هەواڵی ناڕەزایەتیی بەرینی مامۆستایان و خانەنشینکراوان و لەپەنایەوە هەواڵی ڕۆژانەی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاران لە کارخانە گەورە و چکۆلەکان، ناڕەزایەتیی کارمەندانی بەشی تەندرووستی و تەنانەت ناڕەزایەتیی کارمەندانی دەوڵەتی کەشوهەوای کۆمەڵگای داگرتووە. بەم حاڵەوە زۆر جار لەبیر دەکرێت کە هەر لەم کۆمەڵگا هەژاری لێدراوەدا کە هاواری ملیۆنان مرۆڤ بۆ هەبوونی لانیکەمی ژیان بەرز بووەتەوە، ملیۆنان مرۆڤی دیکەش هەن کە نە کار و نە تەنانەت سەرپەنایەکیان هەیە. سەرپەنایەک کە تێیدا دەرد و غەمەکانیان بۆ یەک باس بکەن تا بەڵکوو بڕێک لە ژان و ڕەنجی بێ پایانیان کەم بێتەوە.
لێرەدا مەبەست منداڵانی کار و شەقامە. ئەو ڕوخسارانەی کە بۆ هیچ ڕێبوارێک نائاشنا نین. هەر ئەوانە کە لە چوارڕاکان و لە ناو دووکەڵی ماشێنەکاندا بۆ بەدەستهێنانی تیکە نانێک چاوەڕوانی سووربوونی چرای ڕێنمان تا بۆ چەند ساتێک ماشێنەکان ڕاوەستن، تا بەڵکوو کەسێک شووشەی ماشێنەکەی دابداتەوە و لەو شتانەی کە بە ملیەوە هەڵیئاوەسیوە، بکڕێت. لەلایەکی دیکەوە منداڵانێک دەبیندرێن کە لەژێر بارە قورسەکاندا بەجۆرێک نووشتاونەوە کە تەنیا قاچیان دیارە. بەڵام ملیۆنان کەس لەم منداڵانە نە بەیانیان دەبینین کە بەرەو کارگاکان بڕۆن و نە لە تاریکایی شەودا دەیان بینین کە لە کارگەکانەوە بگەڕێنەوە. هیچ ئامارێکی ورد سەبارەت بە ژمارەی ئەم منداڵانە لەبەردەستدا نییە. چونکە زۆربەیان تەنانەت ناسنامەیان نییە، منداڵانێک کە هەر لە سەرەتای ژیانیانەوە هەرگیز شتێک بەناوی منداڵی، کایەی منداڵانە، خۆشیی منداڵانەیان نەناسیوە. هێندێکیان لەو بنەماڵانەدا لەدایک بوون کە باوک و دایکیان دۆزەخیانی سەر زەوین. هێندێکیان لە هەژاریدا لە دایک دەبن و هەر لە ساواییەوە بۆ ئەم پیشەیە بە کرێ دەدرێن. هێندێکیشیان بێ ناو و نیشان لە دایک دەبن و پاشان ڕەوانەی شەقامەکان دەبن و دوای گەیشتن بە تەمەنی سێزدە چواردە ساڵی، کارتێلە جۆراوجۆرەکان وەک کرێکاری سێکس، فرۆشیاری ماددەی هۆشبەر و یان تەنانەت بۆ پەیوەندی ئەندامانی لەش، دەیانکڕن و دەیانفرۆشن.
ئەگەرچی کاربەدەستانی دەوڵەت بە بیانووی جۆراوجۆرەوە ئامارێکی ورد سەبارەت بە منداڵانی کار و شەقام نادەنە دەر، بەڵام چالاکانی مافی منداڵان، باس لە هەبوونی ٧ ملیۆن منداڵی کار دەکەن. هێندێک جار لە بەرپرسانی ڕژیمەوە دەبیسترێت کە “هەوڵی پێویست بۆ کۆکردنەوەی منداڵانی کار لە حاڵی ئەنجام دایە”. ستادێکیش هەر بەم مەبەستە لە لایەن هێزی ئینتزامی، سپا، سازمانی تەبلیغاتی ئیسلامی و ئیمامانی جومعەوە پێکهاتووە. سەردەمانێک فەرمانداری تاران ڕایگەیاند کە “پێویستە بۆ پاک کردنەوەی شاری تاران هاوکاریی هەمەلایەنە لەلایەن دەزگا جۆراوجۆرەکان بەتایبەت میدیاکانەوە ئەنجام بدرێت”. لێرەدا باس لەسەر حاڵ و داهاتووی ملیۆنان منداڵە کە بەرپرسانی بە کۆکردنەوە و پاک کردنەوە باسیان لێ دەکەن. بەکارهێنانی وشەی وەک “کۆکردنەوە” و “پاک کردنەوە” نیشانی دەدات کە جەنایەتکارانی دەسەڵاتدار چ وێنەیەکی ترسناک لەم منداڵانە نیشانی بیروڕای گشتی دەدەن. ئایا مانای ئەم وشانە بێجگەلە ئەوەیە کە گۆیا منداڵانی کار و شەقام “دز، ئەندامی گرووپە مافیاییەکان، موعتاد و بەڕڵا”ن کە دەبێ “کۆبکرێنەوە” و لە ڕۆخساری شار “پاک” بکرێنەوە.
لەڕاستیدا زۆربەی هەرەزۆری ئەم منداڵانە کەسانێکن کە لەبەر باروودۆخی دژواری ژیانی بنەماڵەکانیان لەجیات چوون بۆ کلاسی دەرس بەناچار بوونەتە ناندەرهێنەری بنەماڵە. هەر ئەوەندە بەسە تا سەرەنج بدەینە وتە و بۆچوونی چالاکانی ئەم بوارە تا بۆمان دەرکەوێت کە منداڵانی کار و شەقام یەکێک لە بێبەشترین بەشەکانی کۆمەڵگان. ئەم چالاکانە دەڵێن کە تەنیا دە لەسەدی منداڵانی کار لە سەر شەقامەکانن. زۆرێک لەوان لە کارگەکاندا کار دەکەن و یان زبڵ کۆدەکەنەوە. بەپێی کۆنوانسیۆنی مافی منداڵ کە کۆماری ئیسلامیش واژۆی کردووە، بەڕواڵەت کاری منداڵی ژێر پازدە ساڵ قەدەغەیە بەڵام سەدان هەزار منداڵی ژێر پازدە ساڵ لەلایەن پەیمانکارانی ناوەندە دەوڵەتییەکان لەوانە شارەدارییەکان بۆ بەرهەمهێنانەوەی زبڵ لەبری حەقدەستێکی بێ بایەخدا کار دەکەن و لەناو چاڵ و کاڕێژەکانی زبڵگەڕی لە ناوچەکانی دەرەوەی شاردا نیشتەجێ کراون. هەڵبەت کاربەدەستانی ڕژیم بە بێشەرمیی تەواوەوە بە وتنی ئەوەیکە دین بایەخێکی تایبەتی بە مافی منداڵان داوە ئیدیعا دەکەن کە “لە پشتیوانیکردن لە مافی منداڵ و تازەلاواندا، نیزامی ئیسلامی لە کۆمەڵگە پێشکەوتووە نێونەتەوەییەکان دەێتە ئەژمار”. ئاواتی ئێرانی ١٥٠ ملیۆن کەسی هێندە گەورە و سیاچاڵەکانی گەندەڵی هێندە قووڵن کە کارگێڕانی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆیان گرینگ نییە کە چەند لەسەد لەم مرۆڤانە لە سەردەمی منداڵی و تازەلاویدا چ چارەنووسێکی دڵتەزێن و ناخ هەژێنیان بەسەر دێت. هەر ئەوەندە بەسە تا بڕوانینە سیاسەتی ڕژیم بۆ زیادکردنی جەمعییەت بە وادە و بەڵێنی ماڵی لەژێر سێبەری ڕەشی هەژاری، هێنانەخوارەوەی تەمەنی بەڵگەی هاوسەرگیریی منداڵان، ئاماری دایک و باوکانێک کە بەهۆی نەبوونی ئیمکاناتی ماڵی منداڵانیان تەنانەت پێش لەدایک بوون دەفرۆشن، تا بۆمان دەرکەوێت کە کۆمەڵگا بە چ خێراییەکەوە بەرەو نابوودی دەڕوات. هەواڵنێریی “شەهروەند” دەنووسێت: “ناوی سۆیلایە، لەگەڵ هاوسەرەکەی لە دێیەکی دوورەوە هاتنە تاران تا شایەد ژیانێکی باشتر بۆ خۆیان و دوو کچەکەیان پێک بێنن. بەڵام بۆ هەر کوێ بڕۆن سێبەری بەدبەختی لەگەڵیانە. هاوسەرەکەی ڕازیی کردووە کە منداڵەکەی بە ٦٠ ملیۆن تمەن بفرۆشێت. بۆخۆشی دەڵێت ئەگەر منداڵەکەم لە بنەماڵەیەکی دەوڵەمەنددا گەورە بێت، بەختەوەر دەبێت و من ئیتر نیگەرانی نیم. فرمێسک لە چاوەکانیدا دێتە خوار و دەڵێت تۆ نازانی هەژاری یانی چی، برسییەتی یانی چی؟
وڵامی ئەم پرسیارە ناخهەژێنە تەنیا دەتوانێ بە خرۆشی دەنگی ئەو هێزە کۆمەڵایەتییەوە بدرێتەوە کە عەزمی کردووە تا نەزمی بەراوەژوو و نامرۆڤانە لەناوبەرێت و لەسەر وێرانەکانی، کۆمەڵگایەک دابمەزرێنێت کە “سۆیلا و هاوسەر و منداڵەکانی” لە ئازادی و خۆشبژێوی و ئاسایشدا بژین.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە