
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ناوەندە ئەمنییەکان لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بنەماڵەی “ئارمیتا گەراوەند”یان لەژێر گوشار داناوە و بڵاوکردنەوەی هەرچەشنە نووسراوەیەکیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە پەیوەندیدارەکان بە ئارمیتاوە لێ قەدەغە کردوون. تەنانەت ئیزنی بڵاوکردنەوەی ستۆری لە گوڵێک کە بۆ سەر گڵکۆی ناوبراو ئامادە کرابوو بە بنەماڵەکەی نەداوە و ناوەندە ئەمنییەکان ڕێگرییان لەوەش کردووە.
بەوتەی یەکێک لە کەسانی نزیک لە بنەماڵەی ئارمیتا، لە چەند ڕۆژ لەمەوبەرەوە ماڵی بنەماڵەیی ئارمیتا لە تاران لەژێر چاودێریی چڕی هێزە ئەمنییەکاندا بووە و هەر چەشنە هاتووچۆیەک بۆ ماڵیان کونتڕۆڵ کراوە. ئەو ناوەندانە بە بنەماڵەی ئارمیتایان ڕاگەیاندووە کە ڕێوڕەسمی ساڵیادی ئارمیتا نابێت لە ماڵ یان لەسەر گڵکۆکەی بەڕێوە بچێت. ئەو سەرچاوە هەروەها ڕایگەیاندووە کە: لە بەیانیی ڕۆژی شەممە ٥ی خەزەڵوەرەوە، هێزە ئەمنییەکان لە دەوروبەری گڵکۆی ئارمیتا جێگیر بوون تا لە هەر کۆبوونەوەیەک لە ساڵیادی کوژرانی ناوبراو ڕێگری بکەن. جێگای ئاماژەیە، ئارمیتا گەراوەند لە ڕێکەوتی ٩ی ڕەزبەری پارەکە لە ئەنجامی لێدانی لە لایەن هێزە حکومەتییەکان بەهۆی ڕەچاونەکردنی یاسای حیجابی زۆرەملێ لە مێترۆی تاران لە هۆش چووبوو. ناوبراو لە نەخۆشخانەی فەجر، سەر بە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئەرتەش خەوێندرابوو و لە ئاکامدا دوای ٢٨ ڕۆژ، لە ڕێکەوتی ٦ی خەزەڵوەری هەمان ساڵ گیانی لەدەستدا.