
وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریکا ڕایەیاندووە، وەک کاردانەوەیەک بۆ هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل، گەمارۆی خستووەتە سەر کەرتی نەوت و پێترۆشیمی کۆماری ئیسلامی.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، گەمارۆ نوێیەکانی ئەمەریکا ١٠ قەوارە لەخۆ دەگرێت و هەروەها ١٧ کەشتی وەک موڵکی قەدەغەکراو دیاری کردووە. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی خەزێنەداری ئەمریکا، گەمارۆکان کڕین، فرۆشتن، گواستنەوە، یان بەبازاڕکردنی نەوت یان بەرهەمە نەوتییەکان لە ئێرانەوە سنووردار دەکەن و بەشێکی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ئێران دەگرێتەوە. جێگای ئاماژەیە، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر خەزێنەداری ئەمریکا، سزای بەسەر زیاتر لە دەیان قەوارە و کەشتی بەهۆی تێوەگلانیان لە گواستنەوەی نەوتی خاو و گازی شلی ئێران بۆ سوورییە و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بە نوێنەرایەتی سپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵلای لوبنان سەپاندبوو.