فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕژیمی دز و گەندەڵی کۆماری ئیسلامی قامکی دەستی دوو برای پەڕاند، خەڵکی ئازادیخوازی ئێران لەدژی ئەم تاوانە قیزەونە ناڕەزایەتی دەربڕن
هەینی ۱۱-۰۸-۱۴۰۳   |  01-11-2024

ڕۆژی سێشەممە ٨ی مانگی خەزەڵوەر جەلادانی حکوومەتی ئیسلامی لە کردەوەیەکی جەنایەتکارانە و قیزەوندا لە زیندانی ناوەندیی ورمێ، چوار قامکی دەستی ڕاستی دوو برایان بە دەزگای گیوتینی دەورانی بەردەداری پەڕاند و ڕەوانەی زیندانیان کردنەوە. بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان ئەم دەزگای “زێبح”ە ئیسلامییان هەروا لە زیندانی ناوەندیی ورمێدا ڕاگرتووە تا قامکی دەستی پێنج زیندانیی دیکەشی پێ بپەڕێنن. ئەوانیش بەپێی یاسای ئیسلامی بە سزای پەڕاندنی دەست مەحکووم کراون. بە پێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، پلان بۆ ئەم کارە قێزەون و دژە ئینسانییە لە لایەن حوسێن مەجیدی دادستانی تاوانکاری ورمێ و پەیمان خانزادە بەرپرسی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە داڕێژراوە. ئەم دوو برایە لە دایکبووی سەرپێڵی زەهاو و دانیشتووی کەرەج بوون کە بە ئیدیعای ئیدارەی “ئاگاهی”ی ورمێ، لە ساڵی ١٣٩٧دا لەگەڵ برایەکی دیکەیان بە تۆمەتی دزی دەستبەسەر کرابوون. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەم دوو برا زیندانییە مانگی گەلاوێژی ساڵی ٩٨ لە دادگای تایبەت بە منداڵان و تازەلاوان لە ورمێ بە تۆمەتی دزی، بە سزای کۆنەپەرستانەی پەڕاندنی ئەنگوستی دەست مەحکووم کرابوون. ئەم دوو برایە ڕۆژی ٢ی مانگی خەزەڵوەر بە بێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکەیان بۆ جێبەجێکردنی حوکم لە زیندانی ئیسلام ئابادی غەربەوە بۆ زیندانی ورمێ ڕاگوێزرابوون.

سزای تاوانکارانەی پەڕاندنی ئەندامی جەستە کە تەنیا لە کۆماری ئیسلامی و ڕژیمی تاڵەباندا ئەنجام دەدرێت، بە یەکێک لە نموونە ڕوونەکانی ئەشکەنجەدان و تاوانە نێونەتەوەییەکان دادەنرێت. ئیبڕاهیم ڕەئیسیی قاتڵ چەندین ساڵ لەمەوبەر ئەم کردەوە قیزەون و دژەئینسانییەی بە یەکێک لە شانازییەکانی نیزامی کۆماری ئیسلامی دەزانی. ئەم سزا ئیسلامییە نەتەنیا لەسەر ژیانی کەسەکە بەڵکوو لەسەر ژیانی گشت ئەندامانی بنەماڵەکەشی کاریگەری دادەنێت. کەسێک کە دەستی دەپەڕێنن، بە درێژایی تەمەنی ناتوانێت کارێک بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت خۆی و خێزانەکەی بژیێنێت. ئەم سزایە دژە ئینسانییە، کە زیان بە کەرامەتی مرۆڤ لە کۆمەڵگادا دەگەیەنێت، دەبێت بە توندی ئیدانە بکرێت. لە ڕوانگەی حاکمانی کۆماری ئیسلامییەوە، گۆیا پەڕاندنی دەست سزایەکە کە خەڵک دەترسێنێت و کەس ئیتر دەست بۆ دزی نابات. ئەم دەسەڵاتە زیاتر لە ٤٥ ساڵە بەو یاسا دژەئینسانییە و بەو تەسەورە نەزانانەیە دەست و پای سەدان ئینسانی دەرماندەی پەڕاندووە، بەڵام ڕێژەی تاوان و دزی نەتەنیا کەم نەبووەتەوە بەڵکوو زیاتریش بووە. چونکە هۆکاری سەرەکیی دزی و تاوان موناسباتی نیزامی سەرمایەدارییە و بۆ نەمانی دەبێ ئەم موناسباتە ڕیشەکێش بکرێت.

کۆماری ئیسلامی هەتا ئێستا وە بەتایبەت لە بارودۆخێکدا کە لە بەروپێش بردنی سیاسەتە سەرەکییەکانیدا بەرەوڕووی شکست بووەتەوە، بە ئامانجی پێکهێنانی ترس و تۆقاندن لەئاستی کۆمەڵگا و بە مەبەستی ڕێگری کردن لە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی و ئاخێزی جەماوەری، دەستی کردووە بە هێرشی بەرینتر بۆسەر گیانی زیندانییانی بێدیفاع. لەم قۆناغەی دواییدا کە سیاسەتی ناوچەیی و ستراتێژی “شەڕی پێشگرانە”ی لەڕێگەی تاقمە تیرۆریستەکانی ناسراو بە “میحوەری موقاومەت” لەگەڵ شکست بەرەوڕوو بووەتەوە، دەیهەوێ بە پەرەپێدانی ئێعدام و پەڕاندنی ئەندامانی جەستەی بەندکراوان کەشوهەوای ترس و تۆقاندن لە کۆمەڵگادا پێکبێنێت.

بەڵام کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدا بە تاوانی دزی، خەریکی پەڕاندنی دەست و پێی ئەو کەسانەیە کە بەهۆکاری بێکاری، گرانی، هەژاری و برسیەتی بەناچار ڕوویان کردووەتە وەها کارێکی نەشیاو، کە ئەوەڵەن هەژاری و برسیەتی بەشێکی ئاکامی دەسەڵاتی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی و بەشێکی تری ئاکامی گەندەڵی و دزیی هەزاران ملیارد تمەنیی ڕێبەران و فەرماندە باڵاکانی سپای پاسداران، بەرپرسان و ئاغازادە مفتەخۆرەکانە. دووەمەن سەرۆک و بەرپەرسانی دەزگای قەزایی ڕژیم بەهۆکاری ئەوەیکە خۆشیان دز و شەریکی قافڵەن، ناوێرن بەرەنگاریان بنەوە. لەئاست پەروەندەی گەندەڵی، دزی و بەرتیلخۆریی ئەواندا بێدەنگی دەگرنە بەر و زمانیان ناگەڕێ. بەڵام دەست و پێی ئەو کەسانە دەپەڕێنن کە بەهۆی هەژاری و نەبوونییەوە دەست بۆ دزی کردن دەبەن.

لە تازەترین نموونەی گەندەڵی و دزیی مەسئوولانی حکوومەتدا، ڕۆژی سێشەممە ٨ی مانگی خەزەڵوەر مالک شەریعەتی ئەندامی کۆمیسیۆنی ئێنێرژیی مەجلیس لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا، بە بێ ناوهێنانی کەسەکان وشوێنی تاوانەکەیان، لە ڕەقابەتێکی جەناحیدا ئاشکرای کرد کە: “چەندین ساڵە لە یەکێک لە پاڵاوگەکان، لەژێر خەتی لوولەی نەوتیدا بەشێوەی ڕاستەوخۆ لوولەیەکی لێ جیاکراوەتەوە و نەوت دەدزرێت و دەفرۆشرێ”. ئەو وتی بەرپرسانی پەیوەندیدار بە چاوەدێریی وردی پڕۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت دەیانتوانی لەم دزییە ڕێگری بکەن، بەڵام نەیانکرد. لەم پەیوەندییەدا مانگی ڕەشەممەی ١٤٠٢ سەدا و سیمای کۆماری ئیسلامی، وێنەگەلێکی لە چەند تیمی پیشەیی بڵاوکردەوە کە لەماوەی دوو ساڵدا بە لێدانی توونێل نفووزیان کردبووە ناو پاڵاوگەی نەوتی تارانەوە و لەسەر لوولەی سەرەکیی ئەم پاڵاوگەیەوە نەوتیان دزیبوو و فرۆشتبوویان. دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی لەم نموونەیە و سەدان نموونەی دیکە چاوپۆشی دەکات، بەڵام ئەنگوستی دەستی ئەو کەسانە دەپەڕێنێ کە بەخاتری هەژاری و نەبوونییەوە دەست دەدەنە دزییەکی بچووک.

لە پەیوەند لەگەڵ دزی و گەندەڵیی ئاغازادەکانی ڕێبەرانی ڕژیمدا، هەفتەی رابردوو سەنتەری دارایی نێودەوڵەتی دوبەی دوو کۆمپانیای گەورەی نەوتی سەر بە تۆڕی حوسێن شەمخانی یان (هێکتۆر) ڕاگرت کە بە “سوڵتانی فرۆشتنی نەوتی ئێران” ناسراوە. سەرچاوە بیانییەکان لە مانگی ئاگۆستی ڕابردوودا ئاشکرایان کرد کە ڕاوێژکاری سیاسی خامنەیی حوسێن کوڕی شەمخانی توانیویەتی لە ڕێگەی دوو کۆمپانیای میلاووس و ئۆشن لیۆنید کە لە لەندەن و دوبەی و ژنێف و سەنگاپور کار دەکەن لە فرۆشتنی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران و ڕوسیا کە لەژێر سزادان، ملیاردها دۆلار بەدەست بهێنێت.

لەڕاستیدا گەندەڵی و دزیی هەموو بەشەکانی حکوومەتی ئیسلامی لە بەیتی ڕەهبەرییەوە هەتا فەرماندە باڵاکانی سپای پاسداران و دەزگای ڕووحانییەتی داگرتووە. گەندەڵی، ڕانتخۆری، ئیختلاس، دزیی ڕێبەران و کارگێڕانی حکوومەت لە هەموو بەشەکانی پیشەسازی و بەرهەمهێنان و بازرگانی، لە گومرک، نەوت، پێترۆشیمی، پۆڵا و ئوتومبێل و هیتردا ڕیشەی داکوتاوە. سەروەت و سامان و ئابووری کۆمەڵگا لە دەستی ناوەندە ئابوورییەکانی حکوومەت لەوانە قەرارگای خاتەمولئەنبیا و قەرارگاکانی دیکەی سپا، بۆنیادی مۆستەزعەفان، ستادی ئیجرایی فەرمانی ئیمام، بۆنیادی تەعاونی سپا و دەیان دامەزراوە و ناوەندی دیکەی ڕژیمدایە. کەواتە درێژەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، درێژەی هەژاری و برسیەتییە. درێژەی ژیانی فەلاکەتباری کرێکاران، موعەلیمان، خانەنشینان، پەرستاران و کارمەندان و زۆرینەی ڕەهای کۆمەڵگایە. درێژەی دزی، ئاڵوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر و لەشفرۆشی و ئازارە کۆمەڵایەتییەکانە. درێژەی سەرکوت و کوشتار و ئەشکەنجە و تاوان و پەڕاندنی دەست و پایە. درێژەی شەڕ و وێرانییە. ئەم ڕژیمە گەندەڵە قابیلی ئیسلاح نییە و پێویستە بە پەرەپێدانی مانگرتنی کرێکاری و ناڕەزایەتیی جەماوەری لە ئاخێزێکی شۆڕشگێڕانەدا بڕووخێت و بۆ هەمیشە بخرێتە زبڵدانی مێژووەوە.