فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بزووتنەوەی ژنان لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی دیکەدا
پێنجشەممە ۲۶-۰۷-۱۴۰۳   |  17-10-2024

مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ڕژیم، لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەشێوەی نافەرمی باسی لەوە کردووە کە یاسای کۆنەپەرستانە و شکستخواردووی “حیجاب و عیفاف” لەلایەن شۆرای نیگەهبانەوە پەسندکراوە. ئەم گەڵاڵەیە لە ڕێکەوتی ٩ی گوڵانی ١٤٠٢ی هەتاوی و لە جەریانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا، لەلایەن دەزگای قەزایییەوە بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەم بزووتنەوەیە ئامادەکرا و خرایە ئیختیار دەوڵەتی ڕەئیسییەوە. دەوڵەتیش دەستبەجێ بۆ پەسندکردن ڕەوانەی مەجلیسی کرد. مەجلیسیش لە ڕێکەوتی ١٨ی جۆزەردانی هەمان ساڵدا دەستبەجێ پەسندی کرد و بۆ شۆرای نیگەهبانی نارد. شۆرای نیگەهبان دوای چەند جار ناردنەوەی بۆ مەجلیس بەمەبەستی گونجاندنی چەند گۆڕانکارییەک، سەرەتاکانی مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ دوای دووهەمین ساڵیادی قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی، ئەم گەڵاڵە دژەژنەی پەسند کرد و بۆ مەجلیسی نارد تا لەوێشەوە بەمەبەستی جێبەجێکردنی ڕادەستی دەوڵەت بکرێت. هەڵبەت دەوڵەتی ڕەئیسی لە مانگی خاکەلێوەی ساڵی ڕابردووشدا گەڵاڵەیەکی بێشەرمانەی دیکەی لەژێرناوی “تەرحی نوور” بۆ داسەپاندنی حیجابی ئیجباری بەسەر ژنان بەڕێوەبرد. بەڵام ئەم گەڵاڵەیەش سەرەڕای هەڵسووکەوتی سەرکوتگەرانە و وەحشیانەی هێزە ئەمنیەتی و نیزامییەکان، بەهۆی خۆڕاگری و خەباتی ژنان و پشتیوانیی کۆمەڵگا لێیان، بەرەوڕووی شکست بووەوە.

کاریگەریی بزووتنەوەی ژینا لەسەر کۆمەڵگا هێندە بەهێز بووە کە لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا هیچ کام لە ناوەندەکانی حکوومەتی ئیسلامی نەیانوێراوە و ناوێرن جێبەجێکردنی ئەم یاسا دژەژنانەی حکوومەتی ئیسلامی وەئەستۆ بگرن. هەر بەم هۆیەوە ئەگەرچی ماوەیەک بەسەر پەسندکرانی یاسای “حیجاب و عیفاف” لەلایەن شۆرای نیگەهبان و ڕەوانەکردنی بۆ مەجلیس تێدەپەڕێ، بەڵام هێستا هەواڵەکە بەشێوەی ڕەسمی لەلایەن مەجلیسەوە بڵاونەکراوەتەوە. ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی مانگی ڕەزبەر فاتمە مۆهاجرانی وتەبێژی دەوڵەتی پزیشکیان، لە کۆبوونەوەی ڕۆژنامەوانیی دەوڵەتدا لە پەیوەند لەگەڵ ئەم گەڵاڵەیە وتی: «بابەتی فەرهەنگی بە زۆر ناکرێ لە کۆمەڵگادا جێی بخەی، بەڵکوو دەبێ بە قەناعەت و باوەڕ جێ بخرێت. ئەم دەوڵەتە دەوڵەتی وەفاقە و هەوڵ دەدات بە هاودڵی کارەکانی بەڕێوەبەرێت». وتەبێژی دەوڵەت لە پەیوەند لەگەڵ یاسای پەسندکراوی حیجاب و عیفاف، بە سەرەنجدان بە پێگەی لاوازی ئێستای حکوومەتی ئیسلامی هۆشداری بە دەزگاکانی حکوومەتیش دا کە: «بەڕێوەبردنی هەر یاسایەک دەبێ توانا و پشتیوانەی جێبەجێ کردنی هەبێت و کاری فەرهەنگی بە شێوەی “سەلبی” ناکرێت».

هەر لەم پەیوەندییەدا فەرماندەی سپای پاسدارانی سمنانیش ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی مانگی ڕەزبەر باسی لە بەڕێوەبردنی گەڵاڵەی ناسراو بە “تەراوەت”ی کرد. ئەو لە دەفتەری ئیمامی جومعەی سمنان بەبێ ئاماژەدان بە وردەکارییەکانی وتی: «ئەم گەڵاڵەیە بە میحوەرییەتی خەڵک و زەرفیەتی دەزگاکانی جێبەجێکردن و خزمەتگوزاری و لەڕاستای گەشەی فەرهەنگی عیفاف و حیجابدا بەم زووانە جێبەجێ دەکرێت”. پێدەچێت حکومەتی ئیسلامی بیهەوێ بە پشتبەستن بە سەرکوت و فشار، جارێکی دیکە دەسەڵاتی خۆی لە دژی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی سەرتاسەری تاقیبکاتەوە. بێگومان هەوڵی حکوومەتی داماوی کۆماری ئیسلامی بۆ گەڕانەوەی کۆمەڵگا و وەرگرتنەوەی دەستکەوتەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا بەرەوڕووی شکستێکی سەرشۆڕانەتر لە ڕابردوو دەبێتەوە. تەنانەت ئەگەری ئەوەش لەئارادایە کە ئەم هەوڵە گەمژانەیە، ڕژێم لەگەڵ قۆناغێکی تری تێکهەڵچوونی سەر شەقام لەگەڵ بزووتنەوە کۆمەلایەتییەکان بەرەوڕوو کاتەوە.

یاسای دژەژن و کۆنەپەرستانەی “حیجاب و عیفاف”ی ئیسلامی، کە ماوەی دوو ساڵە حکوومەتی ئیسلامی هەوڵی پەسەندکردن و جێبەجێکردنی دەدات، ٧١ ماددە لەخۆ دەگرێت. زۆربەی ئەم ماددە و بڕگانە بریتین لە ڕێگاکانی پەرەپێدان و سەپاندنی کلتووری کۆنەپەرستانە و دژەژنی ئیسلامی. واتە سووکایەتی پێکردن و بەندکردنی ژنان لەناو ماڵ و منداڵ بەدنیاهێنان و خزمەتکردنی بنەماڵە بەئامانجی ڕزگاربوونی حکوومەت لە فشاری خەبات و داخوازیی ژنان. دەسەڵاتی ئیسلامی دەیەوێت لەڕێگەی دەزگای سەرکوتی نیزامی، ئەمنیەتی، قەزایی و دامودەزگاکانی کۆنەپەرستیی ئایینی و بە وەرگرتنی جەریمەی قورس لە خەڵک ئەم یاسایە جێبەجێ بکات. لە بەشەکانی دیکەی ئەم گەڵاڵەیەدا بەمەبەستی ناچارکردنی هەموو خەڵک بۆ بەڕێوەبردن و بەشداریکردن لە یاسای سەرکوتی ژناندا، سزای قورسی دارایی و داخستنی ناوەندەکانی کار بۆ ئەو شیرکەت و دامەزراوە و دووکانانە لەبەرچاو گیراوە کە سەرپێچی لەم گەڵاڵەیە دەکەن. ئەم پلانە سەرکوتگەرانەیە، دەسەڵاتێکی زۆر بە مەئموورانی ئەمنیەتی و هێزەکانی سپا و پۆلیس و دەزگای قەزایی دەدات بۆ دەستنیشانکردن و دادگاییکردن و سزادانی ئەو کەسانەی کە دژبە حیجابی ئیسلامی تەبلیغ و چالاکی دەکەن. بێگومان ئەمە گەڵاڵەیەکی ئەمنیەتی لەدژی هەموو کۆمەڵگایە.

بەڵام سەرانی ڕژیم لەوە غافڵن کە ژنانی ئازادیخواز دەمێکە لە یاسای پرتووکاوی ئیسلامی و لە ناوەرۆکی کۆنەپەرستانە و دژەژنیان تێپەڕیون. لەم دۆخەی ئێستادا، داخوازیی ژنان تەنها بەهرەمەندبوون لە مافی سروشتی و سەرەتایی ئازادی جلوبەرگ نییە، بەڵکوو یەکسانی تەواوە لەگەڵ پیاوان لە هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا. ئەمڕۆ ژنانی تێکۆشەر لە هەموو بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی و شۆڕشگێڕانەدا، لە مانگرتن و ناڕەزایەتیەکانی کرێکاران، مامۆستایان، پەرستاران، خوێندکاران و خانەنشیناندا پێشەنگن. تەنانەت زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیشیان کردووەتە مەیدانی خەبات دژبە سیاسەتی جیاکاریی ڕەگەزیی حکوومەتی ئیسلامی و سەرانی ڕژیمیان هیلاک و سەرلێشێواو کردووە. لە دۆخێکی وەهادا دەسەڵاتدارانی ڕژیمی ئیسلامی ناتوانن یاسای کۆنەپەرستانە بەسەر ژناندا بسەپێنن و بە فریو و سەرکوت ناچاریان بکەن ملکەچ و تەسلیم بن.

حکوومەتی داماوی کۆماری ئیسلامی لە کاتکێدا دەیهەوێ بە زەبری زۆر و سەرکوت یاسای سەرکوتگەرانەی حیجاب و عیفاف جێبەجێ بکات کە لە دابینکردنی داخوازی و پێداویستییە سەرەتاییەکانی خەڵکدا بێتوانایە؛ ڕۆژانە لەگەڵ مانگرتنی کرێکاران و ناڕەزایەتیی بەرینی توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا بەرەوڕوویە؛ ستراتێژ و سیاسەتە ناوچەییەکانی بەرەوڕووی شکست بووەتەوە؛ لەگەڵ شەپۆلێکی دیکە لە گەمارۆکانی ئەمریکا و دەوڵەتانی ڕۆژئاوا ئابوورییەکەی قەیراناویتر لە ڕابردوو دەبێت. دەسەڵاتی ئیسلامیی سەرمایەداران لە وەها بارودۆخێکدا نیگەران لە گەشە و پێشڕەویی خەبات و ناڕەزایەتیی ناوخۆ، بۆ جارێکی تر ڕووی کردووەتە پەرەپێدانی کەشوهەوای ترس و تۆقاندن. بەڵام بێگومان ژنانی تێکۆشەر هاوڕێ لەگەڵ کرێکاران و جەماوەری ستەمدیدە بە درێژەدان و گەشەپێدانی خەباتی خۆیان، بەر بە حکوومەتی ئیسلامی دەگرن و خەباتی لێبڕاوانەیان لەدژی گەڵاڵەی بێشەرمانەی حیجاب و عیفاف دەکەنە ئامرازێک بۆ پەرەپێدانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە لەپێناوی ڕووخاندنی ئەم حکوومەتە دژەئینسانەدا.