لوقمان عەلیزادە، بەندکراوی عەقیدەتی- سیاسی پاش تێپەڕبوونی ساڵێک لە کاتی دەستبەسەرکرانی، بە هۆی ئازار و ئەشکەنجەی زۆرەوە لە گرتووخانە ئەمنییەکانی ڕژیم، لە دۆخێکی نالەباری جەستەیی دایە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ناوبراو لە ئاکامی ئەشکەنجەی زۆردا، تووشی چڵک و خوێنرێژی و نەخۆشیی دڵ بووە و پێیان ڕاگەیاندووە، هەتا کاتێک کە دان بە تۆمەتە وەپاڵدراوەکانیدا نەنێت، لە چارەسەری پزیشکی و ئازادیی کاتی بێبەریی دەبێ. ئەم سەرچاوە ئاگادارە دەڵێ؛ ڕێخۆڵەکانی لوقمان عەلیزادە لەژێر ئەشکەنجەدا، تووشی چڵک بووە و سەرەڕای ئەوەی کە جارێک نەشتەرگەریی بۆ کراوە، بەڵام خوێنڕێژیی ڕیخوڵەی بەردەوامە. هەروەها لەم دواییانەدا تووشی نەخۆشیی دڵ بووە. هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لوقمان عەلیزادە لە دۆخێکی ناڕووندایە و هیچ حوکمێکی بۆ دەرنەکراوە. جێگای ئاماژەیە، ئەم بەندکراوە تەمەن ٣٤ ساڵەیە، ڕۆژی ١٣ی خەرمانانی ١٤٠٢، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و تا چەند مانگ سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی زانیارییەک لەبەر دەستدا نەبوو. لوقمان عەلیزادە خەڵکی گوندی “سارۆقامیش” سەر بە شاری بۆکانە و تاکوو ئێستا ڕوون نییە کە بۆچی ناوبراو بۆ زیندانە ئەمنییەتییەکانی تاران و زیندانی ئێڤین ڕاگوێزراوە.