ئەمڕۆ وجوودی ڕەوتێکی بەهێزی چەپی کۆمەڵایەتی بەشێکە لە حەقیقەتی حاشاهەڵنەگری کۆمەڵگای ئێران. بەو ڕادەیەی کە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا کۆمەڵگای بەرەو چەپ بردووە، ئەم چەپە کۆمەڵایەتییەش دیارتر و ئاشکراتر بووە. چالاکان و ڕێبەرانی بزووتنەوەی کرێکاری کە ئاڵای داخوازیی کرێکارانیان هەڵکردووە و لە ڕێکخستن و ڕێبەریی ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاریدا دەورونەخش دەنوێنن، داهێنەری پێکهێنانی کۆمیتەی مانگرتن و بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی گشتی لە ناوەندە سەنعەتی و کرێکارییەکانن و ئیدەی ڕێکخستنی شۆرایی دەبەنە ناو کرێکارانەوە. ئەو بەشە لە چالاکانی بزووتنەوەی ژنان کە لە بەرامبەر فێمێنیسمی کۆنەپەرستی ئیسلامی و فێمێنیسمی نیۆلیبراڵدا ئاڵای ڕزگاریی ژنانیان بە ئاسۆی دژەسەرمایەدارییەوە بەرز کردووەتەوە. ئەو ژنە خەباتکارانەی کە بە بەشداریی خۆیان لە پێشەوەی خەباتی مامۆستایان، خانەنشینکراوان، خوێندکاران، پەرستاران و لەناو ڕیزی خەباتی کرێکاران و بە خۆڕاگریی بەرین لەبەرامبەر سیاسەت و یاسای دژی ژن، ئاسۆی ڕزگاریی ژن لە ستەم و چەوسانەوەی سەرمایەدارییان بەرەوڕووی کۆمەڵگا کردووەتەوە. هەموو ئەم چالاک و تێکۆشەرانە پێگەیەکی تایبەتیان لە پێکهێنانی ئەم چەپە کۆمەڵایەتییەدا هەیە. ئەم ڕەوتە چەپە کۆمەڵاڵیەتییە هەروەها ئاراستەی سۆسیالیستیی ناو بزووتنەوەی خوێندکاری لەخۆدەگرێت کە لە بەرامبەر ئاراستەکانی نێئۆلیبڕاڵی ئێران و ڕەوتە کۆنەپەرستە ئیسلامییەکان ئاڵای یەکگرتن لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەیان بەرز کردەووتەوە. چالاکان و ڕێبەرانی بزووتنەوەی خانەنشینان کە بۆ وەدیهێنانی خواستەکانیان لەسەر شەقامەکان پێداگری دەکەن. ئەم چەپە کۆمەڵایەتییە ئەو بەشە لە نووسەران، هەواڵنێران، مامۆستایانی زانکۆ، سینەماران و هونەرمەندان لەخۆدەگرێت کە بەرەنگاری فەرهەنگ و سیاسەت و ئایدیۆلۆژیی چینی دەسەڵاتدار بوونەتەوە و لە بەرژوەند و خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشان دیفاع دەکەن. ئەو هێزانەی کە لە کوردستان ئاڵای خەبات و تەسلیم نەبوون بەرامبەر بە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ کۆنەپەرستانی ناوچەیی و هاوپشتی لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانیان لە سەرتاسەری ئێران بەرز کردووەتەوە. بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا سەرەڕای هەڵکشان و داکشانەکانی، بە دەورونەخش نواندنی هەر ئەم چەپە کۆمەڵایەتییە دەستیپێکرد و هەروا لەئارادایە. ناوەرۆکی داخوازیی بەشە جۆراوجۆرەکانی ئەم چەپە کۆمەڵایەتییە، درووشمی “نان، کار، ئازادی” پەیوەندی داوە.
ئەگەرچی ڕەنگدانەوەی چالاکی و خەبات و پەیوەندیی حیزب و ڕێکخراوەکانی بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی ئێران دەتوانین لە بردنەسەرەوەی ئاستی وشیاری و شەفافبوونی خواستی بەشە جۆراوجۆرەکانی ئەم چەپە کۆمەڵایەتییەدا ببینین، بەڵام حیزب و ڕێکخراوەکانی ئێستا سەرەڕای هەموو پێشکەوتنەکانیان هێشتا لەئاستی کۆمەڵایەتیدا پەیوەندییەکی زیندوو و ئۆرگانیکیان لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە نییە. بە واتایەکی تر هێشتا بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی لەئاستی کۆمەڵایەتیدا لەگەڵ بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی موتەحەزیب و ڕێکخراو پێک نەگەیشتوون.
کەموکوڕییەکی جیدیی ئەم هێزە چەپە کۆمەڵایەتییە و ئەو ناڕەزایەتی و ئاخێزانەی کە بە هەوڵ و بەشداریی ئەم هێزە لەئارادایە، ئەو واقعیەتەیە کە ئەم حەرەکەتانە هێشتا لە بزووتنەوەیەکی واحیدی سیاسیدا بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی و بۆ گۆڕینی وشیارانەی نیزامی سەرمایەداری تێکهەڵنەکێشراون. ئەم هێزە چەپە کۆمەڵایەتییە خاوەنی شێوازێکی ڕێکخستن نییە کە شیاوی ئەم قۆناغە بێت و ڕێبەریی سیاسیی سەرتاسەریی نییە. هەربۆیە توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگە هێشتا ئاڵتێرناتیڤێکی بەهێز لە مەیداندا نابینن کە بۆ ڕزگاری خۆیان پێی هیوادار بن. لە هەلومەرجی ئێستادا درێژەی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاران و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە ئێستا دەرفەتێکی گونجاوی بۆ بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی ڕێکخراو و موتەحەزیبی ئێران خوڵقاندووە تا بە وڵامدانەوە بە پێویستیی ئەم بزووتنەوانە و بە هەوڵ و یارمەتی بۆ لابردنی کۆسپ و بەربەستەکان، بتوانن بەسەر ئەم جیاییەدا زاڵ بن و پێشمەرجەکانی پێکهێنانی ڕێبەرییەکی سیاسیی سەرتاسەری بە ستراتێژی سۆسیالیستییەوە فەراهەم بکەن. وڵامدانەوەی هاوبەشی چالاکان و ڕێبەرانی ئەو هێزە چەپە کۆمەڵایەتییە و کۆمۆنیستە موتەحەزبەکان بە کۆسپ و بەربەستەکانی سەر ڕێگای بزووتنەوەی کرێکاری و شۆڕشگێڕانەی ئێستا، کلیلی پێکگەیشتنی ئەم دوو بەشە چەپە ڕادیکاڵ و سۆسیالیستییەیە.
لە نێوەدا شۆرای هاوکاریی چەپ و کۆمۆنیستەکان کە لە شەش حیزب و ڕێکخراوی ڕادیکاڵ و کۆمۆنیستی پێکهاتووە، بە جێخستنی هاوکاری و بەتایبەت دامەزراندنی کاناڵی هاوبەشی تەلەڤیزیۆنی بیست و چوار سەعاتە لەژێرناوی “ئاڵتێرناتیڤی شۆرایی” کە لەئێستادا زیاتر لە چوار ساڵە چالاکیی دەکات، و هەر کام لەم لایەنانە بە ئاراستەی وڵامدانەوە بە کێشە و بەربەستەکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕوانگەی بەرژوەندی چینی کرێکار و سۆسیالیزم بەرنامەکانی خۆیان لەم کاناڵەوە بڵاو دەکەنەوە و ئەو ئیمکانەیان فەراهەم کردووە کە زۆرێک لە کۆمۆنیستە سەربەخۆکانیش لەم ڕێگەوە دەنگی خۆیان بە هەڵسووڕاوانی ناوەوە بگەیەنن، هەنگاوێکی بەنرخ بووە لەپێناوی وەدیهێنانی ئامانجەکانی سەرەوە. ئەمجۆرە چالاکییە میدیایییانە و بنکەی زانیاری و میدیایی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکان لەلایەن ناوەندە کرێکارییەکان و چالاکانی ڕادیکاڵی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە ناوەوە و درەوەی ئێران کاتێک پێگە و گرینگییان زیاتر دەردەکەوێ کە قەبارەی چالاکیی چەندین غوولی میدیای ئیمپریالیستی بۆ نموونە بی بی سی، ئێران ئینترناشناڵ، دەنگی ئەمریکا، مەنۆتۆ و … و بۆمبارانی تەبلیغاتییان بۆ ڕابەر تاشین و بەلاڕێدابردنی ئەم بزووتنەوەیە لەبەرچاو بگرێن. هێزەکانی ئەم چەپە کۆمەڵایەتییە و بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی ئێران بەو ئیمکاناتە میدیاییە سنووردارەی کە هەیانە لە بەرامبەر ئەم بۆمبارانە تەبلیغاتییەدا ڕاوەستان و بە لەقاودانی ناوەرۆکی ڕاستەقینەی ئەم تەبلیغات و پڕۆژە سیاسییانەی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستی بورژوازی هەوڵیان دا ئاسۆی شۆڕشگێڕانە و سۆسیالیستی بەڕووی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیەدا بکەنەوە. بەم حاڵەوە بزووتنەوەی کۆمۆنیستی هێستا لە دەورونەخش نواندنی مەیدانی لە بواری ڕێکخستن و ڕێبەری و سەروساماندان بە پایەی کۆمەڵایەتیی ئاڵتێرناتیڤی سۆسیالیستیی فاسلەی هەیە. بارودۆخی وەرچەرخاوی ئێستا لە شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان دەخوازێ کە زیاتر لە ڕابردوو لە پێگەی ڕێبەریی سیاسیدا دەرکەون، ڕێکەوتن لەسەر ئامانجی سیاسیی ستراتێژیک و بۆچوونی هاوبەش لە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی سیاسی بەرەو بنەماکانی تاکتیکی هاوبەش و دارشتنی سیاسەت لەم قۆناغە شۆڕشگێڕانەیەدا گەشە پێبدەن و بۆ یەکگرتوویی بەرەی چەپ و سۆسیالیستی لە ناوەوە و دەرەوە نەخشەمەندتر کار بکەن.