سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٠ ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانی “عوسمان حەبیبوڵڵاهی” هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “میراوێ” سەر بە شاری شنۆ، سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، عوسمان حەبیبوڵلاهی لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، پێوەندیی تلفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەی بێبەری بووە. شایانی باسە، بەدەواداچوونی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە بە مەبەستی ئاگاداربوونەوە لە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو بێ ئاکام بووە. جێگای ئاماژەیە، ڕۆژی سێشەممە ١٧ی ڕەزبەری ١٤٠٣، ئەم هاووڵاتییە بە بێ هیچ هۆکارێک لە ماڵەکەی خۆیدا، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە. تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی عوسمان حەبیبوڵڵاهی زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.