فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

شەڕخوازیی کۆماری ئیسلامی و پەرەسەندنی هەژاری و نەهامەتیی ئابووری
سێشەممە ۲۴-۰۷-۱۴۰۳   |  15-10-2024

لە دوای کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا و نیلفرووشان و هێرشە مووشەکییەکەی یەکی ئۆکتۆبری کۆماری ئیسلامی کە ١٨٠ مووشەکی بالستیکی بەرەو ئیسرائیل هاویشت، بارودۆخی شەڕ لە ناوچەکە توندتر بووەتەوە و ملیتاریزەکردنی زیاتری ناوچەکەی لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانە ئورووپاییەکانی لە ناتۆ لێکەوتووەتەوە و مەترسیی پەرەسەندنی شەڕ زیاتر بووە. پڕوپاگەندە و بانگەشەی هەڕەشەئامێزی ڕۆژانەی دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ ئەنجامدانی هێرشی تۆڵەسەندنەوە لە ئێران لەلایەک و بانگەشە و هەڕەشەی بێبنەمای کۆماری ئیسلامی بە پشت بەستن بە هێزەکانی ناسراو بە “میحوەری موقاومەت” لەلایەکی دیکەوە، نیگەرانی و شەڕی دەروونیی خەڵکی لە ناوخۆی ئێران پەرەپێداوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەپێی ڕاپۆری هەواڵنێریی “دۆیچە وێلە”ی ئاڵمان ڕۆژی دووشەممە ١٤ی ئۆکتۆبر وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی یەکیەتیی ئورووپا لە کۆبوونەوەی خۆیان لە لۆگزامبۆرگ، لە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەمریکا و بریتانیا سزای زیاتریان دژبە کۆماری ئیسلامی پەسند کردووە. وادیارە ئەم سزایانە بە هۆی ناردنی مووشەکی بالیستیک بۆ ڕووسیە بۆ بەکارهێنان لە شەڕی ئۆکراین و بەهۆی بەکارهێنانیان لە هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی و هێزە نیابەتییەکانی بۆ سەر ئیسرائیل لە ناوچەکەدا سەپێنراون. هێشتا وردەکاری و ئاستی ئەو سزایانە بڵاو نەکراونەتەوە. بەڵام دەوترێت سزاکان ئەو ناوەند و کەسایەیتییانە دەگرێتەوە کە لە بەرهەمهێنان و گەیاندنی مووشەکی بالستیکدا بەشداربوون. بەپێی ئەو سزایانە، چیتر ڕێگە بەم کەس و ناوەندانە نادرێت بچنە ناو وڵاتانی ئەندامی یەکیەتیی ئورووپا و بازرگانی لەوێ ئەنجام بدەن. جگە لەوەش سەروەت و سامانیان لە وڵاتانی ئورووپا بلۆک دەکرێت.

لەو بارەیەوە وەزیری کاروباری یەکیەتیی ئورووپای ئاڵمان بە دۆیچە وێلەی ڕاگەیاند : ئاڵمان داوای کردووە ناوی سپای پاسداران بخرێتە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکانی یەکیەتیی ئورووپاوە. ئەو گوتی سزاکانی یەکیەتیی ئورووپا لەسەر ئێران تەنها بەخاتری ناردنی مووشەک بۆ ڕووسیە نییە، بەڵکوو ناردنی بۆ میلیشیا توندڕەوەکانی وەک حەماس و حیزبوڵڵا و حوسییەکانیشە و نابێت ئەمە بەبێ وەڵام بهێڵینەوە.” هەروەها گوتی: ”دەوڵەتی ئاڵمان لەمێژە لە هەوڵی ئەوەدایە سپای پاسداران بخاتە ناو ڕیزی گرووپە تیرۆریستەکانەوە. ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە ئێمەش لە یەکیەتیی ئورووپا ڕێگا بۆ ئەم بابەتە خۆش بکەین”. ئەوەش لە کاتێکدایە کە ڕۆژی یەکشەممە وەزیری دەرەوەی سوێد بەر لە سەفەر بۆ لۆگزامبۆرک بۆ بەشداری لەم کۆبوونەوەیە داوای لە یەکیەتی ئورووپا کرد کە بەهۆی کردەوەی تیرۆریستیی کۆماری ئیسلامی لە ئورووپا، سپای پاسداران بخەنە ناو لیستی ڕەشی تیرۆریستەوە.

لە کاردانەوە بە بڕیاری یەکیەتیی ئورووپا، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی کە لەم دواییەدا بە ئامانجی کەمکردنەوەی ئاستی هێرشی تۆڵەسەندنەوەی ئیسرائیل، هاتوچۆی وڵاتانی ناوچەکە دەکات، وێڕای ڕەتکردنەوەی تۆمەتەکەی یەکیەتیی ئورووپا وتی: ”ئەوە ڕاستە کە کۆماری ئیسلامی بە تەئکیدی مەقامی ڕەهبەری هاوکارییەکی ستراتێژیکی لەگەڵ ڕووسیە هەیە بەڵام ئێمە مووشەکمان بۆ ڕووسیە نەناردووە. هەڵبەت سزای بەرنامەڕێژیکراوی یەکیەتیی ئورووپا دژبە کۆماری ئیسلامی پووچە و کاریگەرییەکی نییە و تەنها بیانوویەکە بۆ سەپاندنی فشاری زیاتر بۆسەر کۆماری ئیسلامی”. بەڵام ئەگەر داسەپاندنی سزای چەند ساڵەی ئەمریکا و دەسەڵاتە ئورووپاییەکان بۆ عێراقچی و ڕێبەرانی دیکەی ڕژیم و فەرماندە باڵاکانی سپای پاسداران پووچە و هیچ کاریگەرییەکی نەبووە و تەنانەت بۆ ئەوان پڕبەرەکەت بووە، ئەم سزایانە کاریگەری بەرچاوی لەسەر ژیانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی ئێران داناوە و ژیانیانی بەرەوڕووی گەلێک دژواری کردووەتەوە. عێراقچی لە کاتێکدا ئەم سزایانە بە پووچ و بێ تەئسیر دەزانێت کە قەیرانی ئابووریی کۆماری ئیسلامی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر پەرەی سەندووە و شڵەژانی دۆخی بازاڕی لێکەوتووەتەوە.

چوونەسەری ڕۆژانەی نرخی کاڵا ئەساسییەکانی بنەماڵەی کرێکار و زەحمەتکێش لەگەڵ هاتنەخواری بەهای ڕیاڵ لە بازاڕی ئێران و ناسەقامگیری ئابووری، بارودۆخی ژیانی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی قەیراناویتر کردووە. لە درێژەی ئەم ڕەوتەدا ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی مانگی ڕەزبەر نرخی دۆلار لە بازاڕی ئازادی ئێراندا ڕێژەی بێوێنەی ٦٣ هەزار و ٥٠٠ تمەنی تێپەڕاند. ئەم بەرزبوونەوەیەی نرخی دۆلار ئەگەر بۆ عێراقچی و کاربەدەستانی دیکەی ڕژیم بێ تەئسیرە و تەنیا ژمارەیەکە و هیچی تر، بۆ کرێکاران و خەڵکی بێبەشی کۆمەڵگا بەمانای هەژاری و برسیەتی و بەتاڵبوونی زیاتری سفرەکانیانە. لەگەڵ هەر بەرزبوونەوەیەکی بەهای دۆلار، نرخی کاڵا ئەساسییەکانی ڕۆژانەیان لە بازار گرانتر دەبێت.

لەلایەکی دیکەوە درێژەی سیاسەتی کۆنەپەرستانە و پڕهەزینە و شکستخواردووی کۆماری ئیسلامی لە پەنا قەیرانی پێکهاتەیی ئابووری، پێکهێنانی گرژی و داگیرساندنی زیاتری شەڕی تاوانکارانەی ئیسرائیل دژبە خەڵکی بێدیفاعی عەززە و حیزبوڵڵای لۆبنان و هەوڵ بۆ درێژەدانی لەلایەن حکوومەتی ئیسلامییەوە، قەیرانی ئابووریی ئێرانی زیاتر پەرەپێداوە. بەپێی ڕاپۆرتی نوێی ناوەندی ئاماری خودی ڕژیم کە ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی مانگی ڕەزبەر بڵاوکراوەتەوە، چوونەسەری ئاستی بێکاری و هەژاری و برسیەتی لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی پێوەری فەلاکەت لە ئێراندا. ئەم ناوەندە دانی بەوە داناوە کە پێوەری فەلاکەت و نەهامەتی لە پارێزگاکانی ئیسفەهان و کرماشان، کە لە پارێزگا سەنعیەتییەکانی ئێرانن، باڵاترین ئاستیان هەیە. ناوەندی ئاماری حکوومەتی ئیسلامی لەم ڕاپۆرتەدا بۆ سەرپۆش دانان لەسەر بارودۆخی فەلاکەتباری ئابووری، ژمارەی کەسانی شاغڵی بە حیسابکردنی کەسانێک کە ڕۆژانە زیاتر لە دوو سەعات کار دەکەن، نزیکەی ٢٥ ملیۆن کەس ڕاگەیاندووە تا ئاماری درۆینە و ناڕاستی بێکاریی ٧.٢%ی لێ دەرکێشێ. ئەوە لە کاتێکدایە کە بەپێی ئامارەکانی ناوەندە باوەڕپێکراوەکانی ئامار، رێژەی بێکاری لە ئێران لە سەرووی ٢٥%ە و لە هەندێک پارێزگا تەنانەت ٣٠%یشی تێپەڕاندووە.

لەژێر دەسەڵاتی ئیسلامیی سەرمایەداراندا کە گەندەڵی و دزی و شەڕخوازی ڕیشەی داکوتاوە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ فشاری زیاتر دەخرێتە سەر ژیان و کاری کرێکاران و زەحمەتکێشانی کۆمەڵگا. کۆتایی هێنان بە تەمەنی ئەم حکوومەتە دژەئینسانە لە گرەوی پەرەپێدان و پێشڕەویی خەباتی ڕێکخراو و بەهێزی کرێکاران و هاوڕێیەتیی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکاندایە.