فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ئەرک و کاری کۆمۆنیستەکان لە هەلومەرجی ئێستای ئێراندا
چوارشەممە ۱۱-۰۷-۱۴۰۳   |  02-10-2024

بانگەشەی سیاسی و سەرجەم چالاکییەکانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لەم قۆناغەدا پێویستە لە خزمەت بەڕێوەبردنی ئەرکەکانی خوارەوەدا بێت:

  • بەو پێیەی پەرەپێدانی سەرکوت لە بنەما سەرەکییەکانی ستراتێژی مانەوەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییە، بەرژەوەندی خەباتی چینی کرێکار پێویستی بەوەیە کە تێکشکاندنی ئەم سیاسەتە ستراتێژییە و زەمینگیرکردنی ماشێنی سەرکوت و زەمانەکردنی پێشڕەویی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە بۆ ڕووخاندنی ڕژیمی ئیسلامی، یەکێک لە میحوەرەکانی ستراتێژی هەڵسووڕاوانی سۆسیالیستی بزووتنەوەی کرێکاری بێت. چینی کرێکاری ئێران تەنیا بە بەشداری لە گۆڕەپانی سیاسیی کۆمەڵگا بو ئاوێتەکردنی خەباتی ئابووری لەگەڵ خواستی سیاسی و بە بەرزکردنەوەی ئاڵای داکۆکی کردن لە ئازادیی هەموو زیندانیانی سیاسی، هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدام و یاسای حیجابی زۆرەملی و … و بە بەڕێوەبردنی مانگرتنی سەرتاسەری لە ناوەند و دامەزراوە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنان و بە بوون بە بڕەبڕەی پشتی مانگرتنە سیاسییە جەماوەرییەکان دەتوانێ ئەم ئەرکە بەجێبێنێت. لەم ڕاستایەدا پەیوەندی و هاوکاریی بەردەوامی چالاکان و پێشڕەوانی کرێکاری لە ناوەندە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری یەکجار گرینگە.
  • بەو پێیەی پێکهێنانی ڕێکخراوی جەماوەری و چینایەتیی کرێکاران پایەی سەرەکیی پێشڕەویی بزووتنەوەی کرێکاریی ئێرانە و هەواڵدان لەم بوارەدا یەکێک لە ئەولەوییەتەکانی هەڵسووڕاوانی سۆسیالیستیی بزووتنەوەی کرێکارییە، دەبێ نیشان بدرێ کە لەسەر بەستێنی کەشوهەوای شۆڕشگێڕانەی گشتی لە کۆمەڵگا، درێژەی بزووتنەوەی مانگرتنی کرێکاران بە پشت بەستن بەو کادر و ڕێکخراوانەی کە لە جەرگەی خەباتی چینی کرێکاردا پەروەردە بوون، پێکهێنانی شۆرا کرێکارییەکان و باقیی ڕێکخراوە جەماوەری و چینایەتییەکانی کرێکاران مومکینە.
  • بەو پێیەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەپێناوی پێشخستنی سیاسەتی ستراتێژیکی پەرەپێدانی سەرکوت و پاراستنی دەسەڵاتەکەی، تۆڕێک لە هێزە ئیتلاعاتی و ئەمنیەتییەکانی حیزبی پادگانیی سپای پاسداران و سازمانی بەسیجی لە گەڕەکەکانی شارەکانی ئێران پێکهێناوە کە خەریکی هەواڵگری و لەداوخستنی چالاکانی سیاسی و کۆمەڵایەتین، سەرەنجدانی سۆسیالیستەکانی بزووتنەوەی کرێکاری بە ڕێکخستنی کرێکاران لە شوێنی ژیانیان یەکجار گرینگە. چالاکیی تۆڕەکانی سیخوڕی و ئەمنیەتیی سپا و بەسیج دەکرێ بە ڕێکخستن لە خوارەوە و بە پێکهێنان و پەرەپێدانی تۆڕەکانی لاوانی شۆڕشگێڕ، ناوەندە جەماوەرییەکان و شۆڕاکانی گەڕەکەکان پووچەڵ بکرێتەوە.
  • چینی کرێکار بۆ ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و نیزامی چینایەتیی زاڵ پێویستە هەموو بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی وەک بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی خوێندکاران، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان، بزووتنەوەی دایکانی دادخواز و … لەگەڵ خۆی هاوڕێ و یەکگرتوو بکات. لەم ڕووەوە پتەوکردنی پەیوەندی هەڵسووڕاوان و ڕێبەرانی ئەم بزووتنەوانە پایەیەکی گرینگی چالاکیی نەخشەمەندی سۆسیالیستەکانی بزووتنەوەی کرێکارییە.
  • هەڵسووڕاوانی کۆمۆنیستی بزووتنەوەی کرێکاری بەو ئامانجە کە چینی کرێکار بتوانێ ئەرکی مێژوویی خۆی بەسەرەنجام بگەیەنێ، پێویستە لە حیزبی کۆمۆنیست و شۆڕشگێڕدا خۆیان ڕێکبخەن. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بەردەوام درێژە بە تێکۆشان و خەباتی خۆی دەدات بۆ ئەوەی ببێتە زەرفی یەکگرتوویی کۆمۆنیستەکانی بزووتنەوەی کرێکاری و هەموو ئینسانە شۆڕشگێڕ و کۆمۆنیستەکان.
  • بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی تەنیا بزووتنەوەیەکی سەلبی بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی نییە. جەماوەری ڕاپەڕیو دژبە هەژاری و نەهامەتیی ئابووری، دژبەو نابەرابەری و بێبەشی و هەڵاواردنانە هاتوونەتە مەیدانی خەباتەوە کە سەرچاوەکەیان نیزامی سەرمایەداریی ئێرانە. بەم ئیعتبارە ئەم بزووتنەوەیە نەتەنیا ئامانجی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامییە، بەڵکوو خەسڵەتی دژە سەرمایەداریشی هەیە. خەڵک بەدروست بۆ وەدیهێنان و بەرپاکردنی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و بەرابەر و خۆشبژێو چاویان لە ئیمکانات و سەروەتی ئەفسانەیی ئێران بڕیوە کە لە چنگ کەمینەیەکی مفتەخۆردایە. کەوابوو کردنەوەی ئاسۆی سۆسیالیستی، ئاسۆی دەسەڵاتی شۆرایی کرێکاران و بەشمەینەتان بەڕووی ئەم بزووتنەوەیە، یەکێک لە میحوەرەکانی کاری هەڵسووڕاوانی سۆسیالیستی بزووتنەوەی کرێکاری و باقی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانە. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بەش بە حاڵی خۆی پێویستە بە درێژەدانی چالاکیی سیاسی و تەبلیغی، لە جەماوەریتر کردنەوەی هەرچی زیاتری دروشمەکانی وەک “نان، کار، ئازادی، ئیدارەی شۆرایی”، “ئازادی، بەرابەری، ئیدارەی شۆرایی” یارمەتیدەر بێت.
  • پێویستە لەپێناوی پەرەپێدانی ئاسۆی شۆڕشگێڕانە و سۆسیالیستیدا لێبڕوانە و بەردەوام هەڵوێست و ستراتێژی سیاسیی بەشە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازیی ئێران کە ئامانجیان تێکشکاندنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەیە، بۆ جەماوەری کرێکاران و خەڵک ڕوون بکرێتەوە. پێویستە بەڕوونی نیشان بدرێت کە بەرنامەی ئابوورییان، کە هەمان سەرمایەداریی بازاڕی ئازاد و نیۆلیبرالیسمە بە مودیریەتی غەیری ئیسلامییەوە، لەگەڵ پلاتفۆرمی داخوازییەکانیان و ئەو وادە و بەڵێنانەی کە بە خەڵکی دەدەن چەندە ناتەبایە.
  • بەشداری بەرین و پێشەنگی ژنان یەکێک لە تایبەتمەندییە بەرچاوەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا بووە و پێویستە کاریگەری و ڕۆڵی ژنان لە هەر وەرچەرخانێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا زیاتر لە ڕابردوو ئاشکرا بکرێت. بزووتنەوەی ژنان بە بەسەنجدان بە پێشینەکەی و بە بارودۆخێک کە تێیدایە تەنیا بە گرتنەبەری ستراتێژی سیاسی سۆسیالیستی دەتوانێ هەر ئاستێک لە پاشەکشەی ڕژیمی ئیسلامی و کرانەوە لە کەشوهەوای سیاسی کۆمەڵگا بخاتە خزمەت کۆتایی هێنان بە هەڵاواردنی ڕەگەزی و ستەم بەرامبەر بە ژنان. یەکێک لە پایەکانی ستراتێژی سۆسیالیستی لە بزووتنەوەی ژناندا، جەماوەری کردنی ئەم بزووتنەوەیە و هێنانی ژنانی کرێکار و زەحمتکێش بۆ گۆڕەپانی خەبات لەئاستی ملیۆنیدایە. هەڵسووڕاوانی سۆسیالیستی بزووتنەوەی ژنان پێویستە کار و چالاکی لەناو ئەم جەماوەرە مەزنەی ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش، بەتایبەت لە گەڕەکە پەراوێزنشینەکان بکەنە میحوەری چالاکییەکانیان و لە ڕێکخستنیان لەناو شۆرا و ئەنجومەن و ناوەندە جەماوەرییەکاندا یارمەتیدەر بن.
  • لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا قەیرانی ژینگە و سیاسەتی دژەژینگەی حکوومەتی ئیسلامی کە هەستی، ئەمنیەت و ڕەفاهی ئینسانەکانی خستووەتە مەترسییەوە، بووەتە زەمینەسازی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی و خەباتی جەماوەری لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان. بەشداریی چالاکانە لەم بزووتنەوە و حەرەکەتە ناڕەزایەتییانە بۆ پاراستنی ژینگە و هەوڵ بۆ پەرەپێدانیان، بوارێکی خەباتی کۆمۆنیستەکانە بۆ دابینکردنی ڕێبەریی بزووتنەوەی سۆسیالیستیی چینی کرێکار لە خەباتی گشتیدا لەپێناوی ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و نیزامی چینایەتیی دەسەڵاتدار. تەنیا بە بەشداریی چالاک لەم خەباتەدا دەتوانین لە بەلاڕێداچوونی ڕێگری بکەین و نەهێڵین ئەم ناڕەزایەتییانە ببنە هێزی پاشکەوتی باڵێکی بورژوازی لەدژی باڵێکی دیکە.
  • پێشمەرجێکی دیکەی پێشڕەویی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا پێکهێنانی ڕێبەریی سەرتاسەرییە. دیاردەی ڕێبەری لە بابەتی ڕێکخستن جیا نییە. ئەم بزووتنەوەیە بە ڕادەی پێشکەوتنی لە بواری رێکخستندا، ڕێبەریشی هەبووە. ئاخێز و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان و مانگرتنەکانی کرێکاران لەماوەی ساڵانی ڕابردوو، ڕێبەرانی خۆی پەروەردە کردووە. پێکەوە پەیوەنددران و بە یەک پەیوەست بوونی ئەم ڕێبەرە مەحەلییانە دەتوانێ هەنگاوێک لەپێناوی شکڵدان بە ڕێبەریی سەتاسەری بێت. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران پێویستە یارمەتیدەری ئەم ڕەوتانە بێت.
  • لە دەرەوەی وڵات زۆرێک لە پەنابەران و کۆچبەرانێک کە خۆیان لەژێر فشاری سیاسەتی سەرکوتگەرانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا پەنایان بۆ دەرەوەی وڵات بردووە، ئەمڕۆ لە ڕیزی ناڕەزایەتیی گشتی لەدژی ڕژیم و بە نیشانەی هاوپشتی لەگەڵ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێران دێنە سەر شەقام. ئێمە بە هاوکاری لەگەڵ هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی دیکە پێویستە بەشێوەیەکی بەرین هەوڵ بدەین هەموو ئەو ئینسانە ئازادیخواز و پێشکەوتنخوازانەی کە لە ناڕەزایەتی دژبە دیکتاتۆری و زەبروزەنگ لە ئێران و بۆ ڕزگاریی کرێکاران، ژنان، لاوان، نەتەوە ژێر ستەمەکان و هەموو خەڵکی ستەمدیدە و وەگیانهاتووی ئێران دێنە مەیدان، لە ڕیزێکی بەهێزدا بەدژی کۆماری ئیسلامی کۆیان بکەینەوە. بۆ ڕاکێشانی ئەم هێزە بەرینە پێویستە شێوەی کارێکی نوێ و بان‌ڕێکخراوەیی کە لەگەڵ ئەم بارودۆخەدا بگونجێ، بگرێنە بەر. لەم ڕاستایەدا دەکرێ بۆ بەهێزکردن و پەرەپێدانی شۆراکانی هاوپشتی لەگەڵ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێران و یان بۆ بەهێزکردنی هەر ناوەندێکی خەباتکارانەی دیکە کە بتوانێ گشت ئەم پۆتانسیەلە ناڕەزایەتیە لەدژی کۆماری ئیسلامی چالاک بکات، هەوڵ بدەین.
  • هەڵسووڕاوانی چەپ و ڕادیکاڵ و سۆسیالیست لە کوردستان پێویستە هەر لە ئێستاوە لە بەرپاکردنی بزووتنەوەی جەماوەری لەدژی بێکاری و هەژاری و نەهامەتیی ئابووری، لە هێنانە مەیدان و ڕێکخستنی ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش لە گەڕەکە حاشیەنشینەکان، لە پەرەپێدانی خەبات بۆ داکۆکی لە مافی منداڵان، لە بەشداریی چالاک لە بزووتنەوەی ژینگەپارێزی، لە یارمەتیدان بە درێژە و گەشەپێدانی بزووتنەوەی مامۆستایان و خانەنشینان و پەرستاران دەستپێشخەر بن. کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان پێویستە بەهێزکردنی ئەم ڕەوتانە بکەنە ئەولەوییەتی کار و چالاکییەکانیان. ڕۆشنگەری سەبارەت بە سرووشتی سیاسەتی حیزبە ناسیۆنالیستەکان و تێکۆشان بۆ هێنانەدەری جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لەژێر کاریگەریی ئەم سیاسەتانە، ئەرکێکی هەمیشەیی دیکەی کۆمەڵە و بزووتنەوەی سۆسیالیستی لە کوردستانە.
  • ڕەوتی ناسراو بە “چەپی میحوەری موقاومەتی ئێران” کە بە ئیدیعا و پێشینەی چەپەوە بە ئاشکرا لەگەڵ بزووتنەوەی پێشڕەو و ئازادیخوازانە دژایەتی دەکەن و لە باڵێک لە کۆماری ئیسلامی لایەنگری دەکەن، لە ناو کۆمەڵگادا نفووزێکیان نییە. بەڵام بەو پێیەی هێندێک لە ڕەوتە ئۆپۆزیسیۆنە ڕاستەکان لە وجوودیان تەغزییە دەکەن و لەوان وەک ئامرازێک بۆ کوتان و هێرش کردنە سەر هێزە چەپ و سۆسیالیستەکان کەڵک وەردەگرن، لەقاودانی ناوەرۆک و سرووشتی ئەم ڕەوتە پێویستە بەشێک لە ئەرکی کۆمۆنیستەکان لەم قۆناغەدا بێت.
  • حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لەپێناوی وڵامدانەوە بە پێداویستییەکانی خەباتی سیاسی و چینایەتیی ئەم قۆناغە ئامادەیە لەگەڵ لایەن و حیزبەکانی ڕێکخراو لەناو شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان چ لەسەر ئاستی سەرتاسەری و چ لەسەر ئاستی کوردستان هاوکارییەکانی چڕتر و پتەوتر بکات.