بەپێی ڕاپۆرتەکان، خانەی دادی گشتی و شۆڕشی سنە و ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی لەو شارە، “فاتمە زەندکەریمی، نەسرین کەریمی، سەلاح حاجیمیرزایی، فەیسەل نووری، مەجید کەریمی، ڕەزا تەهماسبی، شەهریار نادری، بێهزاد قەوامی، محەممەدڕەزا مۆرادی، ئارام ئیبراهیمی، سادق کەنعانی، ڕزگار حەیدەری، غەیاس نێعمەتی و کورۆش عێزەتی ئەمینی”، چاردە چالاکی پیشەیی مامۆستایانی ئەو شارەیان بانگ کردووە.
ئەو چالاکانە بە تۆمەتی وەکوو “چالاکی تەبلیغی دژ بە حکومەتی کۆماری ئیسلامی”، “تێکدانی ئاسایشی گشتی” و “پێکهێنانی باند و گرووپ دژ بە ئاسایشی ئێران” بانگ کراون.
بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوەی بۆ ئەو چالاکانە نێردراوە، ئەو کەسانە دەبێت کاتژمێر ٩ی بەیانی ڕۆژی شەممە ٢٤ی خەرمانان واتا یەک ڕۆژ پێش دووەمین ساڵیادی گیانبەختکردنی ژینا ئەمینی لە شوێنە دادوەری و ناوەندە ئەمنییەکان ئامادە بن. جێگای ئاماژەیە، لە مانگە سەرەتاییەکانی بزووتنەوەی “ژن ژیان ئازادی” ژمارەیەکی بەرچاو لەو مامۆستایانە لە کوردستان بەهۆی پاڵپشتی لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک، بانگ و دەستبەسەر کرابوون و حوکم یان بەسەردا سەپێندرابوو.