لەدرێژەی دەستبەسەر کرانی هاووڵاتییان لە شارەکانی کوردستان، سێ هاووڵاتیی خەڵکی شاری شنۆ، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم دەستبەسەر کران.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ١٤ی خەرمانان، هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی “دیاکۆ عەزیزی” تەمەن ٣٤ ساڵ و لە چالاکانی مەدەنی و خەڵکی گوندی بابخاڵاوێ سەر بە شاری شنۆ و بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەریان کردووە. شایانی باسە، هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا لە کاتی دەستبەسەر کردنی دیاکۆ عەزیزی، بە توندی خۆی و ئەندامانی بنەماڵەیان داوەتە بەر لێدان و بێ ڕێزییان پێ کردوون. لە لایەکی دیکەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ١٤ی خەرمانان، “لوقمان زەنگی” تەمەن ٥٢ساڵ و خەڵکی گوندی کانی سورەک سەر بە شاری شنۆ لەگەڵ کوڕەکەی “سیامەند زەنگی” تەمەن ٢٢ساڵ، لە ئەنجامی هەڵکوتانی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەیان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەدواداچوونی بنەماڵەکەی بۆ زانینی چارەنووسیان تا ئێستا بێ ئاکام ماوەتەوە و ناوەندە ئەمنییەکان لە وەڵامدانەوە بەو بنەماڵە خۆ دەبوێرن. جێگای ئاماژەیە، هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لە سەر هۆکاری دەستبەسەر کردن، ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵ ئەم سێ هاووڵاتییە و شوێنی ڕاگیرانیان لەبەر دەستدا نییە.