بە پێی ڕاپۆرتەکان، ژینا موڕەس گورجی، چالاکی مافەکانی ژنان و خەڵکی شاری سنە، بە مەبەستی جێبەجێ کرانی حوکمی ١٦ مانگ بەندکرانەکەی، بۆ لقی چواری جێبەجێکاری ئەحکامی کەیفەری سنە بانگ کراوە.
شایانی باسە، ژینا مودەڕس گورجی لە لاپەڕەی ئینستاگرامەکەی ڕایگەیاندووە، بە پێی ئاگادارکردنەوەیەک کە لە ڕێکەوتی یەکی خەزەڵوەری ئەمساڵ بە دەستی گەیشتووە، پێویستە تاوەکوو ڕۆژی شەممە ١٢ی خەزەڵوەر، خۆی بە زیندانی ژنانی سنە بناسێنێت. جێگای ئاماژەیە، ناوبراو تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ حکومەتەکانی دژبەر”ی لە سەر لابراوە و بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە لە دژی حکومەت” بە ساڵێک بەندکران و بە تۆمەتی “پێکهێنانی دەستە و گروپی نایاسایی بە مەبەستی ڕوخاندنی حکومەت” بە ١٦ مانگ بەندکرانی تەعزیری حوکم دراوە و حوکمەکەی ڕۆژی چوارشەممە ١١ی ڕەزبەری ١٤٠٣، بە پارێزەرەکەی ڕاگەیەنراوە. ژینا مودەڕس گورجی پێشتر لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە بە تۆمەتی “پێکهێنانی دەستە و گروپی نایاسی بە ئامانجی ڕوخاندنی حکومەت” بە ١٠ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو، “هاوکاری لەگەڵ گروپەکان و دەوڵەتەکانی دوژمن” بە ١٠ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو و بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە لە دژی حکومەت” بە ساڵێک بەندکرانی هەڵپەسێردراو مەحکووم کرابوو.