فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەیاننامەی دایکانی پارکی لالە: با لەدژی شەڕ، کوشتن، هەڵاوردن و سزای ئێعدام ڕاپەڕین!
شەممە ۲۱-۰۷-۱۴۰۳   |  12-10-2024

دایکانی پارکی لالەی ئێران بەیاننامەیەکیان لە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەزبەری ١٤٠٣ بەرابەر بە ١١ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٤ بڵاوکردەوە کە تێیدا مەترسیی شەڕ لەسەر وڵاتی ئێران و ناوچەکە و ئاکامەکانی، پێگەی منداڵان لە جیهانی ئەمڕۆ بەتایبەت لە غەززە و لۆبنان، ١٠ی ئۆکتۆبر و پێویستیی پەرەپێدانی خەبات دژبە سزای ئێعدام، بەرینایی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان بەتایبەت لەژێر دەسەڵاتە ئیسلامییەکان و ئەرک و چالاکییەکان دەداتە بەر باس و لێکۆڵینەوە. لێرەدا سەرەنجتان بۆ بەشێک لەم بەیاننامەیە ڕادەکێشنین.

***

سێبەری شەڕ زیاتر لە ڕابردوو بەسەر خەڵکی ئێران و جیهانەوە قورسایی دەکات. دەوڵەتەکان و دەسەڵاتەکان چ لە وڵاتانی وەک ئیسرائیل و ئەمریکا و وڵاتانی ئورووپایی کە ئیدیعای دیموکراسی دەکەن، چ حکوومەتە دیکتاتۆر و کۆنەپەرستەکانی وەک کۆماری ئسیلامی و تاڵەبان و گرووپەکانی وەک حەماس و حیزبوڵڵا کە هیچ بیر و بۆچوونێک بێجگەلە کۆنەپەرستی تەحەمول ناکەن، هەمووی ئەم دەسەڵاتانە تەنیا و تەنیا بیر لە بەرژەوەند و قازانجی خۆیان دەکەنەوە، نەک لە ئازادی و ڕزگاریی ئینسانەکان. کوژرانی خەڵک بۆ هەموو ئەم دەسەڵاتانە تەنیا ئامار و ئەرقامە و هیچی تر. بێگومان ئەگەر بەریان پێ نەگرین ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە ئێران و لەئاستی جیهاندا کارەسات دەخوڵقێن و ژیانی ئینسانی و دادپەروەرانە و هەستیی ئێمە بەرەو نابوودی دەبەن.

چ کەسانێک بەرپرسیارن لەو هەمووە کوشتن و تاوانانەدا؟

چەند ڕۆژ لەمەوبەر حەوتی ئۆکتۆبر بوو و یەک ساڵ بەسەر هێرشی حەماس، ئەم هێزە کۆنەپەرستە، بۆسەر ئیسرائیل تێپەڕی. بەپێی هەواڵەکان لەم هێرشەدا هەزار و ٢٠٠ کەس لە خەڵکی ئیسرائیل کوژران و ٢٥٠ کەسیش بەدیل گیران. دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل کە پێدەچێ چاوەڕوانی وەها بیانوویەک بوو، دەستبەجێ بە دڕندەییەکی هەرچی زیاترەوە، بەڕواڵەت بۆ لەناوبردنی حەماس و ڕزگارکردنی بەدیلگیراوان، بەڵام لە ڕاستیدا بۆ دەرکردنی خەڵکی فەلەستین لە غەززە و نابوودکردنیان، هێرشی وەحشیانەی لە زەوی و ئاسمانەوە دەستپێکرد. لەو کاتەوە هەتا ئێستا بەردەوام خەڵکی فەلەستین و منداڵان دەکوژێت و ماڵ و نەخۆشخانە و خوێندنگاکان بە بێ ڕەحمییەکی وەسفنەکراوەوە وێران دەکات. بەپێی ڕاپۆرتەکان هەتا ئێستا لانیکەم ٤١ هەزار کەس لە خەڵکی فەلەستین کوژراون و دوو بەرابەری ئەم ژمارەیەش برینداربوون. بێگومان بەهۆی ئاوارەیی و برسیەتییەوە ژمارەیەکی زۆریش گیانیان لەدەستداوە و یان نەخۆش کەوتوون و لە بارودۆخێکی یەکجار کارەساتباردان.

بەتایبەت لە پاییز و زستاندا کە سەرماش زیاد دەبێت، تەنیا هێنانەبەرچاوی ئەم بارودۆخە زاڵمانەیە ناخی هەموو ئینسانێکی شەریف دەهەژێنێ. لە نامەی کراوەی ٩٩ پزیشک و پەرستاری ئەمریکایی بۆ کۆشکی سپی لە ڕێکەوتی ٣ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٤دا هاتووە کە ژمارەی کوژراوەکان لە غەززە سێ هێندەی ئاماری فەرمییە. ئەوان کە ٢٥٠ هەفتە لە نەخۆشخانەکانی غەززە بوون و خۆیان شایەدی ئەم جەنایاتە ترسناکە بوون، لەم نامەیەدا ژمارەی کوژراوەکانی غەززەیان ١١٨ هەزار و ٩٠٨ کەس ڕاگەیاندووە. بێگومان حکوومەتە فاشیستەکانی ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی ئێران و تاقمە کۆنەپەرستەکانی حەماس و حیزبوڵڵا و زلهێزە گەورەکانی جیهان بەتایبەت ئەمریکا لەئاست ئەم تاوان و کۆمەڵکوژییە بەرینەی یەک ساڵی ڕابردوودا بەرپرسیارن و دەبێ وڵامدەرەوە بن.

لەم بارودۆخە کارەساتبارەدا کە خەریکە شەڕێکی گشتگیر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە هەموو جیهان سەرهەڵدەدات، ئێمە هێزە دادخواز و ئازادیخوازەکان دەبێ چی بکەین تا لەم هەمووە سەرکوت، کوشتار، ستەم، هەڵاواردن و نادادپەروەرییە ڕزگارمان بێت. ئێمە ئەزموونی تاڵی ساڵەکانی دەیەی شەستمان هەیە و بەدڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین کە لە بارودۆخی شەڕدا هاوشێوەی دۆخی ئێستا کە ئەگەری بۆمبارانی ئێران و لۆبنان و سووریە و غەززە لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکا و هاودەستانیان یان بۆمبارانی ئیسرائیل لەلایەن ئێران و گرووپەکانی حەماس و حیزبوڵڵا لەئارادایە، مەترسیی ئەوەش هەیە کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی سەرکوت پەرەپێبدات. لەم بارودۆخەدا گیانی خەڵکی ئێران و بەتایبەت زیندانییانی سیاسی لە مەترسیدارە. هەروەک چۆن گیانی خەڵکی بێدیفاعی فەلەستین و لۆبنان و سووریە و ئیسرائیل و هەموو جیهان کەوتووەتە مەترسیی جیددییەوە.

دەبێ چی بکەین؟

ئێمە دایکانی پارکی لالەی ئێران، وەک دەنگێکی بزووتنەوەی دادخوازیی خەڵکی ئێران، هەموو تاوانەکانی دەوڵەتانی فاشیستیی ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی و گرووپە کۆنەپەرستەکانی حەماس و حیزبوڵڵا بەتوندی مەحکووم دەکەین و بێزاری خۆمان دەردەبڕین لەئاست شەڕی نێوان دەسەڵاتەکان کە تەنیا لەپێناوی بەرژوەندی خۆیان و داگیرکاریی زیاترە. ئەم شەڕانە نەک هەر ئارامی و ئاسایش و ئازادی بەدوای خۆیاندا ناهێنن، بەڵکوو دەبنە هۆی کوژرانی بێئەژماری ئینسانەکان، بەتایبەت منداڵان کە لە سەرهەڵدانی ئەم شەڕانەدا هیچ ڕۆڵێکیان نییە و لە هەمووان بێدیفاعترن. ئەم شەڕانە نەتەنیا گیانی زۆرێک لە ئینسانەکان دەستێنن، بەڵکوو دەبنە هۆی لەناوچوونی ژینگە، سەرچاوە و ئیمکاناتی وڵاتەکان کە قەرەبوو ناکرێتەوە. وە بێگومان ئاکامە زیانبارەکانیشی بەر لە هەمووان لاوازترین و هەژارترین توێژەکانی کۆمەڵگا دەکاتە نیشانە. لەم ڕووەوە پێویستە هەرچی خێراتر بەر بە درێژەی ئەم ڕەوتە کارەساتبارە بگرین.

ئێمە لە هەموو بزووتنەوە سەربەخۆکان لە ئێران و جیهان داواکارین کە بە هاوپشتیی بەرینتر لەدژی شەڕ، کوشتار، هەڵاواردن و سزای ئێعدام ڕاپەڕین و ڕێگە نەدەین دەسەڵاتەکان مافی ژیانی ئینسانی و عادڵانەمان لێ زەوت بکەن. تەنانەت ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ناتوانێت دیموکراسی و دادپەروەری و ئازادیمان بۆ بەدیاری بهێنێت، چ بگا بە حکوومەتەکان. ئێمە ئەوە دەزانین کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش دوای ساڵەها هەوڵ و خەبات بۆ ڕێگری لە شەڕ و هەڵاواردن دامەزراوە، بەڵام هەتا کاتێک کە دەوڵەت و دەسەڵاتە گەورەکان لەم ڕێکخراوەدا مافی تایبەتیان هەبێت، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ناتوانێ ڕێکخراوی نەتەوەکان بێت و ڕێکخراوی دەوڵەتەکانە. ئەم ڕێکخراوە کاتێک دەتوانێ بەڕاستی ببێتە ڕێکخراوی نەتەوەکان کە بزووتنەوە سەربەخۆکانی خەڵک لە سەرتاسەری جیهان بەهێز بن و بەر بەو هەمووە شەڕ، ستەم، هەڵاواردن، بێ عەداڵەتی و کوشتارە لەلایەن دەسەڵاتەکانەوە بگرن و خوازیاری ئەوە بن کە لەم ڕێکخراوەدا پەیوەندی دادپەروەرانە بەرقەرار بکرێت.

تەنانەت لە حکوومەتێکی دیموکراتیکیشدا، ئەگەر بزووتنەوە سەربەخۆکانی خەڵک چالاک نەبن، ئەو مەترسییە لەئارادایە کە ئەم دیموکراسییە ببێتە دیکتاتۆری. هەڵبەت ئەم ڕەوتەمان لە زۆر شوێنی جیهانیشدا بینیوە. کەوابوو لەجیاتی ئەوەیکە وزەی خۆمان بۆ یارمەتی وەرگرتن لە دەوڵەتەکان تەرخان بکەین، پێویستە بە هەموو تواناوە بۆ بەهێزکردنی بزووتنەوەکانی سەربەخۆی خەڵک لە ئێران و جیهان تێبکۆشین و بە ناڕەزایەتیی سەرتاسەری و یەکپارچە، بەر بە درێژەی شەڕ و کوشتن و هەڵاواردن و ئێعدام بگرین. تا بتوانین کۆتایی بەم دۆخە کارەساتبارە لە ئێران و جیهان بێنین و دنیایەکی ئینسانی و دادپەروەرانە بنیات بنێین کە هەموومان تێیدا بە ئاشتی و ئارامی و ئازادی و یەکسانی و بەختەوەری بژین.

داواکاریی ئێمە لە ئێوە دادخوازان هەمیشە ئەوەیە کە بۆ وەدیهێنانی داخوازییەکانی خوارەوە هاوڕێمان بن:

١) ئازادیی بێ شەرت و مەرجی هەموو بەندکراوانی سیاسی و عەقیدەتی، ٢) هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدام و شەللاق و کۆتایی هێنان بە هەموو جۆرەکانی ئەشکەنجە و کوشتن لەوانە ئێعدام، تیرۆر، کوشتنی سەر شەقام، قەساس، سەنگسار، ٣) دادگایی کردن و سزادانی بڕیاردەران و ئەنجامدەرانی هەموو تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای ئەم دەسەڵاتەوە هەتا بە ئەمڕۆ لە دادگایەکی گشتی، دادپەروەرانە و خەڵکیدا (بێگومان لەم سزایەشدا نابێ ئێعدام هەبێت)، ٤) بەهرەمەندبوون لە ئازادیی بیروبۆچوون و ڕادەربڕین بە بێ شەرت و مەرج، ٥) ئازادی جلوبەرگ و کۆنترۆڵی بێ مەرج بەسەر جەستەدا، ٦) بەهرەمەندبوون لە مافی خۆپیشاندان و مانگرتن و کۆبوونەوە و ڕێکخستن و حیزبی سەربەخۆ، ٧) یەکسانبوونی مافی هاووڵاتییان و ڕێگریکردن لە هەموو شێوەکانی جیاکاری، ٨) جیایی دین لە دەوڵەت. ئێمە باوەڕی قووڵمان بەوە هەیە کە دەبێت پێکهاتەی تەواو گەندەڵ و تۆتالیتار و کۆنەپەرستی ئایینی و نادیموکراتی کۆماری ئیسلامی ئێران تێکبشکێنرێت و پلانێکی نوێ دابڕێژین و ئازادی و یەکسانی و دیموکراسی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی بەدی بهێنین بۆ ئەوەی ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی تاوان و جیاکاری و نادادپەروەری بکەین.

دایکانی پارکی لالەی ئێران

٢٠ی ڕەزبەری ١٤٠٣ی هەتاوی بەرابەر بە ١١ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٤ی زایینی