململانێ و ناکۆکیی نێوان باندەکانی حکوومەتییان توندتر کردووەتەوە. بەجۆرێک کە لە خولی دووهەمی شانۆی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریدا سەرەڕای دەخاڵەتی ڕاستەوخۆی فەرماندەکانی سپا، ئوسوولگەراکان نەیانتوانی لەسەر ناساندنی کاندیدێک ساغ بنەوە. باڵەکانی ڕژیم تەنانەت لەسەر چۆنیەتیی کاردانەوە بەرامبەر بە هێرشی سەرشۆڕکەری دەوڵەتی ئیسرائیل هاودەنگ نین. ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی نەیانتوانی خەڵک لەگەڵ سندووقی دەنگدان و میکانیسمی “ئینتخابات” لە نیزامی ئیسلامیدا ئاشت بکەنەوە. مەسعوود پزیشکیان وادەی پێکهێنانی دەوڵەتی “وفاقی میللی” دا، دەوڵەتێک کە هەموو باڵەکانی حکوومەت و “نوێنەران”ی کەمینە نەتەوەیی ئایینییەکان لە خۆ بگرێت. بەڵام دەوڵەتی “وفاقی میللی”ی بەڵێندراو، بە دەوڵەتی جەهادیی خامنەیی دەرچوو و بێهوایی بەشێک لە ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی لێکەوتەوە. لەم بارودۆخەدا دیاریکردنی پزیشکیانی ڕێفۆرمخواز و ملکەچی ولایەت وەک سەرۆک کۆمار، کە بەرهەمەکەی پێکهاتنی کابینەیەکی جەهادی و درێژەی ڕەواڵی ڕابردوو و داماوی لە کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانەکانە، کێشمەکێشی باڵەکانی حکوومەت زیاتر پەرەپێدەدات. لە کاتێکدا کە دەزگای ئایدیۆلۆژیکی حکوومەتی ئیسلامی لە مەشرووعییەت دان بە بارودۆخی قەیراناوی، هەژاری، نەهامەتیی ئابووری و بێمافیی کۆمەڵایەتی گەیشتووەتە بنبەست، پێگەی دەسەڵاتی ئسیلامی لە بەرامبەر گوشاری ناڕەزایەتیی کرێکاری و جەماوەریدا لاوازتر دەبێت.
لە وەها بارودۆخێکدا سەرەڕای گۆڕانکاریی تاکتیکی لە ئارایشی سیاسیی باندەکانی حکوومەت، پەرەپێدانی سەرکوت هەم بووەتە تاکتیک و هەم بووەتە ستراتێژی مانەوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی. ماشێنی سەرکوتی ڕژیم ئەگەرچی لە ڕووبەڕووبوونەوە بەرامبەر بە ئاخێزە سیاسییەکان و شەپۆلی یەک لە دوای یەکی ناڕەزایەتی کرێکاری و جەماوەری تووشی دامرکان بووە، بەڵام ڕژیمی ئیسلامی هێستا زەرفیەتەکانی سەرکوتی پاراستووە و لەڕێگەی پەرەپێدانی سەرکوت و گرتن و ئێعدامەوە بۆ ڕاگرتنی دەسەڵاتەکەی لە هەوڵدایە. بێگومان پشت بەستنی یەک لایەنە بە بژاردەی سەرکوت و ئێعدام، پێگەی ڕژیم لاوازتر دەکات. هیچ کام لە ڕژیمە دیکتاتۆرییەکان تەنیا بە بەکارهێنانی تاکتیکی سەرکوت نەیانتوانیوە مانەوەی دەسەڵاتیان زەمانەت بکەن. ئەو ڕۆژەی کە ماشێنی سەرکوتی ڕژیم زەمینگیر بێت و ئامرازی سەرکوت کارایی خۆی بەیەکجاری لەدەست بدات، ڕەوتی ڕووخانی ڕژیم دستپێدەکات.