سەپاندنی حوکمی١٠ مانگ زیندان بەسەر مەنیژە خۆشنوود هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان
یەکشەممە ۲۲-۰۷-۱۴۰۳   |  13-10-2024
مەنیژە خۆشنوود، هاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی ئەمشارەوە، بە ١٠ مانگ بەندکران مەحکووم کراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دادگا ئەم هاووڵاتییەی بە “پڕوپاگەندە دژی نیزام” تۆمەتبار کردووە و ئەم حوکمە ڕۆژی شەممە ٢١ی ڕەزبەر بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە. جێگای ئاماژەیە، مەنیژە خۆشنوود ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی خەرمانانی ئەمساڵ، به دانانی بارمته و به شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرابوو. پێویستە بوترێ، مەنیژە خۆشنوود لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە. جێگای وەبیرهێنانەوەیە، ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٣، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترابوویەوە.